هەواڵ

مـــــن

11:20 - 15/02/2020 492 جار خوێندراوەتەوە

ڤینۆس فایەق


من کە ئەو هەموو ئازارە بووم
ئەو هەموو تاریکییە بووم
ئیستا ئەستێرەیەکم،
خاڵی خاڵی 
لە نزا 
لە نوور
لە درەوشانەوە
پێکەنینم روو لە کزبوون دەکات

تۆ بە چەشنی بوغوردەکەی نەنکم
کەپووم داگیردەکەی
بە چەشنی تامی هەنار
عەسرانم دەڕازێنیتەوە
بە چەشنی خۆر 
رووناکی لە حەوشەکەما پەرش و بڵاودەکەیتەوە
تۆ بە چەشنی خۆت 
هەموو بەهارێک گرەوی عەشقم لێ دەبەیتەوە

من کە ئەو هەموو هاوار و تەنهاییە بووم
ئەو هەموو هەڵچوون و داچوونە بووم
ئێستا دەبینی دەنگم بەرزە
دەبینی بەس خۆمم
من کە گەڕەکێک لە شەرەف و
شارێک لە کوشتن بووم
ئەودەمەی کە نیشتمانێک لە تاوان بووم
کیشوەرێک لە جەهالەت بووم
لە خانەکانی لەشمدا میکرۆبی گەڕەک و
عەشرەتێک زاوزێیان دەکرد
لە بنی نینۆکمەوە کرمی جەهالەت
بە گەمژەیی ئاوس دەبوو
ئیستا ئیتر لە “من” ئەبوورم
پێستم دادەکەنم
ئێسقانەکانم دەردەهێنم
قژم دەسوتێنم
ئەو دەمەی من ئەو هەموو گریانە بووم
هەردوو چاوم کوێر دەکەم
هەردوو دەستم لێدەکەمەوە
هەردوو قاچم فڕێدەدەم
لەگەڵ “من”دا نەفرەتیان لێدەکەم
رۆحم... بە تەنها رۆحم دەمێنێ
ئاسمانێک پڕ دەکات 
گەردوونێک سیخناخ دەکات
لە هەسارەیەکی تر نیشتەجێ دەبم
بەیانیان خۆر دەشۆمەوە و بە چاوە دەیخۆم
نیوەڕوان خۆڵ دەکوڵێنم و 
لەگەڵ ئاوا بە کەفی ئاگر و هەور خۆم دەشۆم
ئێواران بەدیار پەنجەرەیەکی ئاوریشمییەوە
دادەنیشم و هەرسێکیان بە ئاسماندا هەڵدەدەم 
بە شەویش دوای ئەوەی 
کە ئەو هەموو نیگەرانییە 
ئەو هەموو تاریکییە بووم
لە ناو گەردوونێکی ترا 
چادرێک هەڵدەدەم و
چرایەک دادەگیرسێنم
“من” دەکوژم و
رۆحم بۆ ژیانێکی راستەقینە هەڵدەگرم.

ئەم شیعرە لە ژمارە ٣٤ی پاشکۆی زەمەندا بڵاوکراوەتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement