ئیتالیا 100 هەزار ژەمە ڤاكسینی بۆ عێراق و هەرێم نارد
09:59 - 13/09/2021
زەمەن_عێراق
ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لەڕێی پڕۆگرامی کۆڤاکسەوە، زیاتر لە 100ژەمە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئیتاڵیا بەخشیویەتی دراوە بە عێراق.
ڕێکخراوی یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ڕۆژی یەکشەممە عێراق 100,800 ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکای وەرگرتووە، یەکەمین گەیاندن لەو 15 ملیۆن ژەمە ڤاکسینەی کە ئیتاڵیا بەخشیویەتی و پڕۆگرامی کۆڤاکس دابەشی دەکات."
پڕۆگرامی کۆڤاکس لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە پشتیوانی لێدەکرێت و ئامانج لێی دڵنیا بوونەوەیە لەوەی ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکسانی دابەش بکرێن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە داهاتیان کەمە. ئەمە سێیەمین جارە عێراق لەڕێی کۆڤاکسەوە ڤاکسین وەردەگرێت.
نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەحمەد زوتین وتی " ئێمە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باوەڕمان وایە ئێمە کاتێک پارێزراوین کە هەمووان پارێزراو بن، تەنها کاتێک کۆنتڕۆڵی ئەم پەتایە دەکەین کە سەرجەم هاوڵاتیان ڤاکسینیان وەرگرتبێت."
عێراق لە مانگی سێیەوە هەڵمەتی کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای دەستپێکردووە، هەریەک لە ڤاکسینەکانی فایزەر- بایۆنتێک و ئاسترازێنیکا و سینۆفارمی بەکارهێناوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا 10 ی دانیشتوانە 40 ملیۆنیەکەی، لانی کەم یەک ژەمە ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە.
کارمەندانی تەندروستی عێراق دەڵێن نەک تەنها ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو زانیارییە ناڕاستانەش بوونەتەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە دودڵ بن لە وەرگرتنی ڤاکسین.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە، زیاتر لە 1.9 ملیۆن حاڵەتی توشبوون و نزیکەی 21,500 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە عێراق تۆمارکراوە.
ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی دەمامکیش لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێخراون.