بۆچى ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم بێ كاریگهره؟
03:18 - 09/09/2020
"زهمهن"
سەنگ و قورسایى لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن
لە هەرێمى کوردستان بارتەقایى ناڕەزایى و دەنگى شەقام نیە، پرۆسەى سیاسى بەبێ
ئۆپۆزسیۆنێکى کاریگەر و بەهێز رێ دەکات.
لە ناو پەرلەمانى کوردستان پێنج
فراکسیۆنى ئۆپۆزسیۆن هەن، بەڵام کارى هاوبەش و پێکەوەیى و متمانە لە نێوانیاندا
نیە، هاوکاتیش نارەزایەکى بەرفراوانى نا رێکخراو لە شەقام هەیە.
متبونێک دواى هەیەجانى گۆڕان
پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان تا
پێش ٢٠٠٩ مۆدێلێکى حزبى بوو، مێژووى دروستبوونى ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەکى رێکخراو
هاوکاتە لەگەڵ بەشداری بزوتنەوەى گۆڕان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
لە سیستمی دیموكراسیدا
ئامانجی حزبی سیاسی ململانێكردنە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام ئەو حزبەی نەگەیشتە
دەسەڵات دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن و چاودێری حكومەت بكات و رەخنەی لێبگرێت.
گۆڕان لە یەکەم بەشداریدا ٢٥ کورسى
پەرلەمانى بەدەستهێنا و ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆى راگەیاند و تەکانێکى گەورەى بە رەوتى
دیموکراسیدا، بەوەشەوە نەوەستا بەرەیەکى لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان پێکهێنا، لەگەڵ کۆمەڵى
ئیسلامى و یەکگرتووى ئیسلامى، هەر سێ لایەنەکە لە پەرلەمانى کوردستان نزیکەى ٤٠
کورسیان هەبوو.
لەم قۆناغەدا بەرەى ئۆپۆزسیۆن لە شەقام
و لە پەرلەمانیش هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بوو، پاکچێەکانى چاکسازییان بۆ گۆڕانکاریى و
چاککردنى چەوتییەکانى پرۆسەى سیاسى خستەڕوو.
هەر لەم قۆناغەدا بەرەى ئۆپۆزسیۆن
لەلایەن نەوشیروان مستەفا یەکێک لە کارەکتەرە سیاسی و بەهێزەکانى گۆڕەپانى سیاسى
هەرێم رابەرایەتى دەکرا، لەگەڵ عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى و سەلاحەدین
بەهادین ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى هاوڕا و تەبابوون و متمانە لە
نێوانیاندا هەبوو.
فراکسیۆنەکانیشیان لە پەرلەمان پێکەوە
پرۆژەیان پێشکەش دەکرد و کارى پێکەوەییان هەبوو.
زۆربەى چاودێرانى سیاسى ئەم قۆناغە، بە زەمەنى
زێڕینى ئۆپۆزسیۆن ناو دەبەن، عەلى مەحمود چاودێرى سیاسى پێیوایە ئۆپۆزسیۆن وشەیەکى
موقەدەس نیە و مەرج نیە هێزێک یان گروپێک تاسەر ئۆپۆزسیۆن بێت و تا کۆتایش خەڵک
لەگەڵ هێزێکى ئۆپۆزسیۆندا بن.
لاوازبوونى بەرەى ئۆپۆزسیۆن
بزوتنەوەى گۆڕان، لە دووەم بەشداریدا
لە هەڵبژاردن دروشمى بەرەو دەسەڵاتى بەرزکردەوە و بە ٢٤ کورسى بووە دووەم هێز و
بەشدارى حکومەتى کرد.
ئەگەرچى فراکسیۆنەکەى لەپەرلەمان هێشتا
بە نەفەسى ئۆپۆزسیۆن کارى دەکرد و لەپرسى سەرۆکایەتى هەرێمدا دژى خواستى پارتى
دیموکراتى کوردستان وەستایەوە کە حکومەتى لەگەڵ پێکهێنابوو، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى
لەدواى چوونى گۆڕان بۆ ناو حکومەت، بەرەى ئۆپۆزسیۆن رووى لە لاوازى کرد، بە جۆرێک
کاریگەرییەکانى رۆژ لە دواى رۆژ زیاتر دەردەکەون و چ لەسەر ئاستى شەقام بێت یان
پەرلەمان.
ئێستا ئەگەرچى ناڕەزایى خەڵک لە رەوشى
سیاسیى و ئابوورى لە ترۆپکدایە و حکومەتیش بە ئەرکى تەواوەتى خۆى هەڵنەستاوە،
بەڵام بەرەى ئۆپۆزسیۆن بەرەیەکى پەرتەوازە و لاوازە، هەماهەنگى و کارى هاوبەش لە
نێوان فراکسیۆنەکانى پەرلەماندا نیە و لە شەقامیش بە دەنگ بانگەوازى یەکترەوە
ناچن.
لهم خولهى پهرلهمان پێنج لایهنى ئۆپۆزسیۆن خاوهنى ٢١
كورسى پهرلهمانن، لایهنه بهشدارهكانى حكومهت، پارتى، یهكێتى، گۆڕان،
پێكهاتهكان، سۆسیالست، خاوهنى ٩٠كورسى پهرلهمانن.
یەکگرتوو، ٥ کورسى، کۆمەڵ ٧ کورسى، نەوەى نوێ ٤ کورسى،
سەربەخۆکان_نەوەى نوێ، چوار کورسى، شیوعى یەک کورسى پەرلەمانیان هەیە و
ئۆپۆزسیۆنن.
بە هەموویانەوە ٢١ کورسى پەرلەمانیان هەیە، بەڵام هێشتا
پرۆژەیەکى هاوبەشیان نەبووە، هیچ کاتێکیش نەبووە لە دانیشتنێکى پەرلەماندا
هاوهەڵویست و یەکدەنگبن.
ئەبوبەکر هەڵەدنى، یەکێک لە پەرلەمانتارە
دیارەکانى ئۆپۆزسیۆن لە فراکسیۆنى یەکگرتوو، دەڵێت لەرووى چەندایەتى و چۆنایەتیەوە
ئۆپۆزسیۆن لاوازەو نەمانتوانیوە لە دەورى پرۆژەیەکى هاوبەش کۆببینەوە، لە خولەکانى
سێیەم و چوارەمدا پرۆژەى هاوبەش نەبووە.
لەبارەى نەبوونى متمانەوە وتى: هێزەکانى
ئۆپۆزسیۆنیش ئیشکالەتى خۆیان هەیە و هەندێکیان نەفەسیان کورتە و پێیوایە مێژوو لە
خۆتەوە دەستپێدەکات و کارەکانى لایەنەکانى تر نادیدە دەگرێت.
بێ متمانەى نێوان لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن
کێشەیەکى ترى ئۆپۆزسیۆن لەم قۆناغەدا ئەوەیە چالاکیی
سیاسیی خۆی لە میدیا کورتکردوەتەوە، تائێستاش سەرکردەکانى لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان
یەکتریشیان نەبینیوە.
مانگى رابردوو شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى
نەوەى نوێ بانگەوازى بۆ دوو خۆپیشاندانى سەرتاسەرى کرد، هەرچەندە لە سنوورى
پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە بەشێک لە موچەخۆران بەدەم بانگەوازەکەیەوە رۆیشتن،
بەڵام هیچ کام لەسەرکردە و بەرپرسانى کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشدارییان لە
خۆپیشاندانەکاندا نەکرد.
لە پەیامێکیشدا بە جیا شاسوار عەبدولواحید داواى لە
کەسانى یەکەمى کۆمەڵ و یەکگرتوو کرد سەرمەشقى خۆپیشاندان و نارەزاییەکان بکەن و
ئەو دوایان دەکەوێت، لەمەشدا وەڵام نەدرایەوە.
بەبڕواى عەلى مەحمود چاودێرى سیاسى متمانەى سیاسى لە نێوان ئەم
هێزانەدا لاوازە و پێشبینیش ناکات لەم خولەدا ئۆپۆزسیۆن بەهێز بێتەوە.
ئەو زیاتر لەبارەى هۆکارەکانیەوە دواو وتى: ئەم هێزانە پێشتر
تاقیکراونەتەوە و خۆیان لەناو پرۆسەى سیاسیدا بوون، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشداربوون
لە پرۆسەى سیاسى و نەوەى نوێ لە رووى ئابوورییەوە بەشدارە لە پرۆسەکە.
ئۆپۆزسیۆنێکى شەرمن
لەم خولەدا نەوەى نوێ و یەکگرتوو بە ئاشکرا ئۆپۆزسیۆنبوونى
خۆیان راگەیاند، دواى چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونیان فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەتبوو
ئەوەش لەسەرئەنجامى کێشە ناوخۆییەکانى جوڵانەوەکە.
خودى سەرۆکى جوڵانەوەکەش لەسەر پرسى بەکارهێنانى سۆشیال میدیا
بەشێوازێکى ناتەندروست دەستگیرکرا، ئەوەش بێ متمانەى لاى خەڵک دروست کرد.
بە سروشتى خۆشى یەکگرتووى ئیسلامى هێزێکى نەرمە و بڕواى بە
توندوتیژى نیە، ئێستاش کە لە ئۆپۆزسیۆندا هەڵوێستەکانى لە شەقام و پەرلەمان بە
جۆرێکى کاریگەر نین.
لە ماوەى رابردوودا کۆمەڵى ئیسلامى وەک هێزێکى خاوەن پرەنسیپ و
خۆڕاگر دەناسرا، بەڵام لەسەروبەندى کابینەى نۆیەمدا بێدەنگى هەڵبژارد و و تا دوا
ساتەکانى پێکهێنانى کابینەى نۆیەم چاوەڕوانبوو بەشدارى حکومەت بکات و تائێستا
ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆى راگەیاندووە، ئەوەش وایکردووە ناسنامەى ئەم هێزە ناڕوون بێت.
عەلى مەحمود، دەڵێت لەناو ئەو سێ هێزەدا تەنیا یەکگرتوو حزبە،
کۆمەڵ و نەوەى نوێ حزب نین، زیاتر عەلى باپیر و شاسوار عەبدلواحید حسابن و دیارن.
وتیشى: لەگەڵ ئەوەشدا نزیکبونەوەى فیکرى و سیاسیان نیە و پشت بە
شەقام نابەستن و بڕوایان بەوە نیە گۆڕانکارى لە شەقامەوە بکرێت.
لە قاڵبدانى ئۆپۆزسیۆن
رەنگە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن پاساوى خۆیان هەبێت بۆ هۆکارى بێ
کاریگەرییان، ئێستا لە پەرلەمانى کوردستان کە سەکۆیەکى گرنگە بۆ کارى ئۆپۆزسیۆن و
چاودێرى دەسەڵات، زۆرینەی پەرلەمانى لە بەرژەوەندى لایەنەکانى دەسەڵاتدایە.
هەرچەندە هەندێکجار پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى گۆڕان دەنگ و
هەڵوێستیان بە نەفەسى ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى٩٠ دەنگى ناو پەرلەمان
لەسەر بەرەى دەسەڵات ماڵە.
پارتى دیموکراتى کوردستانیش کە زۆربەى جومگەکانى حکومڕانى لە
دەستدایە ٤٥ کورسى هەیە و لەگەڵ ١١ کورسى کۆتاکان دەتوانێت هەموو پرسێک بە دەنگدان
لە بەرژەوەندى خۆى یەکلابکاتەوە.
لە ماوەى رابردووشدا لەو رێگەیەوە توانى متمانە لە سۆران عومەر یەکێک لە دیارترین
پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەکان وەربگرێتەوە.
ئەبوبەکر هەڵەدنى پێیوایە ئەم خولەى پەرلەمانى کوردستان وەک
بوکەڵەیەکى لێهاتووە و هەموو پرسێک بە زۆرینە و کەمینە لەبەرژەوەندى هێزى خاوەن
دەسەڵات یەکلادەکرێتەوە.
بە تێگەیشتنى عەلى مەحمود، چاودێرى سیاسى هۆکارێکى ترى بێ
کاریگەرى ئۆپۆزسیۆن دیار نەبوونى کۆى سیستمى سیاسیە لە هەرێمى کوردستان، ئەو وتى:
ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش تائێستا شکڵێکى فیکرى سیاسى وەرنەگرتووە و هیوادارم ژیانى
سیاسى بەسەر دوو بەرەدا دابەشبێت لە نمونەى چەپ و راست، یان سۆسیالیستى و
سەرمایەدارى.