هەر خێزانێك 25 ملیۆن دینارو پارچەیەك زەوی پێدەدرێت
10:02 - 14/09/2020
"زەمەن"
پارێزگاری دهۆك رایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، پارچە زەوی و 25 ملیۆن دینار دەدرێتە نزیكەی 100 سەرۆك خێزانی نیشتەجێی كەمپی شیڤ چناركێ لە شیلادزێ.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك وتی، "هەریەك لەو خێزانانە 25 ملیۆن دیناری پێدەدرێت لەگەڵ پارچەیەك زەوی، بۆ ئەوەی چیدی لەژێر خێوەتدا نەژین و خانوو بۆخۆیان دروست بكەن".
پارێزگاری دهۆك وتیشی، "ئەو خێزانانە ماوەیەكی زۆر لەژێر خێمەدا دەژین بەهۆی قەیرانی داراییەوە كێشەكانیان بۆ چارەسەر نەكراوە".
كەمپی شیڤ چناركێ لە شیلادزێ كە نزیكەی 100 خێزان لێی نیشتەجێن، خەڵكی باشووری كوردستانن، بەڵام پێش ساڵانی نەوەتەكان ئاوارەی ئێران و توركیا بوون، چەند ساڵێك لەوێ لە ئاوارەییدا ژیاون تاوەكو ساڵی 2010 گەڕاونەتەوە.