وەزارەتى پەروەردە سێ بڕیارى لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە دەرکرد
09:53 - 19/10/2020
"زەمەن"
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان سێ بڕیارى
نوێى لەبارەى پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵەوە دەرکرد و بەپێى بڕیارەکان، دەبێت، مامۆستایان
پابەندبن بە تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و تاقیکردنەوەکانیش لە هەمان ئەو وادەیەدا
بەڕێوەدەچن کە لەساڵنامەی خوێندندا ئاماژەی پێکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی
لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکدا کە واژۆى بورهان عەبدوڵاى بەڕێوەبەرى
بەسەرەوەیە و ئاڕاستەی پەروەردەی پارێزگاکان کراوە، ئاماژە بەوەکراوە کە پێویستە ئەمساڵ
مامۆستایان پابەندبن بە تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن و پڕۆگرام کەمناکرێتەوە.
هاوکات بڕیار دراوە، خوێندنی پرۆگرامەکان بەگوێرەی
ریزبەندی بێت و بەش و بەندەکان نابێت پاش و پێش-یان پێبکرێت.
هەروەها تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز، مانگانە و
تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لە هەمان ئەو وادەیەدا
بەڕێوەدەچن کە لەساڵنامەی خوێندندا ئاماژەی پێکراوە.