مێژووی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و بەشداری پارتە کوردییەکان
03:57 - 31/03/2019
زەمەن: گەیلان عەباس
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ تاساڵی ٢٠١٤ هەژدە جار هەڵبژاردنی شارەوانی لە تورکیادا ئەنجامدراوە. یەكەمین هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا لە ساڵی ١٩٣٠ ئەنجامدراو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو. دواهەمین هەڵبژاردنی شارەوانییش له ٣٠ ئازاری ٢٠١٤ ئەنجامدراو پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان بوو.
لە ساڵی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٥٠ هەڵبژاردنی شارەوانی چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرا. بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٥٠ ماوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کرا بە پێنچ ساڵ جارێک. لەدوای ئەنجامدانی یەکەم کودەتای سەربازی لە تورکیا لەساڵی ١٩٦٠ هەڵبژاردن بۆماوەی ٣ساڵ دواخرا. جارێکیش هەڵبژاردنی شارەوانی ساڵێک پێشخرا لەساڵی ١٩٧٧دا. دواجاریش کە هەڵبژاردن دواخرا، لەدوای کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بوو، کە هەڵبژاردن بۆ ماوەی دوو ساڵ دواخرا. جگە لەم کاتانە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی تورکیا لەکاتی خۆیاندا ئەنجامدراون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
(١٩٣٠/ ١٩٣٤/ ١٩٣٨/ ١٩٤٢/ ١٩٤٦/ ١٩٥٠/ ١٩٥٥/ ١٩٦٣/ ١٩٦٨/ ١٩٧٣/ ١٩٧٧/ ١٩٨٤/ ١٩٨٩/ ١٩٩٤/ ١٩٩٩/ ٢٠٠٤/ ٢٠٠٩/ ٢٠١٤ ... ٢٠١٩).
یەکەم ههوڵی بەشداری سیاسی بزوتنەوەی کورد له خهباتی سیاسی و مەدەنی تورکیا لەرێگەی پارتی (بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكرات - دەپ)ەوه بوو له ساڵی ١٩٩٠دا. وەک یەکەم پارتی دانپێدانراو لە تورکیادا.
بەڵام دوای ٣ ساڵ كاركردن ئەوپارتە لەلایەن حكومەتی توركیاوە داخرا، بەدوای ئەوەدا لەساڵی ١٩٩٣ پارتی (رەنجی گەل - هەپ)یان دروستكرد، بەڵام ئەم پارتەش دوای ساڵێک لە دامەزراندنی لەساڵی ١٩٩٤دا و بەماوەیەک پێش هەڵبژاردنی شارەوانیەکان داخرا. لەبەر نەبوونی پارتی سیاسی لەوکاتەدا چالاکانی کورد لەباکوری کوردستان و تورکیا بە پاڵێوراوی سەربەخۆ، یان بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتێكی تردا، بەشداریان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا کرد.
كورد بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٩٩و لەڕێگەی (پارتی دیموكراتی گهل- هادەپ) بەشداری لە هەڵبژاردنی ١٨ی نیسانی ١٩٩٩ی شارەوانییەكانی توركیای كرد. هادەپ ١ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناو توانی ٣٧ شارەوانی باكووری كوردستان بەدەستبهێنێت و بەو ئەنجامەش هادەپ بوو بە حەوتەمین پارت لەڕووی پێگەی جەماوەری لەسەرتاسەری توركیادا.
(پارتی دیموكراتی گەل- هادەپ) لەساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن دادگای دەستوری توركیاوە بڕیاری داخستنی درا. بەو هۆیەشەوه، (پارتی گەلی دیموكرات -دەهەپە) كه ساڵی ١٩٩٧ دامەزرابوو، جێگەی هادەپی گرتەوه.
لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانی ٢٨ی ئازاری ٢٠٠٤ی شارەوانییەكانی توركیادا کوردەکان لەرێگەی پارتی (دەهەپە)و بەهاوپەیمانی لەگەڵ پارتی (سۆشیال دیموكراتی گەل) بەشداری هەڵبژاردنیان کردو پێكەوە ١ ملیۆن و ٦٦٠ هەزار دەنگیان بەدەستهێنا، ئەمەش بەرامبەر بوو بە بردنەوەی ٦٤ سەرۆكایەتی شارەوانی، بەم ئەنجامەش (دەهەپە) بوو بە شەشەم پارتی توركیا لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە.
پارتی (دەهەپە) بەهەمان سیناریۆی پارتە کوردییەکانی پێش خۆی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٤دا داخرا. دواتر لە رێکەوتی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥دا، (پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی -دەتەپە)یان دامەزراند. دەتەپە لە هەڵبژاردنی ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٩دا، بەشداریی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیان کرد. لەم هەڵبژاردنەدا دەتەپە ٢ ملیۆن و ٢٧٧ هەزار دەنگی بەدەستهێناو ٩٦ سەرۆكایەتیی شارەوانییان لە تورکیادا بردەوە، کە سەرجەمیان شارەوانیەکانی سنوری باکوری کوردستان بوون. بەم ئەنجامەش (دەتەپە) بوو بە چوارەم پارتی توركیا لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە.
دوای دوو ساڵ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ دا بەهەمان شێوەی پارته کوردییەکانی دیکەو به بریاری دادگای دەستوری تورکیا پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی (دەتەپه) بڕیاری داخستنی درا. بەو هۆیەشەوه چالاکانی کورد روویانکرده (پارتی ئاشتی و دیموكراسی -بەدەپه)، ئەمیش پارتێکی دیکەی کوردی بوو لە ساڵی ٢٠٠٨دا دامەزرابوو.
لە دوایەمین هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیادا کە لە ٣٠ی ئازاری٢٠١٤دا بەرێوەچوو، كوردەکان لەرێگەی (بەدەپە) بەشدارییان كردو توانیان ١٠٢ شارەوانی ببەنەوە. کە سەرجەمیان شارەوانییەکانی سنوری باکوری کوردستان بوون و سیستمی هاوسەرۆکیان بۆ یەکەمجار تیایدا جێگیرکرد.
بەڵام دوابەدوای کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی ٢٠١٦ لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە تیرۆر هەڵمەتی گرتن و دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکان دەستی پێکرد، لەو چوارچێوەیەشدا نزیکەی ٦٨ سەرۆک شارەوانی دەستگیرکران و ٩٤ شارەوانیش دەستیان بەسەرداگیراو لەجێگای سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، قەیومەکانی حکومەت دامەزرێندران.
بەم شێوەیەش دەتوانین بڵێین کوردەکانی باکوری کوردستان بەشدارییان لە چوار هەڵبژاردنی شارەوانیدا کردووە، لەرێگەی پارتە سیاسییە کوردییەکانەوە. هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ دەبێتە پێنجەم ئەزموونی بەشداری کورد لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا.
لەم هەڵبژاردنەدا (پارتی دیموكراتی گەلان- هەدهپه) نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردەکانی باکوری کوردستان دەکات، ئەم پارتەش لەساڵی ٢٠١٢دا دامەزراوەو لە ئێستادا سێهەم گەورەترین پارتی تورکیایە لە پەرلەمانی تورکیا کە خاوەنی ٦٧ کورسی پەرلەمانییە. لەم هەڵبژاردنەدا هەدەپە بووەتە نوێنەری زۆرینەی پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان ئەوەش پاش ئەوەی حەوت پارتی کوردی لەباکوری کوردستان بڕیاریاندا، لەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی جیا بەشداری نەکەن و دەنگەکانیان بخەنە پاڵ هەدەپە، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین شارەوانی لە تورکیاو باکوری کوردستاندا.