545 عیراق

دادوەرى دۆسییەکە: بەپێی بەڵگەکان ترەمپ تۆمەتبارە بە کوشتنى ئەبو مەهدى موهەندیس

10:34 - 14/01/2021

زەمەن ــ عێراق


دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو موھەندیس رایگەیاند، فەرمانى دەستگیر کردنى ترەمپ، دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوەی تەواوەتی و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و گوێگرتن لە وتەی شایەتحاڵەکان و سکاڵاکاران بووه‌ لەلایەن دادگاوە.


دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكه‌، كه‌ ناوی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، رایگەیاندووە: "بریاری دەستگیرکردنی ترەمپ لەسەر بنەمای ماددەی ٤٠٦ بووە لە یاسای سزادانی عێراقی دوای تۆمەتبارکردنی بە کوشتنی ئەبو مەھدی موھەندیس و ھاورێکانی".

دادوەرى راسپێردراوى دۆسییەکە ئاماژەى بەوەکردووە، "فەرمانەکە دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی لێکۆڵینەوەی تەواوەتی و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و گوێگرتن لە وتەی شایەتحاڵەکان و سکاڵاکاران بووه‌ لەلایەن دادگاوە".

بەوتەى ئەو دادوەرە، دادگا وەک کەیسێکی تاوانکاری کە لەسەر خاکی عێراق روویداوە سەیری دۆسیەکەی کردووە و دوای نزیکەی ساڵێک کارکردن و بەداواداچوون لە دۆسیەکە و لەسەر بنەمای یاسا عێراقییه‌كان بڕیارەکە دراوە.

دوێنێ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە دەرکراوە، لەڕێگەی بەدواداچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئاژانسەکانی دیکەی ئەو وڵاته‌وه‌ بووه‌.

لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن