هەواڵ

بەرهەم ساڵح بە جوڵاندنى هەمواری دەستوورو یاسای هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکرێت

12:30 - 06/11/2019 232 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن: مەعاز فەرحان

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق تۆمەتبار دەکرێت بەوەى لە پێناو بەرژەوەندى “شەخسى” لە پشت جوڵاندنى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەوەیەوە، رێپێدراوى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕانیش دەڵێت: ئەوەى سەرۆک کۆمار دەیکات لە بەرژەوەندى شۆڤێنیی‌و بەعسیەكانە.

هاوکات بەپێى زانیارییەکانی “زەمەن” وروژاندنى پرسی دەستوری عێراقیش خودی سەرۆک کۆماری عێراقی لەپشتە. پەرلەمانتارێکى پێشووى عێراقیش لەسەر لیستی یەکێتى، دەڵێت: “مام جەلال حەوت ساڵ لە سەرۆکایەتى کۆمار بوو، دەستبردنى بۆ هەموارکردنەوەى دەستور بە کوفر دەزانى، بەهیچ شێوەیەک نەیدەهێشت قسە لەسەر ئەم پرسە بکرێت”.


لەگەڵ دەستپێکى خۆپیشاندانەکانى عێراق لە مانگى رابردووەوە، کارتى هەموارکردنەوەى دەستوورو یاساى هەڵبژاردنەکان تێکەڵاوى داواکارییەکان کرا، یەکێک لەو کەسانەش کە قسەى لەسەر ئەم پرسە کرد، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق بوو.


رۆژى 31ى مانگی رابردوو لە وتارێکدا بۆ خەڵکى عێراق، بەرهەم ساڵح قسەى لەسەر دەستوورو یاساى هەڵبژاردن کردەوەو وتى: “لە سەرۆكایەتی كۆمار كارێكی جددیی و بەردەواممان دەستپێكردووە لەپێناو هێنانەدی یاسای هەڵبژاردنی نوێ كە گەل پێی رازی بێت و چارەسەری كێشە یاساییەكانی پێشوو بكات”.


وریا محەمەد، رێپێدراوى یاسایى ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەى گۆڕان، بە “زەمەن”ى وت: “ئەو پرۆژەیاسایەی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ یاسای هەڵبژاردنەكان خستویەتیە ڕوو، تایبەت بە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان هەمان ئەو داواكارییەیە كە خەڵكانی شۆڤێنی‌و نەیارانی كورد داوایان كردووە”.


وتیشى: “هەمان ئەو یاسایەیە كە لە پەرلەمان بوو، پێچەوانەی داواكارییەكانی كورد‌و پێچەوانەی مادەی 20ی دەستور‌و 140ە، پەرلەمانتارە كوردەكان لە پەرلەمان دژی بوون‌و لە دادگای فیدراڵی تانەیان لێدا، ئێستا بەرهەم ساڵح هەمان ئەو پرۆژەیەی خستوەتە ناو پرۆژەكەی خۆیەوە”.


رێپێدراوى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان، جەختیکردەوە ئەم پرۆژەیە نایاسایی‌و نادەستوورییە‌و پێچەوانەی داواكارییەكانی خەڵكی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكانە، هەمان داواكاری “شۆڤێنی‌و بەعسیەكانە”.


هاوکات بەپێى زانیارییەکانى “زەمەن” نیگەرانیەکى زۆر لەناو لایەنەکانى قەوارەى هاوپەیمانى کوردستانیش هەیە لەسەر جموجوڵەکانى سەرۆک کۆمار بۆ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان.


ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 22ی تەمموز، پەرلەمانی عێراق یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەموار کردەوە، بەپێی مادەی 35ی یاساکە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پابەند کردووە بە هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک لەنێوان کۆبۆنی خۆراک و رەگەزنامەی شارستانی لە ماوەیەکدا کە لە 31ی کانونی یەکەمی ساڵی 2020 تێپەڕنەکات، لەگەڵ لابردنی ئەو ناوانەی هاوتانین لەنێوان هەردوو تۆمارەکەدا، جگە لەو رێکارانەی کە بەپێی مادەی 140ی دەستورو لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان گیراونەتەبەر بۆ بەشداریی دەنگدەران.


سەرەڕای ئەوەی نوێنەرانی کورد دەنگیان بە یاساکە نەداو بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد، دواتر پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لایەنی سیاسی بە فەرمیی لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە یاساکە دا بەهۆی ئەو کۆتوبەندەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی داناوە.


ناوەڕاستى مانگى رابردووش، بەرهەم ساڵح لە دیدارێکدا لەگەڵ نوێنەرى عەشیرەتە عەرەبەکان، وتى: “بەڵێنتان پێدەدەم بەجددی سەرپەرشتی و چاودێری سازکردنی دیالۆگێکی نیشتمانی راستەقینە بکەم، کار بکەین لەسەر چاوخشاندنەوە بە گۆڕانکاریکردن لە دەستووری بنەڕەتیدا لەبەر رۆشنایی ئەو ئەزموونەی کە بینیومانە لە چەند بەندێکیدا لێکدانەوەی جیاجیا هەڵدەگرێت”.


بەوتەى سەرۆک کۆمار لە چەند بڕگەو بەندێکدا ئاستەنگ و بەربەستێکی راستەقینە لەبەردەم “حکومڕانییەکی رەشید” لەم وڵاتەدا دروستبووە.


بەرهەم ساڵح تۆمەتبار دەکرێت بەوەى لە پشت ئەو داواکارییانەوەیە کە ئێستا بۆ هەموارکردنەوەى دەستوورو گۆڕینى سیستمى حکومڕانى لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی لەئارادایە. بەوپێیەی لە سیستمى حکومڕانى عێراقدا پۆستى سەرۆک کۆمار تەشریفاتیەو زۆربەى دەسەڵاتەکان لاى پەرلەمان و حکومەتن.


رێبوار کەریم، پەرلەمانتارى عێراقی نزیک لە بەرهەم ساڵح، بە “زەمەن”ى وت: “هەتا ئێستا بڕگەکانى هەموارکردنەوەى دەستوور دیارینەکراون، بەڵام تەنیا تایتڵێکى سەرەکى هەیە ئەویش گۆڕینى سیستمى حکومڕانیە لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى یان نیمچە سەرۆکایەتى”.


بە بڕوای رێبوار کەریم، ئەم بابەتە هەروا بە ئاسانى تێناپەڕێت، بەوپێیەی دەستوور چەترى مانەوەى عێراقە بە یەکگرتوویى. ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: “کەس ناتوانێت خۆى بەسەر لایەن و پێکهاتەکاندا بسەپێنێت”.


ئەمە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونى سەرۆک کۆمارو سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم و نوێنەرى لایەنە سیاسیەکان بەڕێوەبچێت، بەپێی زانیاریەکانی “زەمەن” تەوەرى سەرەکیش پرسی هەموارکردنەوەى دەستووری عێراق دەبێت.


شوان داودى پەرلەمانتارى پێشووى عێراق لەسەر لیستی یەکێتى، بە “زەمەن”ى وت: “مام جەلال حەوت ساڵ لە سەرۆکایەتى کۆمار بوو، دەستبردنى بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور بە کوفر دەزانى، بەهیچ شێوەیەک نەیدەهێشت قسە لەسەر ئەم پرسە بکرێت”.


داودى جەختیکردەوە، نابێت کورد خۆى بکاتە خاوەنى هەموارکردنەکەو دەبێت لەگەڵ هەموارکردنەوەکەشدا نەبێت.


لەبارەى هەوڵەکانى سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە بەرهەم ساڵح بەتەنیا تەمسیلى خۆى ناکات و دەبێت رەچاوى داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان بکات، شوان داودی وتیشی: “یەکێک لە گلەییەکانى تر لە دکتۆر بەرهەم ئەوەیە، بڕیارە یاساى هەڵبژاردن لە سەرۆکایەتى کۆمارەوە بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان، ماوەى هەفتەیەک دەیان حزب و رێکخراوى عەرەبى بینیوە، بەڵام هیچ لایەنێکى کوردى نەبینیوە تا بزانێت داواکارى کورد لەو پرسەدا چیە”.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن