مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دادگایی دەكرێن
10:34 - 14/09/2021
زەمەن_هەولێر
سبەینێ پرۆسەی دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوە دەچێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت ساڵێك زیاترە لە زیندانن.
رۆژی ١١ی مانگی رابردوو، بە بریاری سەرۆکی دادگای تاوانی دوی هەولێر، دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی لە ۳٠/۹/۲٠۲۱ پێشخرا بۆ ۱٥/۹/۲٠۲۱.
ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان ڕایگەیاند: سبەینێ ١٥ – ٩ – ٢٠٢١، پرۆسەی دادگاییکردنی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوە دەچێت، داواکارین لە هەموو حزبەکان بەگشتی و ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی، لانیکەم هەزار لایەنگری خۆیان لە بەردەم دادگای هەولێر کۆبکەنەوە لەو ڕۆژەدا.
رۆژی ٢٧ی تەمموز، دانیشتنی دادگایی کردنی بەدەل بەرواری و چالاکوانێکی دیکەی دەستگیرکراوی بادینان لە دادگای ھەولێر دواخرا و لەدوای بڕیاری دواخستنەکەش بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، رایگەیاند، "ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی نیە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی تاوانبار بکات"
ڕۆژی ١٩-٨-٢٠٢٠، مامۆستا بەدەل بەرواری و رۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان لەدهۆک دەستگیرکران، تا ئێستا دادگاینەكراون.