هەواڵ

پەراوێزەکانی نووسین

06:28 - 06/12/2019 446 جار خوێندراوەتەوە

ئەوەی لەم گفتوگۆیە درێژەماندا، لەناو وێستگە جیاوازەکانی دەق و ژیان و جوانییەکانی وشە و هۆنینەوە و نووسیندا باسمانکرد، چیرۆکێکی تەواونەکراوەو دەبێ بەردەوام بین لە گێڕانەوەی، وەک چیرۆکەکانی تری ژیان. وەک چیرۆکی نەمریی و چیرۆکی زانین و سەرکێشییەکانمان، وەک  چیرۆکی گەڕان بە دوای جوانی و خەون و دۆزینەوەی نهێنییەکانی گەردوون و دروستکراوەکاندا. زۆرجار کاتێ لەبەردەم دەقێکدا تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێ دەبیت و نازانی چۆن ئەو دەقە تەواوکەیت، سەیر لەوەدایە، هەندێجار بە رێکەوتێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو، ئەو دەقە دێڕ و پەراوێزەکانی زۆرترین خوێنەر و دڵبەندی دەبێ و لە لای خوێنەرانیش، پرسیاری زۆر جێ دێڵێ! 
من بۆ خۆم وەک شاعیرێ، زۆر دەقی شیعریم هەیە، هەر لە تاریکیدا ماوەتەوە و رەنگە زۆریشیان وەک دەستنووسی شاعیرانی تری کورد، هەڵوەرێن و ونبن! ئایا شاعیران و نووسەرانی کورد، هەر ئەو دەقانەیان هەبووە کە بڵاوکراونەتەوە؟(بابەتێکی فرە بۆچوونە و لە دەرفەتی تردا قسە و بۆچوونی لەبارەوە دەگۆڕینەوە. لەگەڵ گۆران وا رێککەوتین لە دەرفەتێکی تردا قسە لەسەر نووسەر و دەستنووسی چاپکراوی نووسەرانی کورد بکەین.)
کەمێ بێدەنگیی... دەستپێکردنەوە بە گفتوگۆ لەسەر ریتمی خەیاڵ و تێگەیشتن لە پەراوێز و نهێنییەکانی شیعرنووسین.
(گۆران لە ناو دەستنووسی لاپەڕە زەردباوەکانی بەردەستیدا، هەندێ لاپەڕەی ئەم دیو و ئەو دیو کرد، کەوتە گێڕانەوەی رازەکانی نووسین و چیرۆکە نادیارەکانی شیعر و لەدایکبوونیان.) لە سەرەتای سەرەتاوە، لە پێش ئەو رۆژانەش کە “ تۆفیقی کوڕی مەحمود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەف” م ناسی ئەوەی نازناوی(پیرەمێرد)ی هەبوو ناسی، ئەو نووسیارە دەوڵەمەندەی شارایەک دەق و کتێب و روبارێ وشەی بۆ گەلەکەی جێهێشت و تا چاوداخستن و مردنیشی، هەر گەنج و پڕ وزە بوو، یەکەم مامۆستا و رێبەرم بوو، لەناو دێڕ و پەراوێزەکانی نووسیندا، ئەو یەکەم هاندەرم بووم بۆ نووسینی شیعر و ریزبەندیکردنی وشە. “تۆفیقی مەسرەف_پیرەمێرد” و من، مامۆستا و قوتابی تێڕوانینمان بۆ شیعر جیاواز بوو. من لەو رۆژانەی ناسینی سەرەتایی ئەوەوە، تا رۆژانی کارکردن لە ژین، بەردەوام و هەمیشە شیعرم بۆ ئازارەکانی خۆم نووسی. پێش ئەوەی شیعر بۆ هەر کەس بنووسم، هەر بۆیە هەندێ لە شیعرەکانم جێگەی رەخنە و تانەی خەڵکانی جیاوازە. پەیوەندی شیعر و من، بە جۆرێک بوو بەردەوام هەستم دەکرد، ئازار و خەمێکی قووڵ لە ناخمدایە، بە هیچ شتێ گوزارشتی لێ ناکرێ بە شیعر نەبێ، پاش چەندین ساڵ لە نووسین، ئەوسا گەیشتم بەم بیرکردنەوەیە، نەک خەون و زیندە خەونێکی ساتەوەختیی بووبێت.
رۆژانێ هیچ شتێ فریادڕەس نەبوو، شیعر نەبێ. رۆژانێ ئازار جەستەی هێواش هێواش ئەتواندمەوە. خەمی نەخۆشی و مردن، لەناو کەشتیی برین و خوێن و ئازاردا، لە دوورایی نیشتمانەوە، هیچ شتێ فریام نەکەوت، خەیاڵ نەبێ، هیچ شتێ فریام نەکەوت، شیعر نەبێ. هیچ شتێ بەوەفا نەبوو بۆم، وشە نەبێ. لەناو دڵی غەریبیدا، لە نیشتمانی سووری کرەملیین”ڤایسیلیا”ی پزیشک، وەک نەورەس و پەیامبەرێکی میهرەبان، بە دیار ئازاری جەستە و خەیاڵ و “وشە” کانمەوە، قەهر و ئازاری دەکێشا. منیش وەک مەلێکی بریندار و کەنەفت، لەو میهرەبانییەی ئەوم دەڕوانی، هیچم نەبوو وەڵام بێ بۆ وەفای ئەو، بێدەنگی نەبێ!
دوای قەهرێ لەو بێدەنگیی و خۆ خواردنەوە، چاوەکانم چوویە ئەو نێو ئەو  چەند پەڕەیەی لە دامێنی ئەو مێزە بچکۆلەیەی قەرەوێڵەی ژووری خەستەخانەکەم هەبوو، بە هیلاکییەکی زۆرەوە قەڵەمەکەم هەڵگرت، هیچ رووناکییەک نەبوو، نە لە ناخ و خەیاڵی من، نە لە ژووری پێش مردن و نەخۆشخانەدا، دوای تەپاوتل و ئازارێکی زۆر، چەند وشە و دێڕ و پەراوێزێکی شیعریم نووسی. رەنگە ئەوە دواهەمین دیاریی ژیانی شیعریم بێ بۆ خوێنەرەکانم:

