كورسی لایەنەكان گۆڕانكاری بەسەردا هات
09:08 - 13/10/2021
"زەمەن"
دوای جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان گۆڕانكاری بەسەر ژمارەی كورسی لایەنەكاندا هاتووە، كورسی هەندێك زیادیكردووە و هەندێكی دیكە كەم.
شەوی رابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی ژماردنی دەستی ژمارەیەک وێستگەی دەستپێكرد، رەوتی سەدر لە 73 کورسی بووەتە 70 کورسی، سێ کورسی کەمبووەتەوە، هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری كە 16 كورسی هێنابوو، دەڵێت كورسیەكانیان بۆ 22 زیادیكردووە.
میدیاكانی پارتیش بڵاویانكردەوە، لە سنووری سلێمانی کاندیدێکی دیکەی پارتی (شنۆ نوری)، سەرکەوت، هەروەها لە دهۆک کاندیدێکی دیکەی پارتی سەرکەوت و کورسییەکانی پارتی لە دهۆک بوو بە 9 کورسی و لە هەموو عێراقیش بوو بە 34 کورسی.
بەمشێوەیە، یەكێتی لە سلێمانی كورسیەك لە دەستدەدات و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەولێر كورسیەك زیاد بكات. لە دهۆكیش یەكگرتوو كورسیەكەی عومەر كۆچەر لە دەستدەدات.
هەروەها لیستی بزووتنەوەی درێژکراوەی تشرین 3 کورسی زیادیکرد و بووە 12 کورسی. ژمارەی کورسییەکانی دەوڵەتی یاسا لە 34 کورسییەوە گەیشتە 39 کورسی. رەوتی حیکمە کورسییەکی زیاد بووە و لە 2 کورسییەوە بووەتە 3 کورسی.