کۆجیتۆی شاعیر
11:28 - 30/11/2020
حسێن لەتیف
1
شیعر گەمە کردن نییە بە وشەکان، گوزارشت کردنە بە وشەکان. شیعر
بارگاویکردنی وشەیە بە ئایدیای ژیاندۆستی و ئێستاتیکانە. کاتێ شیعر
بەتەنها گەمەکردن بێت بە وشە ئەوا خاڵی دەبێتەوە لە ڕەهەندی
میتافیزیکیانە. وشە ناخوازێت شیعر گەمەی پێبکات بەڵکو دەخوازێت بەهۆیەوە
بیربکاتەوە و پەیوەندی لەگەڵ وەرگر دروست بکات. شاعیر دەتوانێت بەهۆی
زمانەوە بیر بکاتەوە . بیرکردنەوە بە زمان واتە گۆڕینی خەون بۆ وشە.
سوریالیزمەکان بەهۆی زمانەوە بیریان دەکردەوە خەوەنەکانیان چۆن دەبینی هەر
بەو شێوە دەیانبردە ناو شیعرەکانیانەوە.
هەندێ جار بەو شێوەی خەونیان دەبینی بەو شێوەیش دەژیان. سۆفیەکانیش بەهەمان
شێوەی سوریالیزمەکان حاڵەتە ئیشراقییەکانیان بردووەتە ناو
شیعرەکانیانەوە. تێگەیشتن لە شیعر پێویستی بەوەیە بزانین شیعر گۆڕینی
زمانی خەونە بۆ سەر زمانی وشە.
2
شاعیرانێ گەمە بە وشە دەکەن لەبری نووسینەوەی جوانی، لەبارەی جوانییەوە
دەنووسن. لەبریتی نووسینەوەی خەون لەبارەی خەونەوە دەنووسن، لەبری شیعر
نووسین هەوڵی شیعر نووسین دەدەن.
سەختی تێگەیشتن لە شیعری شاعیرانی سۆفی و سوریالیزم، دەگەڕێتەوە بۆسەختی
وەرگێڕانی خەون و حاڵەتی ئیشراقی بۆ زمانی وشەکان.
3
شاعیر بوونەوەرێکی خەون بینە، خەون سەرچاوەی وزەی نووسینە، بەردەوامی و
وەستانی هەر شاعیرێک لە شیعر نووسین گرێدراوی خەونە. شیعر نووسین،
نووسینەوەی خەونە. شاعیرانێک هەن خەون دەنووسنەوە، شاعیرانێکی تر هەن
لەبارەی خەونەکانیانەوە دەنووسن. ئەو شاعیرانەی لەبارەی خەونەوە دەنووسن
گەمە بە زمان دەکەن، ئەو شاعیرانەشی خەون دەنووسنەوە لە زماندا بیر
دەکەنەوە.
4
شاعیر لە زماندا بیر دەکاتەوە، بیرکردنەوە لە زماندا، وەرگێڕانێکی
داهێنەرانەیە لە نێوان خەون و وشە دا.
5
شیعری خراپ بوونی نییە، ئەوەی هەیە شاعیرێکی خراپە،توانای خەون بینینی
نییە، لە بریتی نووسینەوەی خەون لەبارەی خەونەکەیەوە دەنووسێت.
6
لەناو عەرەب دا ئەدۆنیس ،لە کتێبی سیاسەتی شیعر دا ،لەشیعری کوردیش دا
سەباح ڕەنجدەر لەکتێبی چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە باسی ئەوەیان کردووە،
نووسینەوەی شتەکان جیاوازە لەگەڵ نووسین لە بارەی شتەکانەوە.
7
شیعر شتگەلێکی زۆرمان لەبارەی شاعیرەکەیەوە پێ دەڵێت. بۆ ئاشنا بوون بە هەر
شاعیرێک پێویست ناکات دوور بڕۆین ، خوێندنەوەی دەق هەموو شتێکمان لەبارەی
مەعریفەی ئەوەوە پێ دەڵێت.
8
زمان ماڵی بوونە بە وتەی هایدگەر. بۆ من زمان ئەو ماڵەیە جێگای خەونی
شاعیران و ئیشراقی سۆفێکانی تێدا دەبێتەوە.
9
ئەگەر کۆجیتۆ فەلسەفیەکەی دیکارت بریتی بووبێت لەوەی ( من بیردەکەمەوە
کەواتە من هەم) ئەوا کۆجیتۆی شیعریی شاعیر ئەوەیە من خەونەکانم دەگۆڕم
بۆ وشە کەواتە من شاعیرم.