ماناکانی تێکست
11:12 - 02/08/2020
حسێن لەتیف
هەرکەسێ نادان نەبێت خۆی تالیبی مەعنا دەکا......(نالی).
دەقی ئەدەبی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانایە،هیچ دەقێکی ئەدەبی خاڵی و داماڵراو لە مانا بوونی نییە.دەق هەوڵی بەخشینی مانایە بە تێما،یان هەوڵی لێسەندنەوەی مانایە لە تێمایەک و لەبریتی دا مانای تری پێدەبەخشێت. دەق لەیەک کاتدا هەم بەرهەمهێنی مانایە و هەم پرۆسەی گۆڕینی مانا بەڕێوە دەبات.
پرۆسەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مانا،بەتەنها ئەرکی دەقنووس نییە،بەڵکو خوێنەریش جەمسەرێکی تری ئەو بەرهەمهێنانەیە و پرۆسەی گۆڕینی مانا بەڕێوە دەبات. بەبێ بوونی خوێنەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مانا،کورت دەهێنێت،بەڵکو ئامادەنەبوونی خوێنەر لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گۆڕینی مانا دا،دەبێتە هۆی سست کردنی دەق.دەشێت هەموو دەقێک هەڵگری هێزی ژیان بێت،بەڵام هەموو دەقێکیش لە چاوەڕوانی خوێنەرێکدایە،ئەوهێزەی کە هەڵگرێتی نیشانی ئێمەی بدات. لە کارخستنی دەسەڵاتی دەقنووس،کردنەوەی ئاسۆکانی دەقە بەڕووی خوێنەردا،تاخوێنەر بەچاوی خۆی جیهانی دەق ببینێت نەک بەو شێوەی دەقنووس دەخوازێت.
شەمسی تەبرێزی دەڵێت:(وای دانێ ئەو کاغەزە ڕوویەکی لە تۆیە و ڕووەکەی تری لەیار، ئەو ڕووەی لە تۆیە خوێندووتەتەوە،ئەو ڕووەشی کە لەیارە دەبێت بیخوێنیتەوە).دەقی ئەدەبی ئەو کاغەزەیە شەمس ئاماژەی بۆ کردووە،ڕوویەکی لەدەقنووسە، ڕووەکەی تری لە خوێنەرە.خوێنەرێک هەیە بە مانا ئامادەکانی ناو دەق ڕازیە کە دەقنووس بەرهەمی هێناون،خوێنەرێکی تریش بەماناکانی دەقنووس ناڕازی یەو لەبریتی دا خۆی مانا بەدەق دەبەخشێت.
ئەو خوێنەرەی خۆی مانا بەدەق دەبەخشێت،خوێنەرێکی دانایە بە دەربڕینی نالی بەدوای مانا دا دەگەڕێت.
بۆرخێس،ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تامی سێو بەتەنها لەسێو خۆی دا نییە،لە دەمیش دا نییە،بەڵکو لە پەیوەندی بە یەک گەیشتنی دەم و سێوەکەدایە بە یەکتر.
لەم ڕوانگەوە پرۆسەی بەرهەم هێنانی مانا بەتەنها لە دەق دا نییە،بە تەنها لای خوێنەر نییە،بەڵکو لەپرۆسەی خوێندنەوەدا دروست دەبێت.
خوێنەر کەسێکە ڕوانگەی بۆ دەق هەیە،دەقنووسیش خۆی بەجۆرێکی تر خوێنەرە،خوێنەری دەقگەلێکی ترە. دەرهێنەرەکان و میوزیکژەنەکان و ڕەخنەگرەکان ئەوخوێنەرانەن مانای خۆیان بەدەق دەبەخشن.
هاملێت،یەکێکە لەو دەقانەی شەکسپیر بەردەوام لە ڕوانگەی جیاوازە وکاری لەسەر دەکرێت.ئەو دەقە ئەکرێت وەک دەقێکی دەروونی لێی بڕوانین،ڕەهەندی دەروونی ئەو دەقە زۆر تۆخە،بەڵام هاوڕێمان دانا ڕەئووف، باس لەوە دەکات ( لەهاڤانا،نومایشێکی بینووە،تیایدا هاملێت بە جلو بەرگی سەربازی و لە فۆرمی چێ جیڤارادا دەرکەوتووە و شەهیدبووە،بەڵام هۆراشیۆ نەیهێشتووە ئاڵا سوورەکە بکەوێتە زەوی) .ئەم خوێندنەوە چەپ و مارکسیانە بیرکردنەوەی خوێنەرێکە بە مانا شکسپیرێکەی هاملێت ڕازی نەبووە،لەڕێگای کارەکتەری هاملێت و هۆراشیۆوە، دەیەوێت پێمان بڵێت خەباتی گەلانی چەوساوە دژ بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداری بەردەوامە.
یان دەقی لەچاوەڕوانی گۆدۆ دا، بۆ منی خوێنەر دەقێکە لە ئەنفال جیانابێتەوە،بۆ من گۆدۆ هاتنەوە و نە هاتنەوەی ئەنفالەکانە.چاوەڕوانی من بۆ هاتنەوەی ئەنفالەکان دۆخێکی ماندووکەرە وەک چاوەڕوانی دووکارەکتەرەکە لە هاتنی گۆدۆ دا.مانایەک من بە دەقی لە چاوەڕوانی گۆدۆ دا دەبەخشم تەواو جیاوازە لە مانایەک عاشقێک پێی دەبەخشێت.دەشێت بۆ عاشقێک گۆدۆ هاتنی یار بێت. لەخوێنەرێکەوە بۆیەکێ تر بەخشین و گۆڕینی مانا بە دەق دەگۆڕێت،ئەمەش بەگوێرەی ڕوانگە جیاوازەکان بۆ داق ڕوو دەدات.پرۆسەی بەخشین و گۆڕینی مانا بەدەق ،یارمەتی باشتر تێگەشتنمان لە دەق دەدات،چونکە دەق بوونێکی ناکامڵی هەیە.