راکشابووم لەسەر پشتم،
دوکتۆرەکەم
ماری شێرپەنجەی ئەکوشتم...
ناڵێم: وەک دایکێکی دڵسۆز
فرمێسکی بۆ هەڵئەڕشتم،
بەڵام تەواو وەک کچی خۆم،
دەستی ئەخستە ناو مشتم،
بە چاوی پڕ لە هەستی جوان
ئەیکرد تەماشای سروشتم،
ئەیپرسی لێم: «بۆچ وا ماتی؟
بۆ چ هەمیشە خەمبار دیاری؟» 


ئازاری وشە و ئازاری چیرۆکی غەمگینی ناخم، ئازاری وەفاداریی، ناچاری تەواوکردنی شیعرەکەیان کردم... پاش یەک دوو کۆپلەی تری نووسین، بەردەوام بووم لە شیعری (وەڵامی پرس) کۆتاییەکەم، بەم چەند کۆپلە و دێڕە شیعرییانە هێنا:
دوو سێ کچ بوون وەک دوکتۆر خۆی،
خەمخۆرییان لێ ئەباری،
نەک هەر بۆ تیماری دەردم،
بۆ چارەش، بۆ باغچەی زەردم!
***
بەڵێ، دوکتۆر! خوشکان! ماتم،
هەر من نیم ماتی وڵاتم،
لەناو هەزارانا، تاک تاک
لێومان هەیە پێ بکەنێ
لای ئێمە بۆ دنیای شادی
وا تازە خەڵک هەنگاو ئەنێ!

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٤ی پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن