کەلتور

دانتێ نووسەرێك بۆ هەموو سەردەمەکان...

09:08 - 20/09/2021 73 جار خوێندراوەتەوە

دانا ڕەئوف-کلتوری زەمەن

ئەم ساڵ هەموو دنیای ئەدەب لە جیهاندا یادی ٧٠٠ ساڵ بەسەر مردنی نووسەری (کۆمیدیا) داستانە شیعرییە مەزنەکەی دانتێ ئەلیگێیری ١٢٦٥ – ١٣٢١ ده‌کاته‌وه‌.

 

 

دانتێ داستانەشیعرییەکەی، کە لە سێ بەشی گەورە پێکهاتووە: دۆزەخ، بەرزەک و بەهەشت بە زمانی لاتینی نەنووسیوە، بەڵکوو بە زمانی خەڵکی، ئەو زمانە ئیتاڵییەی خەڵکە ئاساییەکە قسەیان پێکردووە، نووسیوە. لاتینی زمانی نووسینی چینە ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکان بووە، ئەمەیش لادانێکی گەورە بووە لە ڕێسای نووسینی ئەو سەردەمە. ئەم شاکارە گەورەیە، جگە لەوەی باسی مەسیحییەت دەکات، فەلسەفە و زانستی دیدی چاخەکانی ناوەڕاستیش لە خۆ دەگرێت. دانتێ یەکەم نووسەرە، کە کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی، لەم ڕووەوە زۆر گرانە دانتی لە بەرهەمەکانی جیابکرێتەوە، یان وەک زۆربەی ڕەخنەگرەکان ئاماژەیان بۆ کردووە، کە زەحمەتە لە بەرهەمەکانی بگەیت، ئەگەر ئاگاداری بێوگرافیای ژیانی دانتێ نەبیت. ژیان و بەرهەمەکانی تێکەڵاو بوون، تەنیا دەکرێت لەگەڵ مارسیل پرۆست بەراورد بکرێت، لەو ڕوەوەی پرۆستیش شاکارە گەورەکەی (گەڕان بەدوای کاتی لە دەستچودا)ی لەسەر ژیان و بێوگرافیای خۆی نووسیوە. لەم ڕۆژانەدا، لە سوید بەبۆنەی یادی ٧٠٠ ساڵ بەسەر مردنی دانتی کتێبێکی نوێ لە نووسینی ئەندەش کولهێد-ەوە، بەناوی دانتێ: یەکەم نووسەرە، بڵاو بۆتەوە.

دوو ڕووداو، لە ژیانە پڕ لە کارەسات و هەڵکشان و داکشانەکەی دانتێ، چ لە ڕووی کەسێنی خۆیی و چ لە ڕووی کاردانەوەی لە شاکارەکانیدا گرینگن، ئەو دوو ڕووداوەیش، یەکەم: لە ناوەڕاستی ساڵەکانی ١٢٧٠دا، لە تەمەنی گەنجێتیدا بۆ یەکەمجار، کچێك لە خۆی منداڵتر بووە بە ناوی (بیاتریچی)وە دەبینێت. دواتر دیوانێکی شیعری بچووکی بۆ دەنووسێت. ئەم دیوانە شیعرییە دەبێتە ستایلێکی نوێ و جیاواز لە ئەدەبی ئیتالی دا، لە هەمان کاتدا دەبێتە هەرەشە بۆ سەر (لاتین) وه‌ك زمانێکی ئەدەبی. بیاتریچی-ەکەی دانتێ لە ساڵی ١٢٩٠دا، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا دەمرێت. دوای چەندین ساڵ مەرگی بیاتریچی دەبێتە هێڵێکی گرینگی چیرۆکەکانی کۆمیدیا، داستانە شیعرییە ئیلاهییە مەزنەکەی دانتێ؛ بیاتریچی دەبێتە ئەو سمبولەی لە بەهەشتەوە بەرەو ڕووناکییە نورانییەکەی خوداوەند دەڕوات، لە شوێنێکدا دەوەستێت، کە چیتر وشە بەشی گێڕانەوە و وەسفکردنی (بیاتریچی) ناکات. بیاتریچی، لەنێوان بەهەشت و ڕوبەرووبونەوەی خواوەندا،  وندەبێت.

دانتێ لە دوای ساڵانی ١٢٠٠کاندا، وەك شاعیرێکی گەنج دەناسرێت، هەر لەم ساڵانەدا بەشداری سەربازی دەکات و لە ژیانی سیاسی فلۆرنسادا دەبێتە کەسایەتییەکی ناسراو؛ لەو سەردەمەدا ژیانی سیاسی فلۆرنسا چڕ و ئاڵۆز بووە و بە چەندین کێشە و ململانێدا تێپەڕیووە. دانتێ لە ساڵی ١٣٠٢دا، لەم ڕەوشە سیاسییەی فلۆرەنسادا، بە کارێکی فەرمی لە دەرەوەی شاری فلۆرەنسا دەبێت، کە دەسەڵات گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەیش کێشە بۆ دانتێ دروست دەکات و ناتوانێت بگەڕێتەوە. دەسەڵاتە نوێیەکەیش دانتێ بە تاوانی گەندەڵی، بە دوو ساڵ زیندانی و لە وڵات دوورخستنەوە حوکم دەدات، بەڵام دانتێ ناچێتە بەردەم دادگای فلۆرەنسا، هەرگیز جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ فلۆرەنسا و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە تاراوگە دەژی.
دانتێ هەموو ژیانی، دوای ئەم حوکمەی دەسەڵاتە سیاسییە نوێیەکەی فلۆرەنسا، بە ئاوارەیی دەباتە سەر، دەسەڵاتی فلۆرەنسا هەمیشە بە دواوەی دەبن و هەرگیز لێیخۆش نابن، دانتێ-یش بۆ پاراستنی ژیانی خۆی پەنا دەباتە بەر کەسایەتییە دیار و بەهێزەکانی شارەکانی دەوروبەری فلۆرەنسا، دوا ساتەکانی ژیانی لە ڕاڤیا دەباتە سەر و هەر لەوێش دەمرێت. دانتێ لەم ساڵانەدا، کە لە تاراوگە ژیاوە، شاکارە گەورەکانی دەنووسیوە.

دانتێ دەیزانی چەند گەورەیە، لەبەر ئەوە بەراوردی خۆی لەگەڵ هۆمیرۆس کردووە، ت، س ئێلیۆت-یش سەبارەت بە دانتێ گوتویەتی: دانتێ و شەکسپیر دنیا مۆدێرنەکەی ئێمە لەنێوان خۆیاندا بەش دەکەن؛ هیچ کەسێکی سێیەم نییە. فلۆرەنسا دوای مردنی دانتێ هەست بەو هەڵە کوشندەیە دەکات، کە شاعیرە گەورەکەی شارەکەیان دەربەدەر کردووە، لەبەر ئەوە کەسایەتییە گەورەکانی ئەو شارە، بۆ نموونە پاپا و مایکل ئێنجلۆ پێداگری ئەوەیان کردوە، کە ڕاڤیا ئێسکوپروسکەکەی دانتێ بگەڕێنێتەوە بۆ فلۆرەنسا و لە فلۆرەنسا بەخاك بسپێردرێتەوە، بەڵام تا ئێستا خەڵك و دامودەزگاکانی ڕاڤیا، بەو داوایە قایل نەبوون و دوائارامگای دانتێ هەر لە ڕاڤیایە.

 

دانتی نووسەری هەموو سەردەمەکان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement