511 کەلتور

گەڕان ٨

10:32 - 24/12/2021

ناڵە حەسەن- کولتوری زەمەن

( باران ، میهر ، ڕەشبوونەوە ، تابلۆ ، وەهم ، دۆزەخ ، ئومێد ، سروشت ، ونبوون ، کۆڵنەدان ، مردن ، بەرائەت ، ئەبەدی ، یادەوەری ، عەشق ، نائومێدی ، ئەشقیا ، دابڕان ، ناتەبا ، هاوڕێ ، کەوتن ... )
١
( ........... )
ژیانمان / دۆزەخ
مێژوومان / دۆزەخ
ئایندەمان / دۆزەخ
لەنێو ئەم نائومێدی و مردنە کوشندەیە
ئیدی گەلۆ /
بەهەشت چ درۆیەکی گەورەیە ...!
٢
 ( ........... )
تۆ لە هەڵمی
نێو کەفوکوڵی
سەر مەنجەڵە شیرێکی کوڵاو دەچیت
لە چاوتروکانێکدا ون دەبیت
تۆ تەنها / لەنێو رووبەرە نادیارەکان و
ونبوون بوونت هەیە / ئەی شۆخ ...!
٣
( ........... )
تۆ یەکێک لە پەرییەکانی خودا و
ڤینۆسە سەوداسەر و سەرمەستەکانی منیت
لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی
نێو خەون و شیعرەکانم دەژیت ...!
٤
 ( ......... )
تۆ لەو دڵۆپە بارانە دەچیت
کە هەمیشە
لێوی پنجە گیاکان تەڕدەکەیتەوە
سەوزایی بە سروشت و
هەناسەش بە قەڵەمەکەی من دەبەخشیت ...!
٥
من لەمەودوا
یەکێک
 لە کتێبە شیعرییەکانم ناو دەنێم
 تۆی / خەونی من ...!
٦
( ........... )
لەنێو چاوەکانت مردنی خۆم و
لەنێو نیگاکانت جەستەی شیعرەکانم و
لەنێو دڵۆپە فرمێسکەکانیشت
گۆڕستانی خەونەکانم دەبینم
لەگەڵ ئەوەش
من پڕم لە جوانییەکانی تۆ
بەڵام هەموو ڕۆژێ
لە بناری مەمکۆڵەکانت
نائومێدییە گەورەکانی خۆم دەنووسمەوە
٧
( ........... )
تۆ دڵت هی خۆتە
بەڵام من نا
منیش خەونەکانم هی خۆ من
بەڵام تۆ نا
جیاوازییەکانی ئەو دونیاشمان
دۆزەخ بۆ من و
بەهەشتیش بۆ تۆ ...!
٨
( ............ )
١/ ( بۆت نووسیبووم
وا لەنێو دەریای ماڵئاوایی
بلق بلق دەخنکێم ... ! )
٢/ چیت بۆ بنووسم ئازیز
هەموومان دەمێکە
لەنێو ڕووبارە لیخنەکانی نائومێدی
خنکاوین
هەر دەڕۆین و
 پەنجەرەیەک نادۆزینەوە بۆ ڕوانین
 ڕووناکییەک نابینین بۆ ئارامبوونەوە
هاوڕێ / دەمێکە دەمێک
بە دەستاڕی دڕندەیی یەکتری دەهاڕین
کاتژمێری خەونەکانیشمان
چک چک چک
جار جار دەوەستێ و
جارجاریش
بە لینگە قووچی دەسووڕێتەوە
٩
( ........... )
منداڵیم لە نێو مندا
نەک هەر نیشتیمانم
هەموو گەردوونی داپۆشیوم
هەربۆیە ئێستاش
بە خەیاڵەکانی منداڵیم / خەون دەبینم
لەنێو شیعرەکانیشم
 بە زمانی منداڵیم قسە دەکەم و
بە دەستە پاستیلێکیش
لەسەر دەفتەر ڕەسمەکەم
خەتخەتۆکەی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشم ...!

تێبینی :   خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن ، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن . خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان ...!

                                                    دیسەمبەری ٢٠٢١  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن