بەرپرسێكی باڵای ئێران: لە عێراق و لوبنان پیلانگێڕییەكی گەورە بەڕێوەدەچێت
03:18 - 07/11/2019
بەرپرسێكی باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، لە عێراق و لوبنان پیلانگێڕییەكی گەورە لەلایەن دەستی دەرەكیەوە بەڕێوەدەچێت.
محەمەد باقری، سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایگەیاند، دوژمنەكانمان لە عێراق و لوبنان بە سود وەرگرتن لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، خەرێكی پیلانگێڕییەكی گەورەن.
ئەم وتانەی باقری لەچوارچێوەی بەڕێوەچونی نمایشێكی سەربازی هێزە هاوبەشەكانی ئێراندا هات لەشاری قوم لە باشوری تارانی پایتەخت.
باقری وتیشی، گەلی ئێران لە هیچ فشار و هەڕەشە و دۆخێكی قورس ناترسێت.
سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە مەرعە ئاینیەكان و گەلانی عێراق و لوبنان دەتوانن روبەروی ئەو پیلانگێڕییە ببنەوە، هەروەك بەرپرسیارێتی حكومەتەكانە لەو دوو وڵاتە چارەسەری كێشەكان بكەن و وڵاتەكانیان بنیات بنێنەوە، ئەگەر خۆپیشاندان هەبێت یاخود نا.