393 کوردستان

ئەردۆغان: تائێستا لەگەڵ هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا لەدۆخێكی وەها خراپ نەبووم

08:08 - 24/09/2021

زەمەن-

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایدەگەیەنێت، تاكو ئێستا لەگەڵ هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا لە دۆخێكی وەها خراپدا نەبووە، چونكە زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانكراو هاوكاریی سەربازی بۆ هەسەدە دەنێرێت.
 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە، "تاكو ئێستا لە دیدارەكانمان لەگەڵ بایدن وتوومە كە ئەنجامی پەیوەندییەكان لە ئاستی چاوەڕوانیەكانماندا نین. ئێستاش هەمان بۆچوونم هەیە و هەمان شت دەڵێم. ئێمە وەكو دوو ئەندامی ناتۆ، دەبوو لە دۆخی زۆر جیاوازتری پەیوەندییەكاندا بین."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە "وەكو دوو ئەندامی ناتۆ، نابێت پەیوەندییەكانمان بەمجۆرە بن. دووەم، لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا بەداخەوە ئەمریكا ئێستا زۆر زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانكراو پشتیوانیی رێكخراوی تیرۆریستی دەكات؛ لەكاتێكدا پێویستە بەرەنگاریان ببێتەوە، بە بڕێكی زۆری چەك، ئۆتۆمبێل و كەرەستەی سەربازی هاوكارییان دەكات".
 
لە دوای دەستبەكاربوونی بایدن وەكو سەرۆكی ئەمریكا، تاوەكو ئێستا یەكجار لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوەی دووقۆڵییان هەبووە، ئەویش لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو، كاتێك كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ لە برووكسل بەڕێوەچوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن