794 کوردستان

كۆتا پێشنیار دراوه‌ته‌ به‌غدا و رێككه‌وتن نزیكه‌

06:05 - 23/02/2021

زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان

هێشتا پڕۆژەیاسای بودجە، لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەنێردراوه‌ بۆ سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مان، به‌رپرسانیش جه‌خت له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ رێككه‌وتن.



ئه‌مرۆ سێشەممە 23 شوباتی 2021، بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، هێشتا کۆتا کۆپی هەموارکراوی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021، لەلایەن لیژنەی داراییەوە نەگەشتووەتە دەست سەرۆکایەتی په‌رله‌مان.


دکتۆر بەشیر حەداد، روونیشکردەوە، کە بەمەبەستی تەواوکردنی خولی دانووستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بواری دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2021، شاندی حکومەتی هەرێمی کورستان ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا.


وتیشی: ئومێدی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوولا هەیە بۆ گەیشتن بە رێگە چارەیەکی گونجاو و هاوبەش و نەهێشتنی ناکۆکییەکان پێش پەسەندکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق.


لایخۆیه‌وه‌، نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە شاندی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە تا ئەوکاتەی پڕۆژەی یاسای بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە و دەشڵێت، کۆتا پێشنیاریان داوەتە پەرلەمان ئەویش دەقی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکومەتە.

 

فارس عیسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ڕاگەیاند: "شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم لە کاتی ئێستادا ناگەڕێتەوە بەغدا، ئەوکاتە شاندی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە کە کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بەڕێوە دەچن، نزیکبوونەوەیەکی باش لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەیە لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن