پەرلەمانتارێکى پێشوو مەترسییەکى گەورە لەسەر عێراق و هەرێم ئاشکرا دەکات
01:21 - 27/12/2021
زەمەن_عێراق
پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراق ئاشکراى دەکات، هێنانەوەی خێزانەکانی داعش مەترسییەکی
گەورەیە بۆسەر هەرێم و عێراق.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، کاروانی چوارەمی کەسوکارانی داعش لە کەمپی هۆڵ
باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بگوازرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا باکووری
عێراق.
گەڕاندنەوەی کەسوکاری تیرۆریستانی داعش مشتومرێکی لەمەر داهاتووی ئەو کەسانە
و چارەنووسیان لە ناو کۆمەڵگادا دروست کردووە و لەمبارەیەوە کاندیدی سەرکەوتوو بۆ
خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شێروان دووبەردانی رایگەیاند کە گەڕانەوەی
کەسوکاری داعش مەترسییە بۆسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی کە لە خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکی لیژنەی
هەرێمەکان و پارێزگا نا رێکخراوەکان لە هەرێمدا بوو، لەبارەی گەڕانەوەی کاروانی
چوارەمی کەسوکاری داعش لە کەمپی هۆڵ لە سووریا بۆ کەمپی جەدعە لە نەینەوا، رایگەیاند،
"بڕیارە ٥٠٠ خێزان لە رێگای چەند کاروانێکەوە بگەڕێندرێنەوە عێراق، حکوومەتی
عێراق دەستی بە گەڕاندنەوەیان کردووە، دوایین کاروان دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە
١٢٦ خێزان و زیاتر لە ٥٦٠ کەس بوو".
شێروان دووبەردانی کە بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی
عێراق جارێکى دیکە سەرکەوتوەتەوە، وتیشی: "کاروانی چوارەم لە رۆژی پێنجشەممەدا دەگەڕێتەوە، هێشتا بە
دروستی دیار نییە کە ١٠٠ خێزانن یان زیاترن، لەئێستادا لە کەمپی هۆڵ دەست بە
ناونووسینی ئەوانە کراوە بۆ گواستنەوەیان بۆ کەمپی جەدعە کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ سەنتەری
شیاندن".
لەبارەی ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هۆڵ-دان و میکانیزمی گەڕانەوەیان
بۆ عێراق، وتی: "زانیاریمان هەیە کە ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هۆڵن، زیاتر لە
٣٠ هەزار کەسن، واتا زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ خێزانن، قۆناغی یەکەم ٥٠٠ خێزان دەگەڕێندرێنەوە
بۆ باشووری مووسڵ، لەو ژمارە عێراقییانەی لە کەمپی هۆڵ-ن، زیاتر لە ١٨ هەزار کەس خەڵکی
پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەددین-نن، زیاتر لە چوار هەزار کەس خەڵکی مووسڵ-ن، سێ
کاروانەکەی دیکە زۆربەیان خەڵکی ئەنبار و سەڵاحەددین-نن، پێموابێت ٤٠ بۆ ٥٠ کەس خەڵکی
مووسڵ-ن".