719 جیهان

ئەمەریکا دەڵێت دەبێت هەندێک لەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە دووبارە دەمامک بەکاربهێننەوە

11:27 - 28/07/2021

زه‌مه‌ن_ئه‌مریكا

بەپێی ڕاپۆرتەکان واپێشبینی دەکرێت ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیەکانی ئەمەریکا کۆمەڵێک ڕێکاری نوێ ڕابگەیەنێت و تیایدا داوا دەکات ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە دەبێت لە شوێنە داخراوەکاندا و لە هەندێک حاڵەتدا دووبارە دەمامک بەکاربهێننەوە.


ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ناسراوە بە دێڵتا بۆتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکادا، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە خەڵکەکەی وەرگرتنی ڤاکسینەکان ڕەت دەکەنەوە.

بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن شەوی رابردوو بەرپرسانی باڵای تەندروستی ئەمەریکا تاوتوێی بابەتەکەیان کردووە، هەروەها واپێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەیەکدا بەڕێوبەری ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیەکان ڕۆشێڵ والینسکی گۆڕانکارییەکان ڕابگەیەنێت، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش باسی لەو گۆڕانکارییانە کردووە.

هەفتەی ڕابردوو ناوەندەکە بەرگری لە بڕیارەکەی کرد کە لە مانگی پێنجدا دەریکرد و تیایدا وتی ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە پێویست ناکات لە شوێنە داخراوەکاندا دەمامک بەکاربهێنن، بەڵام بڕیارەکەی هۆکارەکانی گواستنەوە و نەخۆشخانەکانی نەگرتەوە.

بەڵام جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستا هۆکاری لە سەدا 90ی حاڵەتە نوێیەکانی توشبوونە بە ڤایرۆسەکە لە ئەمەریکادا و بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی ئەمەریکا ناچار بکات بڕیارەکەیان بگۆڕن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس
FOLLOW US







ده‌رباره‌ی ئێمه‌
مه‌‌رجه قانونییه‌‌كان
ده‌رباری ئێمه‌
بەندی 508
پەیوەندیمان پـێوە بکەن



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن