بەشیر حەداد داوای قەرەبووی زیانلێكەوتوانی دابەزینی بەهای دینار دەكات
08:44 - 16/01/2021
زەمەن_بەغداد
جێگری سەرۆکی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە قەرەبووى ئەو چین و توێژانەی
کۆمەڵگە بکرێتەوە کە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆبوونەوەی
رۆژی چوارشەممە رێککەوتی ١٣/١/٢٠٢١، بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد رایگەیاند، بابەتی دابەزینی
بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران
دا نەبووە و پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵی و بانکی ناوەندی عێراقەوە هەبووە کە
بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگە زیانیان پێکەوت بەتایبەت جووتیاران
و بەڵێندەران .
دکتۆر بەشیر
حەداد، بە پێویستی زانی حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی ئەوان کەسانە بکاتەوە کە بەهۆی
دابەزینی بەهای دینارەوە زیانیان بەرکەوتووە و داواشی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی
نوێنەران کرد کە چارەسەری ئەو بابەتە بکەن وحکومەت ناچار بکەن بۆ ئەوەی بەشێک لە
بودجە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە دیاری بکات.
سەبارەت بە
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
رایگەیاند، ''سەرەتا و پێش هەموو شت پێویستە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان بخرێتە دەرەوەی ململانێ سیاسییەکان''، داواشی لە هەردوو
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد بەزووترین کات کێشەکانیان چارەسەر
بکەن و پەیوەندییەکان ئاسایی بکەنەوە.
حەداد ئاماژەشی
بەوەدا کە حکومەتی فیدراڵی لەبەرامبەر شایستە داراییەکانی جوتیاران زۆر کەمتەرخەم
بووە و پێویستە شایستە داراییەکانی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان
خەرج بکات.
جێگری سەرۆکی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند کە شەهیدانی هەڵەبجە و پارێزگاکانی دیکەی
هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان نیە لەگەڵ شەهیدانی ناوچەکانی دیکەی وڵات و بە
پێویستی زانی حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی کەسوکاری
شەهیدانی هەڵەبجە و زیندانیانی سیاسی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.