557 دیمانە

جەمال کۆچەر: دەبێت شاندێکى باڵاى سیاسی هەرێم بێنە بەغدا

05:11 - 06/01/2021


سازدانی: سه‌رچین ساڵح
د. جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عێراق باس لە رێوشوێنەکانى تێپەڕاندنى پرۆژە یاسایی بودجەى ساڵى ٢٠٢١ی عێراق دەکات و جەخت دەکاتەوە هەرێم دەبێت پابەندبێت و ئەو پابەندنەبوونەوەى لە رابردوودا بێ متمانەیی دروستکردووە.
جه‌مال كۆچه‌ر لەم چاوپێکەوتنە تایبه‌ته‌یدا لەگەڵ "زەمەن"  پێیوایە لە پەرلەمانى عێراق دا دەستکارى پشکى کورد ناکرێت بەڵام دەستکارى شێوازى رێککەوتنى نێوان هەرێم و ناوەند دەکرێت.

زەمەن: پرۆژه‌ بودجه‌ی عێراق به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟
جەمال کۆچەر: پرۆژە یاسای بودجەى ساڵى ٢٠٢١ عێراق ئێستا لە پەرلەمانە، دواى ئەوەى خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت دەرگاى گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یساکە دەکرێتەوە، پێدەچێت ئەگەر بۆ رۆژى شەممە کۆبونەوەى پەرلەمان بکرێت لە خشته‌ی کاردا دادەنرێت و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ دەکرێت.

زەمەن: په‌ر‌له‌مان ده‌بێت له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژدا په‌سه‌ندی بكات؟
جەمال کۆچەر: هیچ کاتێکى دیاریکراونییە پەرلەمان ناچاربکات لەو کاتەدا پرۆژەکە پەسەند بکات، بەڵام پێشبینى دەکەم ٢٠ تا ٣٠ رۆژمان پێویستە بۆ قسەکردن لەسەر پرۆژەکە و پەسەندکردنى.

زەمەن: گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ی 2021 له‌ نێوهۆڵی په‌رله‌مان جیاوازی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ گفتوگۆكانی تری ساڵانی رابردوو له‌سه‌ر بودجه، ئێوەش هەست بەوەدەکەن‌؟
جەمال کۆچەر: بەڵێ، روون و ئاشکرایە، ئەگەر هەرێم نەرمى نەنوێنێت رەنگە گقتوگۆکان قورسبن، ئەوان دەڵێن متمانەمان نەماوە، ئێوە هیچتان رادەستنەکردووە و ئیتر دەبێت رادەستى بکەن.

زەمەن: ئەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق فشارلە فراکسیۆنەکانیان دەکەن نەرمى بنوێنن؟
جەمال کۆچەر: لەو بڕوایەدام شاندێکى سیاسی باڵا بچێتە بەغدا لەوانەیە کاریگەرى هەبێت  لەسەر گۆڕێنى بۆچوونى بەشێک لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان، پەرلەمانتار ناڵێم هەمووى بەڵام هەندێکیان تائێستاش گوێ لە حزبەکەى دەگرێت، هەرچەندە نزیکین لە هەڵبژاردن و موزایەدات زۆرە و بڕواناکەم لایەنەسیاسییەکانیش بەو نەرمییەى جاران قسە لەگەڵ هەرێم دا بکات.

زەمەن: تاچه‌ند مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌ستكاری كردنی پشكی كورد هه‌یه‌؟
جەمال کۆچەر: دەستکارى پارە ناکرێت بەڵام دەستکارى ئەوە دەکرێت چی جۆرە رێککەوتنێک بکرێن لە نێوان هەرێم و بەغدا.

زەمەن: كورد ده‌توانێت رێگربێت له‌ئه‌وه‌ی حه‌قی بخورێت؟
جەمال کۆچەر: ئەگەر وەک یاساى کورتهێنانى دارایی بە زۆرینە دەنگى لەسەر بدرێت  ئێمە کەمینەین بە هەموومان ٥٨ کۆرسین لە کۆى ٣٢٩ کورسی پەرلەمان، یانى ٢٠%  بۆیە کەمینەیەن و ناتوانین رێگرى بکەین.

زەمەن: چ گرنتییه‌ك هه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌ په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم نه‌نێرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یاسای كورتهێنانی داراییدا روویدا؟
جەمال کۆچەر: بەغدا هەموو جارێک پارەى هەرێمى ناردووە ئەوەى پابەند نەبووە هەرێمى کوردستان بووە و هیچى رادەستنەکردووە، بۆیە کێشە لاى ئێمەیە نەک لاى ئەوان، ئەگەر هەرێم پابەند بێت هیچ کێشەیەک دروست نابێت و بەغدا بەشە بودجەى هەرێم دەنێرێت.

زەمەن: وه‌ك له‌ یاساكه‌دا هاتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌وه‌ی رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، له‌سه‌ریه‌تی داهاته‌ نه‌وتی و نا نه‌وتیه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی، چی مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه‌ هه‌یه‌؟
جەمال کۆچەر: کە بابەت هاتە سەر زۆرینە و کەمینە ئەوەى حەزیان لێی بێت دەینوسن و تێیدەپەڕێنن، ئێمە کەمینەین، دەبێت قیادەى سیاسی کوردی بێتە بەغدا و پێیان بڵێن، ئەگەر دەبێتە زۆرینە و کەمینە با ئێمە واز لە بەغدا بێنین، ئەگەر تەوافق و تەوازن ماون با ئێمە بمێنین و موراعاتى یەکترى بکەین، پێشبینى دەکەین پەرلەمانتارانى عێراق داواى داهاتى خاڵەسنورییەکان و فڕۆکەخانەکان و زیادکردنى ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەیش بکەن کە لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە.

زەمەن: ئه‌ی چی مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستكاریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؟‌ كه‌ به‌ 12 ترلیۆن و 489 ملیار و 510 ملیۆن و 120 هه‌زار دینار دیاریكراوه‌؟
جەمال کۆچەر: هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، بەڵام کە شاندى سیاسی هاتە بەغدا لایەنەسیاسییەکان حاڵى بکات ئەو ژمارە لە کوێوە هاتووە، با نەڵێن سێ پارێزگاى هەرێم بەقەد ١٢ پارێزگاى عێراق وەردەگرن.

زەمەن: له‌ حاڵه‌تێكدا پێچه‌وانه‌ی خواست و داواكارییه‌كانی كورد پرۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ند كرا، ئایا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر به‌شداری كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق؟
جەمال کۆچەر: ئەوە دەبێت حکومەتى هەرێم بڕیاربدات، بەڵام ئەگەر بەبێ کورد یاساکە تێپەڕێنرا و کوردیش نەرمى نواند، ئەوکاتە دەبێت هەموو پێگەى کوردى لە بەغدا موراجەعەى خۆى بکات.

زەمەن: قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كورد سه‌رۆك كۆمار و سێ وه‌زاره‌ت و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و نزیكه‌ی 50 نوێنه‌ری له‌ په‌رله‌مان و سه‌دان بریكار و به‌رێوه‌به‌ری گشتی له‌ حكومه‌تی عێراق دا هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نه‌توانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ناردنی پشكی كورد و ئاراسته‌ی كاركردنی حكومه‌ت نه‌بێت بون و نه‌بونیان وه‌ك یه‌ك نییه‌؟
جەمال کۆچەر: وایە هەمووى لە جێگاى خۆیدایە، ئەوانە نەتوانن بەشی هەرێم دابینبکەن دیارە خەلەلێک لە خۆماندا هەیە، ئەگینا چۆن بەشداربوین لە نوسینى دەستور و پێکهێنانى کابینەکانى حکومەت، بەڵام ناتوانین مافى خۆمان مسۆگەر بکەین، هۆکارەکەى ئەوەیە ناوماڵى کوردى رێکخرا و پاکبوایە ئەوەى ئێستا لەگەڵمان دەکرێت لە بەغدا بەوشێوەیە نەدەبوو، ئەگەر هەرێم بەگوێرەى دەستور ئامادەبێت بە رادەستکردنى داهات وەک ١٥ پارێزگاکاى تر بەدڵنیاییەوە وەزعی ئێمە ئەوە نەدەبوو، ئەگەر حکومەتى هەرێم وازى لە گەندەڵى بهێنایە حاڵمان وانەدەبوو!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن