شیعر بۆ من پرسێکی گرنگە! (وەڵامێک بۆ بەختیار سەجادی)
08:28 - 23/09/2020
حسێن لەتیف
ئێمەش بە زیاد لە زمانێک و دوو زمان ئەدەبیات دەخوێنینەوە، بەردەوام هەست بە قوتابی بوونی خۆم دەکەم، هەرکاتێکیش پرسیارێکم لێبکرێت هەوڵئەدەم بە لە خۆبووردووییەوە بیر لە وەڵامەکەی بکەمەوە، ئەگەر زانیم وەڵام دەدەمەوە، ئەگەریش نەمزانی دەڕۆم بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێم. لەوەتەی هەم بەردەوامیش ڕۆژانە لەبارەی شیعر و فەلسەفەی شیعرەوە دەخوێنمەوە، خوێندنەوە بەگشتی، خوێندنەوەی شیعر و ڕەخنەی ئەدەبی بەتایبەتی، فێری لەخۆبووردووییان کردووم نەک غرور. خوێندنەوە و زانین بۆ من پرسێکی تایبەتن نەک گشتی. بەو شێوەی وەرزشکارێک گۆڕەپان و تۆپی خۆش دەوێت، شیعرو ئەدەبیاتم خۆش دەوێت. نانیشم لەسەر شیعر و ئەدەبیات نییە، بەڵکو نانی ماڵ و مناڵیشم بەخشیووە بە شیعر. کاتێ جەنابت ووتت (دە پرسیار دەکەم لەبارەی شیعرەوە، وەڵامی یەکیان نازانن) هەستم نەکرد لەبەردەم ئەدیبێکدام سەروکاری لەگەڵ شیعر هەبێت، هەستم کرد کەسێک مەتەڵ دادەهێنێت بەڵام (دالێک) لەپێش ناوەکەیەوەیەتی! هەرچەندە کاک توانا ئەمین وەڵامی گونجاوی دایتەوە، منیش ویستم وەڵامت بدەمەوە، بەڵام کاک تەلعەت تاهیر ووتی: کۆتایی بە دانیشتنەکە دەهێنن. منیش بۆ ڕێزگرتن لە ئادابی کۆڕ و ئەتەکێتی قسەکردنی خۆم بێدەنگ بووم.تۆ ل ەبەردەم کامێراکان و لەڕێگای پەخشی ئۆنلاینەوە پۆزی مەعریفەت لێدا، شانست هەبوو کاک تەلعەت کۆتایی بەدانیشتنەکە هێنا، ئەگینا ئێمەش بەپرسیار و وەڵام ئاستی مەعریفی تۆمان نیشانی هەمووان دەدا. ئەگینا منیش دەپرسیارم لەسەر شیعری عەرەبی و جیهانی لێدەکردیت . ئێمە ئاگاداری قسەکردنە فەلسەفیەکانی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و هیگڵ و هایدگەرین لەسەر شیعر،ئێمە کتێبی تێوریمان لەوبارەوە هەیە، بەش بەحاڵی خۆم دوو کتێبی تێۆرییم لەسەر شیعر نووسیووەوبڵاوکراونەتەوە.
بۆیە بەپرسیاری ئەو دکتۆرانە ناشڵەژێین، پێشەنگی ئەدەبی عەرەبی دکتۆر تەها حوسێن (بە فەرمانبەری ئەدەب ناویان دەبات)..بەڕێزتان تازە دێن بە شێوازی مامۆستا و قوتابی باسی کلاسیزم و ڕۆمانسیزم دەکەن وەک ئەوەی لەباشوری کوردستان کتێب نەبێت لەوبارەیەوە. لەساڵانی حەفتاکانەوە بەڕێزان حەمید عەزیز و دکتۆر کەمال میراودەلی و مامۆستا ئەحمەدسالار، بەزمانە شیرین و ڕەوان و پاراوەکەی خۆیان کتێبیان لەسەر ئەو ڕێبازانە بۆ ئێمە نووسیووە. ئەو بەڕێزانە لە ئایکۆنەکانی ناو ڕۆشنبیریی کوردیین لەباشوور، واتە گەرکەسێکیش هیچ زمانێک نەزانێت،ئەوا بەزمانی کوردی چەندسەرچاوەی گرنگی لە بەردەستایە. بۆیە لەمەودوا جیاوازی لەنێوان هۆڵی زانکۆ و کۆڕە ئەدەبیەکانی دەرەوەی زانکۆ بکەیت، بۆ پێگەی خۆت لە ناوەندەکەدا باشترە.!