825 عیراق

ئه‌مڕۆ دیالۆگی ئه‌منی نێوان عێراق و ئه‌مریكا ده‌ستپێده‌كات

12:14 - 10/06/2020

دیسكی شیكاری "زه‌مه‌ن"

بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 10ی حوزه‌یرانی 2020، دانوستاندنەكانی عێراق و ئەمەریكا دەست پێبكات بۆ پێداچوونەوە بە ڕێكەوتنامەی ئەمنی نێوان، كه‌ ساڵی 2008 واژۆ كرا.

بۆ هه‌رێمی کوردستان لەم ساتەوەختەدا هەر داڕشتنەوەو رێکخستنەوەیەکی ئەو رێککەوتننامەیە مەسەلەیەکی ئێجگار چارەنوسساز دەبێت. بۆ دیاریکردنی داهاتوی ئەم هەرێم و چۆنیەتی تەرتیب کردنی دۆسیەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ‌و بونی هێزەکانی ئەمەریکا لە کوردستان.
 
سه‌رۆك ترامپ لەبەردەم تاقیکردنەوەی هەڵبژاردندایەو ئەوەی بەلایەوە بەپلەی یەکەم گرنگە بەدەستهێنانی دەنگی ئەمەریکییەکان‌و هەڵبژاردنەوەیەتی، لەبەرئەوە لەسەر لایەنە کوردییەکان پێویستە خۆیان بۆ هەمو ئەگەرێک ئامادە بکەن. 

وەک ئاشکرایە له‌کاتی بانگه‌شه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مه‌ریکا، یه‌کێک له‌ به‌ڵێنه‌کانی سه‌رۆک باڕاک ئۆباما ئه‌وه‌ بو که‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌دات به‌ زووترین کات پاشه‌ کشێی هێزه‌کانی له‌ عێراق جێبه‌جێ بکات. 

پاش دانوساندنێکی دوورو درێژ له‌ نێوان نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌ بوو له‌ ڕۆژی ٢٠٠٨⁄١١⁄٢٧ په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه‌ی ١٤٤ ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ ٣٥ ده‌نگ ده‌قی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئه‌منی و پلانی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌ عیراق په‌سه‌ند کرد.

به‌شیک له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی عێراق به‌ تایبه‌ت سوننه‌کان و هه‌ندێکیش له‌ شیعه‌کان به‌شداری ئه‌و کۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان نه‌کرد که‌ ته‌رخان کرابو بۆ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه‌، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و ڕیکه‌وتنامه‌یه‌ له‌ ده‌ستدانی سه‌روه‌ری عیراقه‌.

پێشتریش له‌ کاتی گه‌رمه‌ی دانوساندنه‌کاندا مالیکی ده‌سه‌ڵاتی له‌ نوێنه‌ره‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ (هوشیار زێباری و له‌بید عه‌بباوی و چه‌ند لێپرسراوێکی تر) سه‌نده‌وه‌، راسته‌وخۆ مالیکی خۆی و دارو ده‌سته‌که‌ی سه‌رپه‌رشتی قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانی دانوساندنه‌که‌یان ئه‌کرد.


پێكاهاتەی وەفدەكان:
وەفدی  ئەمەریكا بۆ دانوستانەكانی عێراق و ئەمەریكا بریتین لە:
١- جێگری وەزیری دەرەوە دەیڤد هێڵ.
٢- یاریدەدەری وەزیری دەرەوە دەیڤد شینكەر.
٣-فرانس ڤانۆن یاریدەدەری وەزیری دەرەوە.
٤-جۆی هود جێگری شینكەر.
٥- دەیڤد كۆبلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە.
٦- ماسیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق.
مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەڕشتی پرۆسەكە دەكات.


وەفدی عێڕاق بۆ دانوستاندنەكە پێكهاتووە لە :
١-عبدالكریم هاشم  بریكاری وه‌زاره‌تی دەرەوە و جیگرەكەی حارس حەسەب.
٢-فەرید یاسین باڵوێزی ئٔێستای عێراق لە واشنتن.
٣-  لوقمان فەیلی باڵوێزی پێشووی عێراق لە واشنتن.
٤- فەوزی هەریری سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، وەك نوێنەری كورد لەگەڵ وەفدی عێراق بەشداری پێدەكرێت.

تیمی عێراق ڕاستەوخۆ لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن