1157 کەلتور

مەم و زین لەنێوان ڕێئالیزمی سیحری و سوڕێئالیزمدا

09:01 - 02/10/2021

 

هاشم ئەحمەدزادە

 

١
لە تیۆری ئەدەبیدا بنجوبنەوانی ڕێئالیزمی جادوویی بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە هونەری ئالمانیدا دەگێڕنەوە کە دواتر پەل داوێتە بواری گێڕانەوەی ئامریکای لاتین و هەموو پارزەمینەکان. ئێستا ئیتر لە سەلمان ڕوشدیی هیندییەوە بگرە تا میلان کۆندێرای چێکی و گابریل گارسیای کۆلۆمبیایی و بەختیار عەلیی کوردستانی هەر هەموو لەم ڕێبازە ئەدەبییە کەڵک وەردەگرن.

٢
ڕێبازێکی دیکەی ئەدەبی کە وێکچوویی زۆری لەگەڵ ئەم ڕێبازەدا هەیە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا هەم دیسان لە دونیای هونەر و ئەدەبدا دێتە ئاراوە کە بە سورڕێئالیزم ناوبانگی دەرکرد و لە کارەکانی ئاندرێ برێتۆنی دادایی و فرانتس کافکای چێکی و سالوادۆر دالیی سپانیاییدا گەیشتە لوتکە. لێرەدا زانستی دەروونناسیی زیگمۆند فرۆیدی ئالمانی یارمەتیدەرێکی مەزن بوو بۆ تێپەڕاندنی دونیای خودئاگایی/وشیاری و پیاسە بە نێو دونیای ناخودئاگایی/خەوندا.

٣
جارێکی دیکە بگەڕێینەوە دونیای مەم و زینی ئەحمەدی خانی، مەم و زینی خۆمان. مەم کوڕی پاشای مەغریبە و خەون بە خوشکی میری بۆتانەوە دەبینێت. لە خەونەکەیدا ئەو و زین تووشی یەک دەبن و ئەنگوستیلەکانیان دەگۆڕنەوە. کاتێک لە خەو هەڵ دەستێت هەر بەڕاستی ئەنگوستیلەکەی گۆڕاوە. ئیتر لێرەوە هەڵوەدای دۆزینەوەی زین دەبێت و بەم جۆرە ناودارترین چیرۆکی کوردی کە بە حەماسەی
کوردان ناسراوە دەست پێ دەکات. هەڵبەت ئەمە گێڕانەوەیەکی زارەکیی مەم و زینە و لە نوسخەی نووسراوەی خانیدا شێوازی ئاشنایی مەم و زین دەگۆڕێت و ئەوان لە ڕێوڕەسمێکی نەورۆزی و ماسکپۆشیندا یەکتر دەبینن و ئەنگوستیلەکانیان دەگۆڕنەوە.


٤

ئەمە ڕاستە کە هەر دوو ڕێبازی ڕێئالیزمی سیحری و سوررێئالیزم لە ڕیزی ڕێبازە مۆدێرنە ئەدەبی و هونەرییەکاندان، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی پەلهاوێژیی خەیاڵ هەموو دەمێ تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەدەب و گێڕانەوە بووە و لە ئۆدیسەی یۆنانییەوە بگرە هەتا مەهاباراتای هیندی و شانامەی فیردەوسی و مەم و زینی خانی، باڵە بێسنوورەکانی خەیاڵ ڕۆڵی سەرەکییان لە ئافراندنی هونەریدا هەبووە. کاتی خۆی مارکێز لە وەڵامی فڕینی ڕێمیدیوسی جوانکیلەدا گوتبووی لە وڵاتەکەی ئەودا ئەمە شتێکی ئاساییە و چیرۆکەکانی وڵاتی ئەو پڕن لە دیمەنی ئاوا.

٥
لە سەردەمی مۆدێرندا دونیای خەیاڵیی کۆمەڵێکی دیاریکراو لە مرۆڤەکان بە شوێن دۆزینەوەی ڕیشەگەلی فەرهەنگیدا خۆیان وەک نەتەوەیەک وێنا دەکەن و جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشە فەرهەنگی و مێژووییەکانیان دەکەنەوە. ئەمە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ پێداچوونەوەی دەقە کۆنە ئەدەبییەکان و خوێندنەوەی بەردەوامیان و هەوڵدان بۆ شرۆڤەی بەوردەڕیشاڵیان. مەم و زین وەک دەقێکی کراوە و نووسیاری، بێکۆتا خوێندنەوە هەڵ دەگرێت. پرسیار ئەوەیە دەقێکی ئاوا کۆنی کوردی، دوای زیاتر لە سێسەد ساڵ چەند جار لە کوردستان چاپ کراوەتەوە و چەندەی خوێندنەوە بۆ کراوە و لەسەر ڕەفی کتێبخانەی چەند ماڵی کورددا هەیە و لەسەر مێزی چەند لێکۆلەری کورد داندراوە؟
وێنە: قاوەخانەیەکی جادوویی لە نێوەڕاستی جەنگەڵەکانی دەوروبەری ستۆکهۆلم و دەستپێکی وەرزی سیحراویی پاییز

 

پۆرترێتێکی خەیاڵی مەم و زین

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن