705 کەلتور

کوپێک قاوەی تاڵ!

01:18 - 24/12/2021


وەرگێڕانی/ هێمن مەحمود

وەک پیشەی هەمووجاری کچەکە لەسەر مێزەکە دانیشتبوو، کوڕە کرێکارەکەش قاوەیەکی بۆ هێناو وتی:
- فەرموو خانمەکەم

- کچەکە وتی: زۆر سوپاس بۆ تۆ.

- کوڕەکە وتی: بەڵام ئەمە سێیەم کوپی قاوەیە بۆت دەهێنم و کەچی نایخۆیتەوە!.

-  ئاخر من قاوە ناخۆمەوە.

- ئەی بۆچی داوای دەکەیت..؟

- چونکە.....جا ئەوە چی پەیوەندییەکی بە تۆوە هەیە..؟

- کوڕەکە وتی:  من لەم قاوەخانە کاردەکەم، لە هەمانکاتیشدا لەگەڵ تۆدا لە هەمان زانکۆ پێکەوە خوێندکارین...وا گومان دەکەم تۆ سەرنجی ئەوەت نەدابێت بەڵام من زۆر بە وردی چاودێریم کردوویت و سەرنجم داویت!!.

- کچەکە وتی: بۆچی..؟

- من وا هەستدەکەم تۆ رەفتاری سەیر سەیرت هەیە و میزاجت زوو زوو دەگۆڕێت، دەتبینم لەخۆتەوە کتوپڕ پێدەکەنیت و دواتریش دەستدەکەیت بە گریان. من هەموو رۆژێک بەبۆنەی تۆوە دێم بۆ کارەکەم و بەبۆنەی تۆشەوە کارەکەم خۆشدەوێت، تۆ بەوە نازانی کە بەبۆنەی تۆوە توشی کێشە دەبم و ڕووبەڕووی هەرکەسێک دەبمەوە کە بیەوێت سوکایەتی یان گاڵتەت پێبکات.

- چیییی..؟

- کوڕە کرێکارەکە وتی: بەڵێ...من هەست بەدڵنیایی ناکەم تا ئەو کاتەی تۆ دەبینم و چاودێریت دەکەم تا دەڕۆیتەوە...لێم ببورە خانمەکەم...بەڕاستی من داوای لێبوردن دەکەم.

- کچەکە وتی: داوای لێبوردن بۆچی..؟

- چونکە من هەموو شەوێک چاودێریت دەکەم و بەدوات دەکەوم.

- زۆر باشە با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان!

- هیچ بابەتێک لە ئارادا نەبوو!

- کچەکە وتی: با... ئایا تۆ لێت نەپرسیم بۆچی داوای قاوە دەکەم و نایخۆمەوە؟

- کوڕەکە وتی: بەڵێ... من ئەو پرسیارەم کرد!

- کچەکە وتی : هەر بە ڕاستی من قاوەم خۆشناوێت..بەڵام بۆیە داوای دەکەم تا تۆ ببینم!!.
.................................................
٭ ئەم چیرۆکە لەپەیجە عەرەبییەکاندا نەناونیشانی هەبوو نە ناوی خاوەنەکەی دیاربوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن