1683 کەلتور

ئەم شێتییە هەندێجار ئاساییە

10:40 - 06/11/2019

"زەمەن" 
ئەوانەی لە نزیکەوە ئەم گەنجەیان ناسیبێت و تێکەڵاوی خەون و خەیاڵات و هونەرەکەی بووبن، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ کەسانێک کە درەنگتر و بە دیاریکراوی دوای هەواڵە تراژیدییەکەی خۆکووشتنی ناسییان، ئەوانەی دوای هەواڵە جەرگبڕەکە گوێیان لە چیرۆکی خۆکووشتنەکە و ژەنینە تووڕەکانی رێهات گرت، وەک ئەوانەی زووتر ناسییان و لە رووی کۆمەڵایەتییەوە بەرکەوتنی زیاتریان لەگەڵیدا هەبوو، یەکسان بوونەوە بە یەک، چونکە دواجار لە دڵی هەرکەسێکیاندا پرسیارێک وەک باڵندەی بریندار دەهات و خۆی دەکێشا بە دیواری سینەدا: رێهات ئەو گەنجە بەهرەمەندە بۆچی خۆی کووشت؟ بۆچی خۆی کووشت لە کاتێکدا هێشتا چێژی وەرگرتنی خەڵاتی (روانگە) لەپای باشترین ژەنیاری ساڵ، لەسەر ئاستی کوردستان، رۆح و رووخساری عودە غەمگینەکەی باوکی و چاوە بە فرمێسکەکانی دایکی و برا یەک دوو خەون لەخۆی گەورەترەکەی بەرنەدابوو؟.

پرسیارەکە هی هەموانە:

هێشتا ساڵێک تێنەپەڕیووە بەسەر خنکانی کلارنێتە گەنجەکەدا، ئەو کلارنێتەی وەک گەروویەکی قووڵ، سیخناخ بوو لە دەنگ و چریکە و چرپە و چەهچەهە و راز، کەچی هێشتا بۆ زۆرێک لەوانەی لە نزیکەوە، یان لە دوورەوە ئەویان ناسی، لە چاوەڕوانی وەڵامی پرسیارە سەختەکەدا کێنگڵ دەدەن و خۆیان دەخۆنەوە... پرسیاری ئەوەی چما رێهات بۆچی بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و چیرۆکەکەی نیوەناچڵ جێهێشت؟ هێشتا ساڵێک بەسەر کوژانەوەی چرای دڵیدا تێنەپەڕیوە، بەڵام پرسیارەکە گەورەتر، وەک سوورەکەوان لەسەر دڵی هەموانە، ئێستا ئیدی پرسیارەکە تەنها هی عوودە ریشسپییەکەی(مامە عەزە) نییە کە رۆحی لەنێو ئاوازێکدا بزر بووە و لەژێر لێوەوە دەپرسێت: ئاخر رێهات... جەرگی بابە... بۆچی.. بۆچی خۆت کوشت...؟ هی (ژیان) نییە کە بە پرچی تێکئاڵۆسکاو و رووخسارە غەمگینەکەیەوە، بە تاریکیی ماڵەکەدا دێت و دچێ و بە دەستە لەرزۆکەکەکانی لە دەرگای ژوورەکەی رێهات دەدات و بە قوڕگێکی نووساوەوە دەپرسێت: ئەرێ رێهات..هۆۆۆو هەناسە تەزیوەکەی سینەی دایە... هۆۆۆۆ دڵۆپە نەتکاوەکەی چاوم...بۆچی خۆت کوشت.؟ هی رەوەزی تاقە برای ئەژنۆشکاویش نییە، کە لەبەردەم ئاوێنەی چۆڵ و هۆڵی ژیاندا لە سیمای غەریبیی خۆی دەڕوانێت و بە دڵشکاوەکەی ناو ئاوێنەکە دەڵێت: ئەرێ برا... ئاخر برا... من ئێستا ئیدی غەریبێکم بێ تۆ... بۆچی خۆت کووشت؟ پرسیارەکە هی هاوڕێکانیشی نییە، کە لە حەوشەی تەمگرتووی پەیمانگەدا سەریان کردووە بەناو غەم و دڵی یەکتردا و بە چرپە دەڵێن: ئەم کلارنێتەی برامان، ئەم ئاوازەی هاوڕێمان بۆچی خۆی کوشت؟

ئەوەی لێرە بەدوا دەیخوێننەوە، پوختەی بەشێکە لە یادداشتەکانی (رێهات) کە لە دەفتەرێکی گچکەی غەمگیندا لەژێر ناوی (بیروباوەڕەکان) نووسیونی و لەم نووسینانەی ویدا، رەنگە بە وەڵامی پرسیارەکان بگەن، سەرەتا ئەوەی جێگەی سەرنجی من بوو لەم دەفتەرەدا، خودی دەستخەتە ناخۆش و شەقلیوپەقلییەکەی رێهات بوو، بەڵام دواتر کە رۆچوومە نێو قووڵایی دونیای نووسینەکانییەوە، ئیدی تێگەیشتم کە دەستخەتی کەسێکی راڕا و گوماناوی و پرسیارکەر، هەر دەبێت ئاوا بێت و گوزارشت لە دنیایەکی ناڕێک و گەردوونێکی پڕ لە ژاوەژاو و بێئومێدییەکی ئەبەدی گەنجێک بکات کە پرسیاری وجوودی هەیە لە کەینوونەی خۆی و پێکهاتەی دنیا و ئاڵۆزییەکانی ژیان، گەنجێک کە موزیک و کتێب و تێڕامان و وردبوونەوە بەشیناکەن تا سەرەداوێکی لە نهێنییەکانی مرۆڤ و سرووشت و گەردوون دەستبکەوێت... ئەم نووسینانەی رێهات، کە بۆ یەکەمجار لە(کولتووری زەمەن)دا بڵاودەکرێنەوە، گوزارشتێکی روون و رەوانن لە کەسێتی خۆی و دەرخەری ئەو راستییەن کە دەڵێت: ئەو پێش سەردەمەکی خۆی کەوتووە. هیچکام لە لاپەڕەو نووسینەکان بەرواریان لەسەر نییەو وا پێدەچێت ژمارەو بەروارەکان بۆ ئەو گرنگییەکی ئەوتۆیان نەبێت و تەنها ویستبێتی بیروباوەڕی خۆی دەربڕێت سەبارەت بە هەندێک چەمک و بابەتی نێو ژیان.

ئەوەی لە نووسینەکانی نێو ئەم دەفتەرەدا دەردەکەوێت، رێهات لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە دەستی بە نووسینەوەیان کردووە و ژیان دەرفەتی پێنەداوە بەردوام بێت، لە بیروباوەڕەکانیدا ئەم گەنجە بەهرەمەند و جوانەمەرگە، وەک کەسێکی زیاد لە پێیوست هەستیار و گەورەتر لە تەمەنی خۆی دەردەکەوێت و خەمی قووڵی لە شتەکان خواردووە، ئەو بەو تەمەنە کەمەیەوە دەرکی بە کێشە چینایەتییەکان و جیاوازی دونیای هەژار و دەوڵەمەند کردووە و خەمی لێ خواردووە، دەردەکەوێت کەسێکی سادە بووە و هەرگیز حەزی بە خۆدەرخستنی شکڵییانە نەکردووە لە رێی لەبەرکردنی جلوبەرگی گرانبەها و خۆنمایشکردنی بێبنەما، خەمی زۆری لە سرووشت و پیسبوونی ژینگە و زەوی خواردووە، باس لە بیروبۆچوونە کۆن و نوێیەکان دەکات کە هەندێکجار دەبنە هۆی دروستبوونی مرۆڤی ناهۆشیار و کاریگەری خراپ لەسەر نەوەی نوێ دروست دەکەن، لە شوێنێکدا گوزارشت لەو ساتە دەکات کە پێی دەڵێن لە پەیمانگا و بەشی موزیک وەرگیراویت، رێهات ئەمە بە سەرکەوتنێکی بچووک ناو دەبات لە رەوتی ژیانی هونەریی خۆیدا و پێی وایە کارە مەزنەکە و سەرکەوتنە گەورەکە لە داهاتوودایە و دەبێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێت، ئەو ساتانەی بیر دەکەوێتەوە کە لە قوتابخانە هەندێک (گەمژە) گاڵتەیان پێکردووە و پێیان وتووە: تۆ جگە لە پاڵنان بە عەرەبانەوە، هیچی ترت پێ ناکرێت! هەر لەنێو نووسینەکانیدا دەردەکەوێت کە ناوبراو متمانەیەکی زۆری بە تواناکانی خۆی هەبووە، لە ئامادەباشیدایە بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەکەی.  

مەبەستی رێهات چییە لەم نووسینانە:

 
نووسینەکانی نێو دەفتەرەکە بە ناوی (بیروڕاکانم)‌ەو لە یەکەم لاپەڕەی دەفتەرەکەدا ئاماژەی بە هۆکارو گرنگیی نووسینەکانی خۆی کردووەو نووسیویەتی: مەبەستم لە دانانی ئەم کتێبە، ئەو ژاواژاوەیە کە لە مێشکمدایە، هەموو رۆژێک زیاد لە دە کۆبوونەوە لە مێشکمدا ئەنجام دەدەم، کە خودی راستیی ژیان ئەم ژاوەژاوەی دروستکردووە...!
 رێهات هەر لەیەکەم لاپەڕەی دەفتەرەکەیدا باس لەوەش دەکات، کە ئەوەی لەو دەفتەرەدایە هەموو شتێک‌و هەموو رووداێک نییە، بەڵکو تەنها بیروباوەڕەکانی رۆژانەیەتی سەبارەت بە هەندێک دیاردەو چەمک، کە لەسەر ئەم پەڕانە هەڵیدەڕێژێت، ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ویستوویەتی ئەو بیروباوەڕانەی بە تۆمارکراوی هەبێت، تا رۆژێک لە رۆژان خەڵکانێک بێن و بیخوێننەوە.

پوختەی بەشێک لە بیروباوەڕەکانی رێهات:

1
من ناوم رێهاتە... کاتێک ئەم دەقە دەنووسمەوە تەمەنم چواردە ساڵە، من لە شارێکدا دەژیم کە جۆرەها کەسانی تێدا دەبینرێت، لەم شارەی من تێیدا دەژیم شتێکی تێدایە بە ناوی سەرکەوتن! ئەو سەرکەوتنەی هەموو ژیانت بە خوێندن بەسەر دەبەیت کە پێتخۆش نییە ببیت بە پزیشک یان ئەندازیار یان هەر پلەیەکی تر! کەچی نازانن سەرکەوتن شتێکی دیکەیە... سەرکەوتن ئەوەیە کە شوێنیک بۆ خۆت بکەیتەوە لە داهاتوو و رابردوودا، لە داهاتوو بەوەی ئامێرێک بەرهەمبێنیت کە خەڵکی سوودی لێوەرگرن.

2
هەندێجار دەبیستم ئێمە لە خوامان دەوێت تووشی نەخۆشی نەبین بۆ ئەوەی بە دڵی خۆمان بخۆین، یان لە ژیاندا ئیشت بە تەمەندرێژی چییە؟ بە دڵی خۆت بخۆ و چێژ لە ژیان وەرگرە! ئەمە باوەڕی زۆرێک لەخەڵکە، بەڵام من دەڵێم تەمەندرێژی و تەندروستی هۆی دروستبوونی منە، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە مێشکە! من ئەگەر مێشکم زیاد لە پەنجا کتێبی پێنەخوێنمەوە و لە پاشاندا چەند داهێنانێکی پێ نەکەم بۆچی باشە...!؟

3
من ئێستا لە یەکێک لە کافتریا هەرە گرانەکانی سلێمانیم، ئەو خەڵکانەی دەیانبینم زۆر لەخۆبایی و دەوڵەمەندن، هەندێکیان قاقای دەوڵەمەندی و دزییەکانیان لێدەدەن، هەندێکیشیان ناڕازین و هێشتا هەر داوای زیاتر دەکەن، من لێرەم لەبەر رۆژی لەدایکبوونی تاقە برا گەورەکەم... ئەگینا بۆ یەک چرکەش نامەوێت کات بەسەربەرم لە شوێنێکی وەک ئێرە و لەم ئاست و پلەیەدا، ژیان هاوکێشەیەکە، ئەگەر تۆ ئێستا بڕی سەد هەزار دۆلار قازانجت کردە گیرفانت، ئەوا دڵنیابە هەر لەوڵاتەکەی خۆتدا یان لە شوێنێکی تر بڕی سەد هەزار دۆلاری تر لە گیرفانی کەسێکی تر دەڕوات...!
4
ئەم شێتییە هەندێجار ئاساییە، لەبەر ئەوەی لەوانەبێت لەو وڵاتەدا کەسەکە بە هەمان رێگەی تۆ ئەو بڕە پارەیەی دەست بکەوێتەوە و لە کەسێکی تری ببات... یان رەنگە هەر لە خۆتی بسەنێتەوە، بەڵام مەرجە ئەمە هەمووجار رووبدات؟ با ئەمە زیاتر روونبکەمەوە: ئەگەر داهاتی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان، با بڵێین 700 هەزار دینارە بۆ هەر مانگێک “بەڕێز” کاکی دەوڵەمەندەکانیش بۆ هەر مانگێک پێنج ملیۆن دینار بگرە زیاتریش دەخەنە گیرفانە گەردەلوولییەکانیانەوە، ئیتر هاوڵاتییەکانی تر 700 هەزارەکە لەکوێ بێنن؟ خۆ بە کارکردنیش ناتوانن بیهێننەوە، چونکە پارەکەش هەر بە کار بەرهەمهاتووە، ئەی پارە چۆنایی لە کار بەرهەمدێت؟.
5
شتێک هەیە پێی دەوترێ بەرهەمی مرۆیی، ئەم بەرهەمە دیسان لە کار بەرهەم دێت کە مرۆڤەکان هەموو رۆژێک زوو لە خەو هەڵدەستن، دەچن دەخوێنن... یان دەچنە سەر کارەکانیان، یان هەر شتێک، ئەم هەموو هیلاکییە لەگەڵ بەرهەمی سرووشتیی وەکو نەوت و زێڕ و زۆر شتی تر، دیسانەوە شتێک دروست دەکەنەوە بە ناوی پارە، ئەم کردارانە ئاوا روودەدات، بەڵام لە کاتێکدا کە مرۆڤێک دەستکاری ئەم کارەی کرد و زیاتری ویست، ویستی خانووەکەی دووقات و ئۆتۆمبێلەکەی بکات بە دانەیەکی گرانتر و خراپتر بۆ ژینگە و کارگەیەکی جگەرە دانێت و زۆر شتی تریش، ئەوکات وەکو پێشتر باسی مووچەکەم کرد، کەسانی تر باجەکەی دەدەن، کەسانێک دروست دەبن کە پێیان دەوترێت هەژار،کە لە راستیدا هەژار نەبوون، بەڵکو باجی مرۆڤەکانی تر دەدەن، بەڵام من کاتێک دەتوانم ئەم قسانە بکەم کە خۆم ئامادە بم لە هەوڵدان بۆ دەوڵەمەندیم خۆشبم و هیچ کاتێک و تەنانەت بۆ یەک ساتیش نامەوێت “دزی” بکەم و “دز” بەرهەمبێنم، بۆیە تەواو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی بیر و هۆش.
6
من زیکەی پێنج ساڵ دەبێت ئامێری پیانۆ دەژەنم، گۆرانی دەڵێم، هۆنراوە دەنووسمەوە، بیروباوەڕەکانیشم لەم کتێبەدا دەنووسمەوە... بەڵام نە بە خۆم دەڵێم موزیکژەن، نە بەخۆم دەڵێم گۆرانیبێژ، نە بە خۆم دەڵێم شاعیر، بە خۆشم ناڵێم نووسەر...!
من ئەگەر بووم بە فاشیلترین کەس لەم جیهانەدا هەر ئەم (رێهاتە) دەبم کە ئێستا هەم، ئەگەر ببمە فەیلەسووفیش هەمان (رێهات) دەبم! قەت ئامادەنیم قات و پێڵاو بپۆشم، یاخوود پۆشاکێک کە نرخەکەی زیاد لە پنجا هەزار بێت، چونکە ئەوانی خوار خۆم پێی بێزار دەبن، خۆ ئەگەر دڵی کەسانی تری خۆش کرد، ئەوکات ئامادەم بیپۆشم.!
7
کەسانێکی زۆر هەن لەم جیهانەدا ئامادەم بیانخەمە گریان، بە هێزی مێشکی بێت، یان بەو شتەی پێیدەوترێت “زیرەکی’ لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە خراونەتە ئاست و پلەیەک کە شایەنی نین، یاخوود کەسانێک هەن زیرەک نین، بەڵام خۆیان بە زیرەک دەزانن، لەبیرمان نەچێت من تەنها “رێهات”م.


من باوەڕم بە وشەی زیرەکی نییە، تەنانەت باوەڕم بە زیرەکیش نییە، بەڵام ناچارم بۆ تێگەیاندنی بەرامبەر بەکاری بهێنم، ئەگینا مرۆڤ هەر لە کاتی لەدایکبوونییەوە مێشکی ساغە و ئاسایی کار دەکات، بەڵام بە حیساب زیرەکی بەو کەسانە دەوترێت کە مێشکیان زیاتر کار دەکات، لە راستیدا لەنێوان مرۆڤ و زیرەکیدا چەند دەرگایەک هەیە، هەر دەرگایەکیش کلیلێکی هەیە، لە کردنەوەی هەر دەرگایەکدا، چەندەها دەرگای ترت دێنە بەردەم، ناکرێت هەموو دەرگاکان بکەیتەوە بە یەکجار.

9
ئەگەر مرۆڤەکان کوێربوونایە، ئەوکات مۆسیقا لە ئاستێکی بەرزتردا دەبوو، مۆسیقا لە راستیدا پێکهاتووە لە دەنگ، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئەیبینم تەنها دەنگ نییە “وێنەشە” چونکە ئێستا هەرکەسێک پارچەیەک مۆسیقا یان گۆرانی کە هەر سەر بە مۆسیقایە ئامادە بکات، دەیکات بە کلیپ، کلیپیش ئەگەر مۆسیقای خۆشەویستی بێت کچێکی کەم پۆساکی تێدایە، ئەگەر بەسەر نیشتماندا بێت ئەڕۆنە سەر شاخیک و زۆر شێوە و شتی تریش، بەڵام مەبەستی من ئەوەیە مۆسیقا پێویستی بە کلیپ نییە... چونکە تەرکیزی مرۆڤ لەسەر مۆسیقاکە کەم دەکاتەوە، کە خۆی لە دەنگ پێکهاتووە نەک وێنە.
10
 لەوەتەی مرۆڤایەتی هەیە، خوا بە مرۆڤەکان دەڵێت شەڕ مەکەن، کەچی یەکجار بانگی گوێدرێژیان کرد و لای نەکردەوە، نازناوی بێ عەقڵترین گیانداریان لێنا.
11
خوا هەستی پەشیمانی و دڵتەنگی لە مرۆڤەکاندا دروستکردووە، ئەم هەستە لە پاش کردنی هەر کارێکی خراپ، بۆ یەکەمجار یان بەردەوام بوون کار دەکات، بەڵام مرۆڤەکان سوودی لێ وەرناگرن.
12
رۆژ بە رۆژ زەوی گیان دەدات و سروشتی خۆی لەدەست دەدات بەهۆی مرۆڤەوە، ئەگەر زەوی دەستی هەبوایە یەکەم شت کە دەیکرد مرۆڤی دەردەکرد، خوا ئێمەی جیاکردۆتەوە، خوا ئێمەی لە گیاندارەکانی تر خۆشتر دەویت، بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئەوانی خۆش نەوێت، مافی ئەوەمان نییە لە بێتاوانەکانیان بکوژین و سووکایەتیان پێ بکەین و سرووشت بۆ بەرژەوەندی خۆمان بەکاربێنین و مافی ئەوەما نییە یاری بە سرووشت بکەین و بیسووتێنین و زۆر شی تر.
13
گۆڕینی بەرهەمە سرووشتییەکان بۆ کهول و جگەرە و ماددەی هۆشبەر و تەنانەت دەرمانی بەناو تەندروستی، لە قەفەسنان و کووشتنی گیانداران، پیسکردنی سرووشت، گۆڕینی خواردنی سرووشتی و بەسوود بۆ تڵپەیەکی بێسوود بە نرخێکی گرانتر، پیسکردنی ژینگەکەی بە جۆرەها سەرچاوەی دووکەڵیی و زۆر شتی تر... پێویستە لە خۆمانەوە دەست پێبکەین و هیوادارم وتە کۆن و مێژووییەکە دووبارە نەبێتەوە کە دەڵێت: ئینجا خۆ خەڵکی تر نایکەن ئیتر من بۆ بیکەم.!

14
کەس بێتوانا نییە، کەس بێبەهرە نییە، هەموومان خاوەنی بەهرە و توانای تایبەتین، بەڵام پێویستە بیدۆزینەوە لە چ کارێکدایە. هەروەکو چۆن هەریەکەمان خاوەنی جۆرە دەموچاوێکی تایبەتین کە لە هی کەسی تر ناچێت، یان ژمارەی گەردیلەکانی لەشمان کەسایەتیمان و زۆرێکی تر، ئاوا بە هەمانشێوە خاوەنی بەهرە و توانای تایبەتی خۆمانین.
15
ژیان قوورس بووە، بەدەستی خۆمان قوورسمان کردووە، بە جۆرێ تەماعی ماددی و بێ قەناعەتی و زۆرێکی تر وامانکردووە لە بەرهەمەکانی خودا بیبەش بین، واتە هەریەکەمان زۆرتر لە پێویستمان بردووە.
16
بەیانیی ئەمڕۆ هەواڵێکم پێگەیشت کە وەرگیراوم بە پلەی یەکەم لە پەیمانگای هونەر بەشی مۆسیقا، لە راستیدا من پێشتر زۆر بەرهەڵستی  و دژایەتی دەکرام لە قوتابخانەکانی پێشوومدا... گاڵتەم پێ دەکرا و پێمدەگوترا تۆ داهاتووت راکێشانی عەرەبانەیە و چەندەها شتی تریشیان دەگوت، بەڵام ئەوەی من گوێم پێنەدەدا، خۆ ئەم وەرگتنەی من لە بەشی موزیک، سەرکەوتنی تەواو نییە، بەڵام سەرەتایەکە بۆنی ئەنجامی سەرکەوتووی لێوەیەت، من زۆر دڵنیابووم کە بەم پلەیەوە وەردەگیرێم و زۆریش دڵنیام هەر بە سەرکەوتوویی ئەم خوێندنەم تەواو دەکەم، هەر ئەم باوەڕبوون بە خۆمەیە وام لێدەکات بەردەوام بم و چێژ لە کارەکانم وەرگرم و گوێ لە قسە و گەردەلوولەکانی ئەوانی تر نەگرم... بەڵام باوەڕبەخۆبوون... نەوەک لەخۆرازیبوون.
17
 من ئێستا کە ئەم بەشە دەنووسم، چەند مانگێک بەسەر نووسینەکەی سەرەوەمدا رۆیشتووە، لە راستیدا ئەو کەسانەی دژایەتیم دەکەن روویان زۆر لە زیادبوون کردووە، بەڵام من هەر لەسەر باوەڕەکەی جارانم.

رێهات کێ بوو؟

رێهات عەزیز لە مانگی دووی ساڵی 2000  لە خێزانێکی هونەریدا لەدایکبووە، لەسەرەتای تەمەنیدا بەهرەی قسەخۆشی و زیرەکی و وریایی تێدا بەرجەستە بووە، بەهۆی زیرەکییەکەیەوە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەخرێتە بەرخوێندن، هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بەهرەی موزیکژەنی و دەنگخۆشی تێدا دروستبووە، پاش تەواوکردنی خوێندنی ناوەندنی لە ساڵی 2014 بە پلەی یەکەم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی وەردەگیرێت، لە سەرەتادا حەزی بۆ ئامێری سەکسفۆن وای کرد کە ریهات خۆی لە ئامێرە فوودارەکان بدۆزێتەوە، بەڵام دواجار کلارنێت بووە دیارترین ئەو ئامێرانەی کە گوزارشت لە هەستە قووڵ و شاراوەکانی بکات، ئەم گەنجە لەو ماوە کەمەی تەمەنی خۆی و هونەرکەیدا گەیشت بە ئاستێک، کە ساڵی 2018 خەڵاتی روانگە وەربگرێت وەک باشترین ژەنیاری لاو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، چەند رۆژێکی کەم پاش وەرگرتنی ئەو خەڵاتە و بە دیاریکراوی رۆژی 12ی دیسەمبەری 2018 لە ژوورەکەی خۆیدا بە بە پەت کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠ی پاشکۆی کولتووری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن