مەزڵوم کۆبانى داوایەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
12:40 - 27/12/2021
زەمەن_رۆژئاواى کوردستان
فەرماندەی ھێزەکانی
سوریای دیموکرات (هەسەدە) داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی
تورکیا کە هاوڵاتیانی مەدەنی بەئامانج گرتوە.
ئەمڕۆ دووشەممە مەزڵوم
کۆبانی، فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەهەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر
بڵاویکردەوە، "ئەو هێرشەی تورکیا کە لە یەکێک لە ماڵەکانی کۆبانیدا بارەگای رێکخراوێکی
لاوانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە پێنج کەس شەهیدبون و چوار کەسی دیکەش برینداربون، ئەو
هێرشەش بەردەوامیی هەڵسوکەوتی داگیرکارییە و سەلماندنی چۆنیەتی مامەڵەی تورکیایە لەگەڵ
پرسی کورد لەسوریا".
فەرماندەکەى هەسەدە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەردەوامی هێرشەکان لێدانە لەئاسایش و ئارامی باکور و رۆژهەڵاتی
سوریا، بۆیە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین".
مەزڵوم کۆبانی،
داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کاربکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا کە هاوڵاتیانی
مەدەنی بەئامانج گرتوە ، هەروەها هێرشەکەی ئەنقەرە لێدانە لەهەوڵەکانی بەرقەرارکردنی
ئاسایش لە ناوچەکەدا.
داواکەى مەزڵوم کۆبانى لە
کاتێکدایە، شەوی 25ی ئەم مانگە فڕۆکەیەکی تورکیا بارەگای رێکخراوی (لاوانی شۆڕشگێر)ى
له شاری كۆبانی رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانکرد و هێرشەکەش شەهید و برینداری لێکەوتەوە.