2266 دیمانە

وته‌بێژی ته‌ندروستی: 55 كه‌س مردوون داوای كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له‌مان كردووه‌

09:22 - 07/10/2020

سازدانی: سه‌رچین ساڵح


د.یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای"زەمەن" نهێنییەكانی پشت بەرزبوونەوەی رێژەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە سلێمانی ئاشكرادەكات، باس لە ئەگەری قەدەغەی هاتوچۆو رێكارەكانی رێگری لە تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە دەخاتەروو.

 
زەمەن: دۆخی تەندروستی سلێمانی چۆن هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن؟

د.یاد نەقشبەندی: ماوەی هەفتەیەكە حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە ئاستێكی بەرزدایە، دۆخەكە بە گشتی لە هەرێمی كوردستاندا هەڵكشانی بە خۆیەوە بینیوە.

زەمەن: هۆكارەكەی چییە؟

 
د.یاد نەقشبەندی: هۆكارەكەی كەمبونەوەی پابەندبونی هاوڵاتیانە بە رێنماییەكانی خۆپارێزی، كەمبونەوەی پابەندبوونی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن بە رێكارەكانی چارەسەری، جگەلەوەش لە وەرزی پایزداین تێكەڵەیەك هەیە لە نێوان پەتا وەرزییەكان و كۆرۆنادا، هەڵایەكی ئیعلامی ناتەندروست و نازانستیانە كرا لەسەر بابەتی ڤاكسین، كە بابەتی ڤاكسین لەرووی ئیداری و تەندروستییەوە كارێكی قورسەو كاتی دەوێت ئیشی وردی دەوێت، ئەمانە هۆكاربوون بۆ ساردبونەی هاوڵاتیان بەرامبەر رێكارەكانی خۆپارێزی، هۆكارێكی تر ئەوەیە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم و عێراقەوە نەخۆش سەردانی سەنتەرەكانی كۆرۆنا لەسلێمانی دەكات، لە نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی دوو ژوور نەبێ هەمووی نەخۆشی پارێزگاكانی تری عێراقە، لەماوەی پێنج رۆژدا 55 هەڵگری ڤایرۆسەكە لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە ئەوانەیش هەمووی خەڵكی سلێمانی نیەو خەڵكی پارێزگاكانی هەرێم و عێراقی تێدایە، ئەمەش وایكردووە ژمارەی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە سلێمانی هەڵكشان بەخۆیەوە ببینێت.

زەمەن: بارودۆخی توشبوان لە چی ئاستێكدایە؟

د.یاد نەقشبەندی: ئێستا شێوازێك دروستبووە هاوڵاتیان تاباری تەندروستیان تێكنەچێت سەردانی سەنتەرەكانی كۆرۆنا ناكەن، بەڵكو سەردانی كەسانێك دەكەن رەنگە نەتوانن لەرووی زانستیەوە چارەسەرێكی ورد بۆ ڤایرۆسەكە بكەن، بۆیە كاتێك دێنەلای ئێمە باری تەندروستیان ناجێگیرە و زۆربەیان ئۆكسجینیان دادەبەزێت، هەموو ئەوانەی ئێستا لە سەنتەرەكانی كۆرۆنادان هەموویان پێویستیان بە ئۆكسجینەو بەشێكیشیان لە ژێر چاودێری وردی پزیشكیدان.

زەمەن: بۆچی ئاماری مردن لە سنوری سلێمانی بەراورد بە ئاماری توشبون بە كۆرۆنا بەرزبوەتەوە؟

 
د.یاد نەقشبەندی: لە رابردوودا ئەگەر 200 حاڵەتی توشبون رابگەیەنرایە 10 حاڵەت پێویستی بە نەخۆشخانە هەبووە، بەڵام ئێستا 100 حاڵەت رادەگەینرێت 40 یان لە نەخۆشخانەكاندا داخل دەبن، بە رێژەیش رۆژانە زیاتر لە 10 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماردەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەنها ئەوانەدێن و پشكنین ئەنجامدەدەن كە باری تەندروستیان ناجێگیرە، ئەمەش چارەسەری زیاترو كاتی زیاتریان پێویستە وادەكات كە نەخۆشخانەكان پڕببن لە نەخۆش.

زەمەن: لیژنەیەكتان دروستكردووە بۆ بەدواداچوون  بۆ بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان، گەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك؟

د.یاد نەقشبەندی: نەخێر، ئەمڕۆ كۆبونەوەكرا لە بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئەو لیژنەیە پێشتر هەبوەو هەمیشە بەدواداچوون كراوە، ئەوەی دەبینرێت ئێمە وەك كەرتی تەندروستی ناتوانین بڵێن بەرپرسین لە رووبەروبونەوەی كۆرۆنا، وەك چۆن سەرەتا لیژنەی باڵا هەبوو لە وەزارەتی تەندروستی و لە پارێزگاكاندا ژووری ئۆپراسیۆنەكان هەبوو هەموو لایەنەپەیوەندی دارەكان بە بابەتەكەوە لە لیژنەكەدا هەبوون، داوای كۆبونەوەی بە پەلەی لیژنەكەمان كردووە بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی بۆئەوەی ئیجرائاتەكان توندبكرێتەوە، ئەو ئاسایكردنەوەی دۆخی ژیان كە كرا لە پڕ هۆكارێك بوو بۆئەوەی ئامارەكان هەڵكشان بەخۆیەوە ببینێت و نەخۆشخانەكان پڕببنەوە.

زەمەن: پێتان وایە قەدەغەی هاتوچۆ هیچ لە دۆخەكە دەگۆڕێت؟

 
د.یاد نەقشبەندی: نەخێر، بە هیچ شێوازێك لەگەڵ كەرەنتینەی تەواوەتی یان قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی نین، لەبەرئەوەی یەكێك لەو هۆكارانەی دەستی ئێمەی بەستبوو لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان و ئیجرائاتەكان كە بە شێوەی زانستی بڕوات خراپی باری ئابوری هاوڵاتیان و نەبووی مووچە، لە ئێستاشدا دۆخی هاوڵاتیان مەعیشەتیان رێگە بەوەنادات قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بكرێت، بەڵام دەكرێت هەندێك لە ئیجرائاتەكان لە پێشوتردا دەكرا ئێستا جێبەجێبكرێت، ئەویش رێنماییەكان چڕتر بكرێتەوەو ئیجرائات بكرێت بەرامبەر ئەو شوێنانەی رێنماییەكانی خۆپارێزی جێبەجێناكەن، هەروەها ئەو كۆروكۆبونەوانەی پەیوەندی بە مەعیشەتی هاوڵاتیانەوە نیە رابگیرێت و كۆنترۆڵ بكرێت.

زەمەن:دانانی پرسەو كۆبونەوەی هاوڵاتیان تاچەند هۆكاربووە؟

 
د.یاد نەقشبەندی:هەموو كۆڕوكۆبونەوەیەك چی سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی، بێگومان هۆكارە، لە هەمووی وردتر دەستپێكردنی ئیجرائاتە لەنێو فەرمانگە حكومییەكاندا كە رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكات ئەویش هۆكارێكی ترە بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە.

زەمەن: نزیكدەبینەوە لە كردنەوەی قوتابخانەو زانكۆكان لەگەڵ ئەوەدان وەك ساڵانی رابردوو دەست بەخوێندن بكرێتەوە؟

 
د.یاد نەقشبەندی: دەبێت بەدواداچوونی وردو چاودێری ورد بكرێت بۆئەوەی رێنماییە تەندروستییەكانی خۆپارێزی و تاكپارێزی سەد لە سەد جێبەجێبكرێت.

زەمەن: وەك كەرتی تەندروستی كەموكوڕیتان چییە و پێویستان بەچییە؟

د.یاد نەقشبەندی: كەرتی تەندروستی توانایەكی دیاری كراوی هەیە، ئەوەی لەسەر كەرتی تەندروستییە جێبەجێكراوە، وڵاتانی زۆر پێشكەوتوتر لە ئێمە نەیتوانیوە دۆخەكە كۆنترۆڵبكات، ئەگەر هاوڵاتیان هاوكارنەبن و رەچاوی خۆپارێزی و چارەسەری بە وردی نەكرێت هەموو نەخۆشخانەكانی سلێمانی بە حكومی و ئەهلیشەوە تایبەت بكەین بە كۆرۆنا توانین دۆخەكە كۆنترۆڵبكەین، ئەوەی دۆخەكە كۆنترۆڵدەكات تاكپارێزی و جێبەجێكردنی رێنماییەكانە.

زەمەن: گەشتكردن لە سنورەكانەوە ئاسایی بووەتەوە تاچەند كاریگەری كردۆتەسەر بەرزبونەوەی حاڵەتەكان؟

 

 د.یاد نەقشبەندی: هاتنی ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ماوەی رابردوودا هۆكاربووە بۆیە دەبێت ئیجرائاتەكان توندبكرێتەوە.

زەمەن: ئیجرائاتەكان دەبێت كێ جێبەجێی بكات؟

 
د.یاد نەقشبەندی: پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدارەوەیە كە ئەویش فرە لایەنە و رێنمایمان پێداون بۆ ئەوەی بەدواداچوون بكەن.

زەمەن: چی دەكەن بۆئەوەی ئامارەكانی گیانلەدەستدان كۆنترۆڵبكرێت و لەوەزیاتر تەشەنە نەكات؟

 

 
د.یاد نەقشبەندی: دەبێت هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزیبن و كۆبونەوەی بە پەلەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ رووبەرووبونەوەی كۆرۆنا، رێنمای بە هاوڵاتیان بدرێت وابكرێت هەر حاڵەتێكیان هەبوو كە گومانیان هەبوو هەڵگری ڤایرۆسەكەیە راستەوخۆ سەردانی پزیشكی پسپۆڕبكەن، بۆئەوەی دۆخەكە قورستر نەبێت لەسەریان و لە نیشانە سەرەتاییەكاندا بتوانین كۆنترۆڵی بكەین.

زەمەن: گەیشتوەنەتە ئەو دەرئەنجامەی ئەوانەی گیان لەدەست دەدەن نەخۆشییەكە دۆخی تەندروستیانی قورسكردووەو درەنگ سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە؟

د.یاد نەقشبەندی: بێگومان یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە نەخۆشخانەكان قەرەباڵخ بن و حاڵەتەكانی گیانلەدەستدان زۆربوون ئەوەیە لەسەرەتای دەركەوتنی نیشانەكاندا پابەندی رێنماییەكانی چارەسەرنابن یان سەردنی پزیشكی پسپۆڕ ناكەن بۆئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن