کورد چاوەڕێى چی لە ئیدارەى نوێی ئەمەریکا دەکات؟
03:50 - 27/02/2021
زهمهن
لەبەرامبەر هەڕەشەکانى
تورکیا و ئێران و گروپە توندڕەوەکان، کوردى سوریا هیوایان لەسەر ئیدارەى جۆ بایدن
هەڵچنیوە و پێیانوایە لەلایەن ئەم ئیدارەیەوە پشتیوانییەکى زیاتر دەکرێن بەراورد
بە ئیدارەى پێشوى دۆناڵد ترەمپ. ئەمە کرۆکى راپۆرتێکى شکاریی پێگەى (مونتەدا
فکرە)یە سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانى کوردى عێراق و سوریا لە ئیدارەى نوێى ئەمەریکا
بە سەرۆکایەتى جۆ بایدن.
لە راپۆرتەکەدا هاتوە؛
"لەکاتێکدا ناوچەکە وردە وردە دەستوپەنجە لەگەڵ سەرکەوتنەکەى جۆبایدن نەرم
دەکات و پێشبینیەکان بۆ سیاسەتەکانى ناوبراو سەبارەت بە ناوچەکە رون دەبێتەوە،
کوردەکان وەک گروپێکى ئیتنیی لەم ناوچەیە گەشبینانە دەڕواننە ئەو سەرکەوتنە، چونکە
بەشێوەیەکى گشتیى زۆرینەى کوردانى سوریا و عێراق و ئێران پێیانوایە ئیدارەى نوێ
سیاسەتێکى دەرەوەی دادپەروەرانەتر لە ئاستیاندا دەگرێتە بەر، ئەمەش وا دەکات
متمانە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و کورد دروست ببێتەوە".
راپۆرتەکە ئاماژە بە
سیاسەتە خراپەکانى سەردەمى دۆناڵد ترەمپ دەکات بەرامبەر کورد و دەنوسێت: لە چوار
ساڵى رابردودا سیاسەتەکانى دۆناڵد ترەمپ بە هۆى نائومێدبونى کوردەکان، زۆرینەى
کورد ترەمپ وەک خراپترین سەرۆکى ئەمەریکى دەبینن سەبارەت بە دۆزەکەیان، بەشێکى
زۆریش لەم نائومێدیە بەهۆى ئەوەوە بو کە ترەمپ لە سوریا و عێراق کوردەکانى بۆ شەڕى
داعش بەکارهێنا، بەڵام دواتر پشتى تێکردن و بەتەنها لەبەردەم رەحمى ئێران و گروپە
چەکدارە شیعەکان لەلایەک تورکیا و ئەو گروپانەى پشتیوانیان دەکات، لەلایەکى تر،
بەجێى هێشتن.
پێشبینى پەیوەندیەکى
توندوتۆڵ دەکرێت
بەپێى راپۆرتەکە بەدور
نابینرێ لەسەردەمى بایدندا پەیوەندیەکى توندوتۆڵ لە نێوان ئیدارەى نوێ و کورد
دروست ببێت، بە پێچەوانەى سەردەمى ترەمپ، چونکە وەک راپۆرتەکە دەلێت: زۆرێک لە
بەرپرسە کوردەکان پێیانوایە پەیوەندیی و بەرژەوەندیەکى هاوبەشى ئەوتۆ هەیە لە
نێوان کوردەکان و ئەمەریکادا، کە دەتوانێ گەرەنتى ئەوە بکات ویلایەتە یەکگرتوەکان
پابەند بێت بە پشتیوانیەکى درێژخایەنى کوردەکانەوە .
بەڵام لە هەمانکاتدا
لەهەر جۆرە هەنگاوێکى لەم شێوەیەدا جۆبایدن روبەروى فشار لەلایەن ئێران و
تورکیاشەوە دەبێتەوە، هەردولا گروپەکانى سەربە خۆیان بەکار دەهێنن بۆ
هەڵوەشاندنەوەى هەر نزیک بونەوەیەک، لەرێگەى فشارخستنە سەر ئەمەریکا لەناوچەکەدا.
راپۆرتەکە دەڵێت: ئێران
و تورکیا و گروپەکانى نزیک لەوان نیگەرانن لەو هاوکارى و هەماهەنگیەى لە نێوان
کوردى سوریا و عێراق هەیە لەگەڵ ئیدارەى واشنتۆن لە دۆسیەى روبەروبونەوەى تیرۆردا.
گەورەترین نیگەرانى ئەم
دو وڵاتەش وەک راپۆرتەکە ئاماژەى بۆ کردوە ئەوەیە کە ولایەتە یەکگرتوەکانى
ئەمەریکا و هاوپەیمانى ناتۆ هەنگاو بۆ دروستکردنى دەوڵەتێکى کوردیی بنێن لە عێراق
و هەروەها دەسەڵاتى خۆ بەرێوەبردن بدەنە کوردى رۆژئاواى کوردستان.
عێراق
سەبارەت بە دەرفەتى
پەیوەندیی لە نێوان ئەمەریکا و کورد لە عێراق راپۆرتەکە نوسیویەتى: "دەرفەتى
هەماهەنگى و پێکەوە کارکردن لە نێوان ئیدارەى نوێ و کوردى عێراق سازو ئامادەیە،
سەرکردەکانى کورد لە عێراق پیشوازیان لە سەرکەوتنى بایدن کردوە و پێشوازیەکى
گەرمیان لێ کردوە، هۆکارى ئەوەش رونە، چونکە لە راپرسیەکەى ساڵى (2017) هەرێم ئەوێ
زیانێکى زۆریان بەرکەوت، دواى ئەوەى ریفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیى کرد، بەڵام لەو
کاتەوە هەستیان کرد ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، ئەمەش واى
کرد ئێران و تورکیا و حکومەتى عێراق و گروپە شیعە چەکدارەکان هێرش بکەنە سەر جێ
دەسەڵاتى کوردەکان و داگیرى بکەن، بەتایبەت لە شارى کەرکوک.
لەئیستادا کورد لە
عێراق لە چارەسەرکردنى ئەو ناکۆکیانەدان کە لەگەڵ حکومەتى ناوەند لە بەغدا سەبارەت
بە نەوت و بودجە دوچارى هاتون، بابەتێک بوەتە هۆى ئەوەى حکومەتى هەرێم نەتوانێت
موچەى فەرمانبەرەکانى بدات، هەروەها سەبارەت بە ناکۆکیەکان لەبارەى هێزەکانى
پێشمەرگە خوازیاى رێککەوتنن، ئەمە جگە لەوەى کورد خوازیارن سنورێک دابنرێت بۆ
دەسەڵاتى ئێران و تورکیا لەناوچەکانیان، بەتایبەت هێرشەکانى تورکیا لەناوچەکانى
ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێم، دژ بە پارتى کرێکارانى کوردستان.
راپۆرتەکەى مونتەدا
فیکرە نوسیویەتى: ئێستا کورد گەشبینن بەوەى ئیدارەى بایدن پشتیوانیان بێت بۆ
دوبارە کارکردنەوە بە رێکەوتنى نێوان حکومەتى بەغدا و کورد سەبارەت بە بەڕێوەبردنى
هاوبەش بۆ دۆسیەى ئاسایش لە ناوچە جێناکۆکەکان و دورخستنەوەى هێزەکانى حەشدى شەعبی
لەو ناوچانە.
هەروەها
پێیانوایە سیاسەتى تەقلیدیی ئەمەریکا لە عێراق کە هەمیشە پاڵ بە کوردەوە
دەنێت لەگەڵ ناوەند کار بکەن سیاسەتێکى نالۆژیکیە، چونکە ئێران کۆنترۆڵى بەشێکى
زۆرى سیاسەتى عێراقى کردوە، حکومەتى عێراق لە بەغدا لاوازە.
بۆیە وەک راپۆرتەکە
دەڵێت: دەکرێ لەم قۆناغەدا ئیدارەى بایدن پشتیوانیی زیاترى کوردەکان بکات ئەمەش
بەوەدەکرێت پەیوەندیەکانى ئەمەریکا لەگەڵ کورد زیاتر و بەهێزتر ببێت، هەروەها دۆخى
دیموکراتیى لە عێراق زیاتر برەوى پێ بدرێت، ژێرخانى ئابورى و گەشەپێدانى هەرێمى
کوردستان پشتیوانیەکى زیاتر بکرێت، بە ئامانجى سنوردارکردنى دەسەڵاتى ئێران و
تورکیا .
راپۆرتەکە ئاماژەى
کردوە بەهێزکردنى پیشمەرگە و کۆکردنەوەى لەچوارچێوەى سوپایەکى بەهێزدا و پێىوایە
ئەمە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ کەمکردنەوەى هێرش و هەڕەشە ئەمنیەکان لە عێراق، جگە
لەوەى دەسەڵاتى حەشدى شەعبى کەم دەکاتەوە، بەم پێیە ئەم هێزە ئەگەر ببیتە
سوپایەکى بەهێز دەبێتە هێزێکى باوەڕ پێکراو لەلایەن ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتوەکان
لە پێناو روبەروبوبونەوەى تیرۆرو هەڕەشە ئەمنیەکان.
سوریا
راپۆرتەکە نوسیویەتى
"بردنەوەى بایدن لاى کوردى سوریا وەک دیاریەک وابو لەلایەن خوداوە، چونکە
سیاسەتى ترەمپ لەسوریا بەشێوەیەکى گشتى لەبەرژەوەندى تورکیا بوە، بەتایبەت لە دواى
شەڕى داعش ترەمپ پشتى لەوان کرد و هەموناوچەکانى بۆ تورکیا چۆڵکرد".
بەپێى راپۆرتەکە
ئیدارەى ترەمپ هەوڵى داوە کورد بخاتە ریزى ئەو هێزانەى سەر بە تورکیان، بەڵام وەک
راپۆرتەکە دەڵێت: "ئەم سیاسەتە هیچ سودێکى نەبو جگە لە کەمکردنەوەى دەسەڵاتى
ئەمەریکا لە سوریا و لەبەرامبەردا هاوکارى نێوان تورکیا و ئێران و روسیاى دژ بە
کوردەکان بەهێزترکرد و خەونى کوردەکانى بۆ بەدەستهێنانى خۆ بەرێوەبەریی لەناو برد".
لەبەشێکى تریدا
راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوە کردوە؛ بەم دواییانە هەڕەشەکان بۆ سەر کوردى سوریا زیاتر
بوە، لە هەمانکاتدا ئەو هەڕەشانە مەترسیی بۆ بەرژەوەندیەکانى ئەمەریکاش دروستکرد،
تورکیا و هێزە دۆستەکانى هەماهەنگیەکانیان لە ناوچەکانى باکورى رۆژهەڵاتى (سوریا –
رۆژئاڤا) لەگەڵ هێزەکانى روسیا زیاتر کرد.
جەنەراڵ مەزڵوم کۆبانێ
سەرۆکى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت: "هێشتا رێکخراوى داعش
هەڕەشەى گەورەیە بۆ سەر ناوچەکەو جیهان، بنکەى مەشقیان هەیە لەناوچەکانى
ژێردەسەڵاتى رژێمى سوریا و بیابانەکانى عێراق، بۆیە پێویستە جەنگەکە لە دژیان
بەردەوام بێت تاسەرکەوتن".
لەم چوار چێوەیەشدا
دەڵێت: "پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتوەکان ژمارەى هێزەکانى لەم ناوچەیە
زیاتر بکات، واچاوەڕوان لە ئیدارەى بایدن دەکەین، پارێزگارى لە بونى سەربازى
هاوپەیمانان لەناوچەکەمان بکات، تا ئەو کاتەى دەگەینە چارەسەرێکى سیاسیى کە ببیێتە
هۆى دروستبونى سەقامگیرى لەناوچەى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا بەتایبەت و سوریا
بەگشتى، کار لەسەر توندوتۆڵکردنى پەیوەندیەکانمان لە روى سەربازى و سیاسى
لەگەڵ سەرۆک دەکەین، ناوچەکەمان پێویستى بە ئیدارەیەکە کار بۆ کەمکردنەوەى
بارگرژى و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسیەت و چارەسەرى سیاسى بکات."
"هاوپهیمانێتیەک لە نێوان کوردى سوریا و ئەمەریکا
پێویستە"
راپۆرتەکە پێیوایە؛
دامەزراندنى هاوپەیمانێتیەک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و کوردى سوریا کارێکى
پێویستە ئەم هاوپەیمانێتیە دەتوانێت بەرژەوەندیەکانى هەردولا بپارێزێت، چونکە
مەشقکردن بە هێزە کوردیەکان و پڕچەککردنیان و هاوکاریکردنیان بۆ دامەزراندنى
هەرێمێکى فیدراڵى سەقامگیرى دێنێتە ئاراوە، ئەمەش ژینگەیەکى لەبار بۆ
بەرژەوەندیەکانى ئەمەریکا لەو ناوچەیە دروستدەکات، چونکە دروستکردنى ئیدارەیەکى
کوردیی بەهێز لە یەککاتدا دەتوانێت رێگر بێت لە گەڕانەوەى داعش لەمپەرێکیشە
لەبەردەم فراوانخوازیی ئێران و تورکیا و رژێمى ئەسەد و روسیا.
حەسەن ساڵح سەرکردە لە
پارتى یەکێتى کوردستانى ئازاد دەڵێت: "گەلى کورد هیوایەکى زۆرى بە ئیدارەى
نوێ ئەمەریکا هەیە پاش ئەوەى ترەمپ چاوى لە قوربانیەکانى کورد نوقاند لە
شەڕى داعش و گلۆپى سەوزى بۆ تورکیا هەڵکرد ناوچەکانیان داگیر بکات، تەنانەت پێش ئەوەش
هێزەکانى تورکیا زۆر ناوچەیان داگیرکردو هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیان دا."
دەشڵێت: "گەلى
کوردمان خوازیارى دامەزراندنى هەرێمى کوردستانى سوریایە، لە چوارچێوەى دەوڵەتێکى
فیدراڵى لە سوریا، چونکە ئەمە رێگر دەبێت لە دوبارە بونەوەى کارەساتەکان، هەروەک
کۆتایی بە دەسەڵاتى تورکیا و ئێران و روسیا دێنێت لە سوریا و دەبێتە هۆى دورستبونى
ئاشتى لە سوریا.
راپۆتەکە نوسیویەتى؛
پێناچی ویلایەتە یەکگرتوەکان بەهۆى بونى چەکدارەکانى سەربە تورکیا بەئاسانى
بتوانێت لە بارودۆخى سوریادا زیاتر رۆبچێت، هەربۆیە لە دۆخێکى ئاوادا هاوپەیمانە
کوردەکان پێویستیان بە پشتیوانیەکى گەورەترى ئەمەریکایە بۆ ئەوەى لەحاڵەتى بەرگرى
بگوازنەوە بۆ حاڵەتى پەلاماردان و گروپەکانى سەربە تورکیا لاواز بکەن و بێگومان
دەستکەوتى ئەم جۆرە سیاسەتەش زۆر دەبێت، بۆنمونە لە حاڵەتى پاشەکشەى تورکیا لە
باکورى رۆژهەڵاتى سوریا دەکرێ ویلایتە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانە کوردەکانى
دەستبکەن بە دوبارە بونیاد نانەوەى هێزە کوردیەکان و کۆنترۆڵى کوردەکان بەسەر
ئیدارەى ناوچەکەدا زیاتر بکەن، بەمەش سەقامگیرەیەکى زیاتر لەناوچەکەدا دورست ئەبێت
و رێکخراوە تیرۆرستیەکانیش دور دەخرێنەوە.
عهبدوڵا رێشاویی_سایتی سبهی