کازمى: ئەو کەسانەى پێشێلکاریان بەرامبەر منداڵەکە کرد روبەڕوى یاسا دەکرێنەوە
01:02 - 03/08/2020
"زەمەن"
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پێشوازی لە حامد سەعید، ئەو نەوجەوانە کرد کە رۆژی رابردوو گرتە ڤیدیۆی سووکایەتی پێکردنی لە مێدیاکان و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، ئەو کەسانەى پێشێلکاریان بەرامبەر منداڵەکە کرد روبەڕوى یاسا دەکرێنەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "کازمی
پێشوازی لە حامد سەعید کردووە کە "رووبەڕووی کارێکی نا ئەخلاقی و نایاسایی بووەوە"
تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی بڕیاریداوە
بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بەمەستی دیاریکردنی ناوی سەرپێچیکاران لە هێزەکانی
پاراستنی یاسا و کۆتاییهێنان بە راژەی کارکردنیان هەروەها رەوانەکردنی دۆسیەکانیان
بۆ دادگا.
دوێنی بەشێک لە میدیاکانی عێراق و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی گرتەیەکی ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە
کە تیایدا دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان بەدڕندەترین شێوە سووکایەتی بە نەوجەوانێک دەکەن.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئەو نەواجەوانە لە ناوەڕاستی
مانگی ئایاری رابردوو بەتاوانی دزینی ماتۆڕسکیلێک راگیراوە، رووداوەکەش ٢٠ رۆژ پێش
دەستگیرکردنی روویداوە.