423 جیهان

ئێران ئیدانەی هێرشكردنە سەر ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان دەكات

02:34 - 06/09/2021

زەمەن-

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئیدانەی هێرشكردنە سەر ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان دەكەن و دەبێت ئەو پرسە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رووداوەكانی ویلایەتی پەنجشیری ئەفغانستان رایگەیاند "هێرشەكانی شەوی رابردوو بە توندترین شێوە شەرمەزارە و شەهیدبوونی رێبەرانی ئەفغانستان جێگەی داخ و پەژارەیەكی زۆر قووڵە".
 
سەبارەت بەوەی دەوترێت پاكستان لە هێرشەكاندا بەشداربووە، زادە روونیكردەوە، ئەوان خەریكی تاوتوێی ئەو پرسەن و وتی "مێژووی ئەفغانستان پیشانی داوە كە دەستێوەردانی دەرەكی چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ ئەنجامێكی جگە لە شكست بۆ هێزە دەستدرێژیكارەكان نەبووە، خەڵكی ئەفغانستان زۆر سەربەخۆییخواز و بوێرن و بە دڵنیاییەوە هەر دەستێوەردانێكی دەرەكی شەرمەزار دەكرێت".
 
ناوبراو وتیشی "پرسی پەنجشیر وەك سیاسەتی بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و بە نێوەندگیریی و ئامادەبوونی هەموو كەسایەتییەكانی ئەفغانستان چارەسەر بكرێت. هیچ لایەنێك نابێت رێگە بدات ئەو رێڕەوە بە براكوژی كۆتایی بێت"، هەروەها وتیشی "تاڵیبان دەبێت پابەندی ئەو بەڵێنانە بێت كە داویەتی لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەكان. گەمارۆی ناوچەی پەنجشیر، پچڕاندنی ئاو و كارەبا و برسیكردنی خەڵك وەك ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە جێگای نیگەرانییە".

ئەمڕۆ بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، تەواوی وڵاتی ئەفغانستان بە ویلایەتی پەنجشیرییان كۆنتڕۆڵكردووە، ئەو ویلایەتە شوێنی لەدایكبوونی ئەحمەد شامەسعود بوو كە هیچ كاتێك تاڵیبان نەیتوانبوو كۆنتڕۆڵی بكات، بەڵام دوای كوژرانی لە 2001دا ئەحمەدی كوڕی شوێنی باوكی گرتەوە، دوای ئەوەی تاڵیبان هەموو ئەفغانستانی كۆنتڕۆڵكردووە، هەوڵیاندا لەڕێگەی دانوستانەوە بگەنە ئەنجام، بەڵام دانوستانەكان شكستیان هێنا و ئەمڕۆ تاڵیبان كۆنتڕۆڵكردنەوەی پەنجشیری راگەیاند.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن