ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤبوون
11:12 - 09/10/2021
میدیا خۆشناو
ئازار و مەینەتییەکانی مرۆڤبوون لە کـــــۆمەڵە چیڕۆکی " نـــــۆبەرەی مــــەرگــــم دیـــت"
ی دڵشاد کاوانی.
کتێبی ( نۆبەرەی مەرگم دیت) خۆی
لە بیست و سێ چیڕۆکی فانتازی مێژوویی و ئایینی و فەلسەفی وتراژیدی تاک و شیوەنی مرۆڤایەتی
دەبینێتەوە .هەڵبەتە خوێندنەوەی هەر کتێبک
، بە پێی جیاوازی گۆشەنیگاکان، دەتوانرێ ، دەیەها و سەدەها ، تێڕوانینی لێ هەڵبهێنجرێت. هەمیشــــە گوتوومە، بۆ خوێندنەوەی
هەر کتێبێک ، پێویستە خوێنەر واز لە شتی سادەو بە ئاسانی گەیشتن بەوەی دەیهەوێت بهێنێت،
بەڵــکوو ، پێویستە لە دیووی دووەمی نووسینەکە بکۆڵێتەوە ماندوو بێت.خۆشبەختانە ( نۆبەرەی مەرگم دیت)
، پڕە لە کۆد و
شتی
شاراوە کە خوێنەر پەرۆش و ماندوو دەکات، ماندووبوون بەمانا سستبوون و بێزاربوونی نا ، بەڵکوو ، بەمانای
باڵایی نووسەر و پەرۆشی خوێنەری بە سەلیقەو لێهاتوو.
ــ ئەو لایەنە باشانەی کە من
لە "نۆبەرەی مەرگم دیت "بینیم
١ - شینی نووسەر بۆمرۆڤایەتی: تۆی خوێنەر کاتێ نۆبەرەی مەرگم دیت ، دەخوێنیتەوە، هەست بە ژان و ئێشێکی ڕۆحی دەکەیت، کە ڕادەچڵەکێی ،
بۆ مەینەتەکانی کۆمەڵگە و پیاو سالاری و هەژاری، کوشتن و قڕکردن و پڕکردنەوەی
ئازارێک بە ئازارێکیتر بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی.
٢ ـ فەلسەفەی قووڵ: هەمیشە لە نووسینەکانی نووسەر و چیڕۆکنووس " دڵشاد کاوانی" هەست بە قووڵییەکی زۆری فکری
دەکەیت ، هیچ کات مانای شتەکانت وەها بە ئاسانی نادات بە دەستەوە، دەیەوێت خوێنەر
، بەشێکی گەورە بێت لە نووسینەکانی و دەتباتە جیهانێک، تا شتەکان نەدۆزیتەوە ،
ناتوانی بێیتەوە جیهانی حەقیقی.
٣ - ورووژاندنی بابەتی هەستیار: زۆرجار لە کۆمەڵگەی ئێمە،
ناتوانین وەها بە ئاسانی باسی شتگەلێک بکەین
، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئایین بەڵام نووسەر
زۆر لێهاتوانە بە قەڵەمەکەی کۆت و بەندی شکاندووە ئەوەتا ، لە چیڕۆکی هەشتی " ئیمپڕاتۆریای ژن" کە
باس لەوە دەکات، ژنان پێویستە بێنەدەر و کۆتایی بە پیاوسالاری بهێنرێت، جیهانەکە دەکات بە هی ژن دوور لە نێرینە ، لە دەربڕینێکا
دەڵێت" خوداش ناچار بوو یەکێک ڕەوانە بکات پێغەرێکی ژن و بە زمانی ژن بدووێ."!!
٤ - ڕۆح بە بەرداکردنی نووسین : بۆ نووسەرێک کە ئازاری کۆمەڵگە
دەنووسێتەوە، ڕەنگە شتێکی قوڕس نەبێت ، تۆ و منێکی خوێنەر هەست نەکەین، کە دەربڕین
و چیڕۆکەکانی هەتا وشە بە وشەی نێو کتێبەکە بۆ خۆی ڕۆحێکە، ئەوەتا لە چیڕۆکی پانزەی
" هەرگیز پاشگەز نابمەوە" لە دێڕەکانی کۆتاییدا دەڵێت " خوێنی سنگ
و دڵە بە سۆزەکەی نەورۆز و سەر و مێشکی کاوەی دڵسۆز ، لەگەڵ خوێنی دامێنی پاکی نیشتمان
بەیەکەوە ڕژانە سەرخاک، لەگەڵ گریانی خاک بوو بە جۆگەڵەیەک و پاشان بوو بە دەریا ،
سەربازەکانی تێدا خنکاند و دەرگا پۆڵاینەکانی
شکاند".
٥ - درووستکردنی خوێنەری باڵا: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە
من لەو چیڕۆکانە بەدیم کرد ، ئەوەبوو، دەشێ خوێنەرێکی ئاسایی بکاتە خوێنەرێکی سەخت
و باڵا ڕوانین، مەحاڵە تۆ کتێبی دڵشاد کاوانی بخوێنیتەوە ، کەچی سێ جار بیری لێ نەکەیتەوە.
جیهانبینی ، لەم کۆمەڵە چیڕۆکە
، بەڕای من زیاتر ئاشنات دەکات، بۆ ئێشی مرۆڤایەتی، قوڵبوونەوەیەکی سەخت و تێگەیشتن
لە ئایین و فەلسەفە وەک خۆی، ئەوەی زۆر گرنگە، واقیعی ڕەشی کۆمەڵگەی لە ڕێگای
فانتازیا بە شێوازێکی ئەدەبی بە خوێنەر دەگەیەنێت.
لە کۆی ئەو چیڕۆکانەی کە خوێندمەوە، چەند دانەیەکیان لای من زۆرتر سەرنجڕاکێش و بەچێژ بوون ئەمانە بوون.
لەوانە:
ـ منداڵەکانی ئاگر.
ـ تارای بووکی ئاشتی.
ـ ماری ڕەش و داپیرەی ڕەش.
ـ هەرگیز پاشگەز نابمەوە.
ـ نووسەری چاو پێڵاو.
ـ دادگا.