653 کوردستان

بڕوانامەی ئایزۆ بەخشرایە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە

09:28 - 19/04/2021

زەمەن_هەرێمی كوردستان


ئەمڕۆ دووشەممە، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بڕوانامەی (ئایزۆ) بەخشرایە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.


لە رێورەسمەکەدا، کە بریکارانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی وەزارەت ئامادەی بون، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە وتەیەکدا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە ستافی وەزارەت بۆ بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامەیە، تیشکی خستە سەر گرنگی و بایەخی سیستەمەکەو هیوای خواست بە پابەندی بەو خاڵانەی لە چوارچێوەی سیستەمەکەدا دانراوە وەک خۆی جێبەجێبکرێت لەو ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانمان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری
هاوڵاتیان.


وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی گەورەمان لەسەر شانە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی، دەخوازم ئەم سیستەمەش هەنگاوێکی تر بێت لە چوارچێوەی کارو خزمەتەکانی وەزارەتەکەمان کە پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکەین.



بڕوانامەی ئایزۆی نێودەوڵەتی لە بواری سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری، ئامانج لێی زیادکردنی خێرایی بەڕێوەچونی کارەکانە لەروی کارگێڕیی دامەزراوەکان و رێکخستنی تۆمار و دۆسیەکانە.


هاوکات لە سەرەتای ساڵی رابردوەوە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بەشی دڵنیایی جۆری بەهەماهەنگی لەگەڵ ستافی کۆمپانیای ئامادەکار، دەستکرا بەکارکردن لەم سیستەمە بە مەبەستی ئاسانکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ زامنکردنی خێرایی و جۆری لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە هاوڵاتیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن