1147 دیمانە

مستەفا چاوڕەش: ناكرێت هەموو جارێك 121 كەس كۆبینەوە

09:18 - 06/01/2020

سازدانی: زەمەن

مستەفا چاوڕەش، بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی سەركردایەتی كۆنگرەی یەكێتییە، پەیڕەوی ناوخۆ ئەو مافەی دەداتێ‌ سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبونەوەی 124 كەسی گرنگ و چارەنووسساز بكات، كە پێی دەوترێت ئەنجومەنی گشتی و لەو كۆبونەوەیەدا كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی تێدا دەدرێت.
چاوڕەش سەبارەت بە سەرۆكایەتیكردنی یەكەمین كۆبونەوەو هۆكاری دواكەوتنی دەڵێت: “بە شەرەفێكی گەورەی ئەزانم كە سەرۆكایەتی یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی گشتی بكەم، هۆكاری دواكەوتنەكەش پێم وانیە هۆكاری سیاسی بێت، پشووەكانی سەری ساڵ بەشێكە لە هۆكارەكە”.

 

زەمەن: بەپێی تەمەن كە ئێستا (73) ساڵیت، پەیڕەوی ناوخۆ ئەو چانسەی بە بەڕێزتان داوە، وەك ئەندامێكی هەڵبژێردراوی سەركردایەتی، یەكەم كۆبونەوەی گشتی سەركردایەتی بەڕێوە ببەیت، بەرنامەو ئامادەكارییەكانی ئەو كۆبونەوەیە لای ئێوە چۆنە؟
مستەفا چاوڕەش:
بە شەرەفێكی گەورەی ئەزانم كە سەرۆكایەتی یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی گشتی دەكەم ئەگەر هیچ كێشەیەك نەیەتە پێشەوە، منیش ئەوەی لە بەرنامەمدایە شتێك نیە خۆمی بۆ ئامادەبكەم، سەرەتا پیرۆزبایی لەوانە دەكەم كە دەرچوون لە كەسوكاری شەهیدان‌و تێكۆشەرە دێرینەكان‌و ئەوانەیش كە دەرنەچوون، بەتایبەتی ئەو چەند خوشك و برا تێكۆشەرەی سەركردایەتی پێشوو. 


زەمەن: بۆچی یەكەم كۆبونەوەی سەركردایەتی گشتی دواكەوتووە؟
مستەفا چاوڕەش:
هۆكارەكەی نازانم، لەبەرئەوەی لەوكاتەوەی كۆنگرە تەواوبووە كەسیانم نەدیوەو تەلەفونیشم بۆ كەسیان نەكردووە، بەڵام دواخستنەكەی رەنگە بەهۆی سەری ساڵەوە بێت تا بەرنامەی بۆ ئامادە دەكرێت، پێم وانیە هۆكاری سیاسی بێت لەوانەیە هەندێك برادەر گلەیی هەبێت‌و وەڵام بدرێنەوە.

 

زەمەن: بەپێی رەشنووسی پەیڕەو بڕیاربوو 121 كەس ببن بە ئەندامی سەركردایەتی، بەڵام ئێستا بوون بە 124 ئایا هەر وائەبێ یان چارەسەر ئەكرێ؟
مستەفا چاوڕەش:
كاك بەرهەم‌و كاك قوباد‌و رێوازخان دەچنە سەر ئەو ژمارەیەو لە ژمارەكە دەردەكرێت واتە 121 ئەبێت بە 118 ئەو سێ كەسە دەخرێتە شوێنیان.

زەمەن: بەڵام جگە لەو سێ كەسە ناوی 121 كەس راگەیەنراوە؟
مستەفا چاوڕەش:
من ئەوە یەكەمجارە ئەیبیستم زۆر لایشم موهیم نیە ئەوەیان چارەسەر دەكرێت، با نۆش لە بانی دە بێت، ئەگەر یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئیشەكان باش بەڕێوەبچێت گلەیی نەكرێت ئەوە شتێكی ئاساییە، دیارە لەنێو ئەوانەیشدا ئەنجومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت بزانین چۆن ئەبێ.

زەمەن: گرنگی ئەو ئەنجومەنە (45) یان (50) كەسیە چییە؟
مستەفا چاوڕەش:
پێشەكی من پابەندم بە بڕیاری كۆنگرە، بەڵام پێموایە ناكرێت هەموو جارێك 121 كەس كۆببێتەوە، لەبەرئەوە ئەو ئەنجومەنە (50) كەسییە كە هەڵئەبژێردرێت دروست دەكرێت، ناكرێت هەموو كاتێك بەو قەرەباڵغییە 121 كەس دابنیشین، ئەو 50 كەسە دەبن بە كۆمیتەی سەركردایەتی لەناو ئەو 50 كەسەشدا مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت، ئیجا هێشتا نازانرێت ئەو ئەنجومەنە 50 یان 60 دەبن، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی قسەی لەسەر دەكرێت، ئەوانەیشی دەمێننەوە لەدوای دروستكردنی ئەو كۆمیتەیە ئیشوكاریان بۆ دیاری دەكرێت حەتمەن بەشێكیان ئێستا ئیشوكاریان هەیە، بەڵام وەك زیاتر لە 40 ساڵە ئەم حیزبە هەیەو ئیشی تیا ئەكەین و لەدنیاشدا هەروایە، ئەبێت ئەنجومەنێكی سەركردایەتی هەبێت‌و مەكتەبی سیاسی هەبێ و ئیشی رۆژ رایی بكات.

زەمەن: پەیڕەوی ناوخۆ دووبارە سەرلەبەری دەنووسنەوە، ئەوە ئەركی ئەنجومەنە گشتییەكەیە یان كۆمیتەی سەركردایەتی؟
مستەفا چاوڕەش:
یەك لە بڕیارەكانی كۆنگرە سەرپشككردنی ئەنجومەنی سەركردایەتییە بۆ دەستكاری كردن یان پەسەندكردنی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەوە ئەنجومەنی گشتی دەیكات یان كۆمیتەی سەركردایەتی وردەكاریی نازانم.

زەمەن: سەرنجی ئەوە دروستبوو لەم كۆنگرەیەدا كە دروستكردنی بڕیار ئاڵۆزبووە بەهۆی دروستكردنی سێ‌ چوار ئەنجومەنەوە، بە ئەركی ئەنجومەنی سەركردایەتی نازانن روونتر دەسەڵاتەكان داڕێژێتەوە؟
مستەفا چاوڕەش:
جارێك هیچ بڕیارێك نەدراوە تا ئاڵۆزبووبێت، ئەو ئەنجومەنەی كاك كۆسرەت سەرپەرشتی دەكات بۆ راوێژو دەسەڵات‌و ئەو شتانەیە، لەم لاوە كۆمیتەی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی هەیە، هێشتا  هیچ شتێك ئاڵۆز نەبووە ئەو كاتە بەگوێرەی پەیڕەو كە دەسەڵاتەكان دیاری دەكرێت شتێك نیە ئاڵۆزبێت، ئینجا ئێمە سەركردایەتیمان هەیە دەسەڵاتی هەیە، هێشتا سەرەتایە با پێش رووداوەكان نەكەوین چیمان پێكرا بە هەموو لایەكمانەوە بیكەین، مەسەلەیەكی گرنگە نابێت ئەو شتانە بدەینە دەست ئەوەی هەركەسەو بە كەیفی خۆی بێت، ئەبێت هەموومان هاوكاری یەكتر بین‌و چەپكە گوڵەكەی مام جەلال بین.

زەمەن: هەندێك لەوانەی دەرنەچوون بەتایبەتی چەند سەركردایەتیەك رەخنەی ئەوەیان گرتووە پارەو هێز لە كۆنگرەدا حوكمی هەڵبژاردنەكەی كردووە؟ 
مستەفا چاوڕەش:
ئەوانە دیارە دڵیان گەرمەو هەرچیان وتووە خۆیان لێی بەرپرسن، من ناچمە ئەو وردەكارییەوە، هەموومان بەرپرسین لەوەی ئەگەر كەموكوڕییەك هەبووبێت هەوڵدەین ئەوانە غەدریان لێنەكرێت‌و دەورو مەكانەی خۆیان هەبێت، هیچیان كەمیان نەكردووە لە بەشێک لەوانەی كە ئێستا هاتونەتە پێشەوە زۆر ماندووترن، لەبەرئەوەی دەبێ بە رێزو حورمەتەوە جێگەو مەكانەیان لە جاران زیاتر نەبێت كەمتر نەبێت. 

زەمەن: لاهور شێخ جەنگی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا لەناو كۆنگرەدا، دەوترێت كاك لاهور جڵەوی حیزبەكە دەگرێتە دەست، لە كۆنگرەی 2010ش  مەحمود سەنگاوی زۆرترین دەنگی هێناو كۆنگرەی 2001یش مستەفا سەید قادر زۆرترین دەنگی هێنا، ئایا هێنانی زۆرترین دەنگی ناو كۆنگرە بەمانای جڵەوگرتنی حیزبە؟
مستەفا چاوڕەش:
دیارە هێنانی دەنگی یەكەم شتێكی خۆشە بۆئەو كەسەی دەیهێنێت هەم لەناو خەڵك‌و میللەت‌و یەكێتییەكاندا دەورو مەكانەی خۆی دەردەخات، جاری واهەیە كەسێك دەنگی زۆری هێناوە رەنگە لە كەسەكەی تر بەتواناتر نەبێت، ئەو برادەرانەی تر دەنگیان هێناوە هەموویان خەڵكی ماندوو تێكۆشەرن‌و حەقی خۆیانە، ئەمەش كۆنگرەیەو كەس ناتوانێت لە گرنگی دەنگ كەمبكاتەوە دیارە ئەو كەسە خۆی شایستەی ئەوەبووە، ئینجا لە رابردوو و لە داهاتوو هەركەسێك بێت دەبێت پیرۆزبایی لێبكەین‌و پشت‌و پەنای بین، من پیرۆزبایی لەوە دەكەم كە یەكەم دەنگی هێناوەو لەوەی ئاخر دەنگی هێناوەو لەوانەیشی كە دەرنەچوون.

زەمەن: كاریگەری غیابی مام جەلال لەم كۆنگرەیەدا هەبوو؟
مستەفا چاوڕەش:
غیابی مام جەلال نەك بە كۆنگرەی یەكێتی بەڵكو بە هەموو كوردستان‌و دۆخی عێراقیشەوە دیارە، ئەوەتا ئەیبینین دۆخە چی لێهاتووە؟ بە دڵنیاییەوە غیابی مام جەلال بە كۆنگرەكەمانەوە دیاربوو، ئەگەر لە كۆنگرەدا بوایە رۆڵ‌و كاریگەری ئیجابی دەبوو، رەنگە وایبكردایە پێشتر كۆنگرە ببەسترایە، بۆیە هیوادارم هەموو رێنمایی و قسەكانی مام جەلال كە بۆی جێهێشتووین بە عەمەلی جێبەجێی بكەین، تەنیا قسە نەبێت چونكە هەموومان ئەڵێین بەرنامەی مام جەلال‌و رێبازی مام جەلال، رێبازی مام جەلالیش دیارە لە پێش هەموویەوە یەكڕیزی میللەتی كوردە.

زەمەن: كۆنگرەكەتان تەواو بوو، سودی بۆ خەڵك چیە؟ بەرنامەتان چیە لەدوای كۆنگرە؟
مستەفا چاوڕەش
: ئێمە كە كۆنگرەمان بەستووە كۆنگرە بۆ ئەوەنیە ئیتر بچینەوە ماڵی خۆمان، خەڵك چاوی لەوەیە دوای كۆنگرە بەرنامەمان چییە؟ دەبێ كار بۆ یەكڕیزی خەڵكی كوردستان‌و لایەنە سیاسیەكان بكەین، چۆن بتوانین ژیانی خەڵك باشبكەین، سەركردایەتی شتێكی گرنگ نیە تۆ نەتوانی خزمەتی میللەتەكەت بكەیت، ئاگاتان لێیە چەند هەزار دەرچووی دانەمەزراو هەیە؟ دێت لای ئێمە بیكەین بە پێشمەرگە، دەرفەتی دامەزراندنمان نیە. لەبەرئەوە دەبێ كاری یەكەممان باشکردنی ژیانی خەڵک بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن