ئەبوبەكر عەلی: یەکێتی وەک هێزێکی تۆکمەو یەکگرتوو نەماوە
03:04 - 19/03/2019
زەمەن: مەعاز فەرحان
ئەبوبەكر عەلی، نووسەرو شرۆڤەكاری سیاسی، سەبارەت بە هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێو بێمتمانەیی نێوان حیزبەكانو دۆخی ناوخۆیی یەكێتی، وەڵامی چەند پرسیارێكی “زەمەن” دەداتەوە.
زەمەن: حیزبەكانی دەسەڵات لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی گەورەیان بە خەڵك دا بۆ چاكسازی لە كابینەی نوێدا، بەڵام ئەوە نزیكەی شەش مانگە حكومەتیان پێكنەهێناوە رای بەڕێزتان چیە؟
ئەبوبەكر عەلی: دیارە پێكنەهێنانی حكومەت دەرهاویشتەی قۆناغی رابردووە، یان بڵێین دەرهاویشتەی كۆمەڵێك هۆكارە، پێش هەموو شتێك ئەو واقیعەی لەنێوان حیزبەكان لە رابردوودا هەبووە، دەرهاویشتەكانی ریفراندۆم، ئەو بێمتمانەییەی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دروستبووە هەروەها هێزی تر لەناو هاوكێشەكەدان لەوانەش بزوتنەوەی گۆڕان.
لەسەرەتاوە مەسەلەی حكومەتی هەرێم بەسترایەوە بەپێكهێنانی حكومەتی بەغدا لەبەرئەوەی بەشێك لە ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لە بەغداوە ئیدارە دەكران، جگە لەوەی یەكێتی شەڕیەتی لەسەر ئەوەی زۆنی حیزبی لەژێر دەستدایە دەبێت بەهەمان شێوەی جاران شەریكە بەش بێت لەگەڵ پارتی.
زەمەن: خەڵك هیوایان بەوەبوو زوو حكومەت پێكبێ و چاكسازی بكرێت، بەڵام واخەریكە ئەم ئومێدە دەبێتە نائومێدی؟
ئەبوبەكر عەلی: زۆربەی خەڵكی كوردستان لە قۆناغی رابردووداو لە هەڵبژاردنەكانیشدا سەلماندیان لە دۆخی نائومێدیدا دەژین، ئاماژەی ئەمەش بایكۆتكردنیان بوو بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن تەنانەت نائومێدیان گەیشتە ئاستێك كە ئومێدیان بە پارتەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش نەما واتا دەرەوەی دوو حزبە حكومڕانەكە بەدەر لەوە بێ متمانەییەكی زۆر لەلایەن خەڵكەوە بەرامبەر نوخبەی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە هەیە كە بتوانێت چاكسازییەكی قوڵ و ریشەیی راستەقینە بكات.
زەمەن: وەكو سیاسیەكو لێكۆڵەرێك لێكدانەوەتان بۆ ساغنەبوونەوەی هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر پێكنەهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی چۆنە؟
ئەبوبەكر عەلی: یەكێتی لە قۆناغی دوای تاڵەبانیدایە، قۆناغی دووبارە خۆپێناسەكردنەوەیە كە جارێكی تر دەبێت خۆی پێناسە بكاتەوەو ڕۆڵی خۆی لە كوردستاندا دیاری بكات، لەدوای ڕیفراندۆمو مەسەلەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە یەكێتی كەوتوەتە دۆخێكی نوێوە لە كوردستاندا، دۆخێك كە بە زەرەری شكاوەتەوە، لە بەرئەنجامی كۆتاییدا پێگەی لاواز كردووە، ئەمە جگەلەوەی لەناوخۆی یەكێتیدا لەبەر بوونی باڵی جیاواز ناتوانن دیدگایەكی هاوبەش بۆ دەرەوەی خۆیان دروستبكەن، بەمەش پێگەی حزبەكەیان لاواز كردووە پەیامێكیان ناردووە بۆ دەرەوەی خۆیان، گوتارو دیدگایەكی هاوبەشیان نیە، خەڵك بەرمەبنای ئەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، سەرەڕای ئەوەی بە هەمان خەونی رابردووەوە دەژین كە ناوچەیەكی حزبی دیاریكراویان هەیە رەقەمی گەورەن لە هەرێمی كوردستاندا لەپاڵ پارتیدا چەكیان بەدەستەوەیەو پارەو پەیوەندی هەرێمایەتیان هەیە ئەمەش وایان لێدەكات شەریكێكی ڕاستەقینەی حوكمو دەسەڵاتبن، بەڵام بە بڕوای من یەكێتی لەسەر سێ ئاستدا دەبێت خۆی پێناسە بكاتەوە، لەسەر ئاستە نیشتیمانییەكە دەبێت خۆی پێناسە بكاتەوە لەبەرئەوەی ڕووداوەكانی رابردوو زۆر تەمومژیان خستۆتەسەر هەڵوێستی لەكاتێكدا یەكێتی لەڕووی مێژووییەوە هەندێك دروشمی بەرزكردۆتەوە كە لەپێش خەڵكی ترەوەبوو، بەڵام هەڵوێستەكانی لە هەندێك بڕگەی مێژوویدا وای لێكردووە لە ڕووی نەتەوەییەوە بە لاواز وێنا بكرێت، لەڕووی دیموكراسیشەوە پێویستی بە دووبارە خۆپێناسەكردنەوە هەیە. یەكێتی هەمیشە پێی وابووە دیموكراسیەتێكی زۆرتر لە خەڵكی تر پیادەدەكات ناوچەكانی فرەییەكی زۆرتری تیایە، بەڵام باسكردنی لە ساختەكاری گەورە بەتایبەتی لەو ناوچانەی یەكێتی تیایە، وای كردووە پرسیار بكەوێتە سەر ئەم دروشمەو ئەوەی ئایا چەند بڕوای بە دیموكراسییەك هەیە كە دەستوەردانی تیانەبێت بۆ سندوقەكانی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی چاكسازیشدا یەكێتی هەمیشە باسی چاكسازی راستەقینەی كردووە بەڵام گەندەڵی وەك ڕوونە بەرۆكی هەموو كوردستانی گرتووە خودی سەركردەكانی یەكێتیش باسی گەندەڵییەكی زۆر دەكەن، ئەمەش خۆپێناسەكردنەوەیەكی دەوێت لەسەر ئاستی چاكسازیدا، كەواتە یەكێتی گەر هێزێكی گرنگیش بێت پێویستی بە خۆبنیاتنانەوەو خۆپێناسەكردنەوە هەیە بۆئەوەی دەوروبەری لێی تێبگاتو گوێی لێبگرێت پێگەی لاواز نەبێت.. لە زیاد لە روویەكەوە خۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
زەمەن: پێشبینی دەكەن دواجار هەڵوێستی یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتدا چۆن بێت؟
ئەبوبەكر عەلی: پێموایە سەرئەنجام لەگەڵ پارتیدا لەسەر فۆڕمێك لە فۆڕمەكان رێكدەكەونو نابێت بە كێشە، لەبەرئەوەی راكێشانی هەر وەرەقەیەك لەدەرەوەی ئەمە بەزیانی یەكێتیو خەڵكی كوردستان دەشكێتەوە.
زەمەن: مەسەلەیەك هەیە كە بەرپرسانی باڵای یەكێتی خۆشیان نایشارنەوە ئەویش یەكلانەبوونەوەی باڵەكان لەسەر پۆستەكانی كابینەی نوێ، ئەم ململانێ تۆخە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكەن؟
ئەبوبەكر عەلی: یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە یەكێتی رۆڵی لاواز ببێت، بوونی ئەو باڵانەی ناوخۆیەتی، لە دەرەوە وادەردەكەوێت یەكێتی وەك هێزێكی تۆكمەو یەكگرتوو نەماوە، وەكو حزبێك بڕیاری ناوەندیو مەرجەعی سیاسی هەبێتو بتوانێت دەنگە جیاوازەكانی لە دەوری بڕیارێك كۆبكاتەوە، ئەمە خاڵێكە لە هەرە خاڵە لاوازەكانی یەكێتی، وایلێكردووە بەرامبەرەكانی هەم بتوانن یاری لەسەر پەتەكانی ناوەوەی بكەن هەم بەگوێرەی پێویست گرنگی بە بۆچوونەكانی نەدەنو نەشزانن لەگەڵ كێ مامەڵە دەكەن. بۆیە ئەمە كێشەو تەحەدییەكی گەورەیە بۆ یەكێتی، ئەگەر جاران باس لە جیاوازی بۆچوونو فرەمینبەریو تیشكێك لە تیشكەكانی سۆشیال دیموكرات كرابێت ئەوا لە ئێستادا لە راستیدا خاڵێكی لاوازو ئاشكرای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، هەموو خۆبیناكردنەوەیەكی یەكێتی لە داهاتوودا وەك هێزێك كە بیەوێت قۆناغێكی نوێ لە ژیانی سیاسی دەست، تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناوخۆییەی ئێستا دەخوازێت.
هـ.ح