هەرگیز رۆژئاوا لەسەر سینیەک پێشکەشى سوریاو تورکیا ناکەین
11:56 - 05/11/2019
"زەمەن"
ساڵح موسلیم بەرپرسى پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانى تەڤدەم لەم دیدارەدا لەگەڵ “زەمەن” رایگەیاند: رژێمى سوریا کات بەفیڕۆ دەدات بۆ ئەوەى سازش لەسەر داواکارییەکانمان بکەین بۆ رادەستکردنى رۆژئاواى کوردستان، چونکە دەزانێت تورکیا هێرش دەکات ئەوەش وەک کارت لە دژی ئێمە بەکاریدەهێنێت، بەڵام هەرگیز رۆژئاواى کوردستان لەسەر سینیەک پێشکەشى رژێم و تورکیا ناکەین.
*دوايین گۆڕانکارییەکانى دۆخى رۆژئاواى کوردستان چۆنە؟
- ماوەى بیست و سێ رۆژە داگیرکارى لەسەر خاکى ئێمە دەکرێت، گەل ئاوارە دەبن و ماڵ و حاڵیان وێران دەکرێن و تاڵان دەکرێت رۆژانە لە ریزەکانى شەڕڤانان و لەناو گەلیش شەهیدو بریندار هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەى دوو رێککەوتنیش هەیە دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەردەوامە لەسەر هێرشەکانى خۆی، هێرشەکان لەسەر تەلتەمەرو گوندەکانى دەوروبەرى هەیە دیارە دەوڵەتى تورک و چەتەکانى دەیانەوێت ئەوێش داگیر بکەن، هێزی روسیا لەو ناوچانە دەورەى خۆیان هەیە دوێنێش لەگەڵ تورکیا هەیانبووە، تورکیا ئەو چەکدارانەى لەناو داعش و بەرەى نوسرەو ئیخواندا بوون لە سەرێکانى و گرێسپى کۆکردونەتەوە بەناوى سوپاى ئازادى سوریا، بەڵام ئەمانە یەک چەکداریشیان سوپاى سوریا نین، بەڵکو هەموویان چەکدارى داعش و بەرەى نوسرەو گروپە تیرۆرستییەکانى ترن.
*پێتانوایە ئەم دۆخەى ئێستا لە باکورو رۆژهەڵاتى سوریایە تاکەى بەردەوام دەبێت؟
- ئەوەى ئێستا روودەدات هەمووى کاتییە، رۆژانە دۆخەکە گۆڕانکارى بەسەردا دێت، هیچ کەس نازانێت چى روودەدات هەمووى پەیوەستە بە گەمەى زلهێزەکانەوە، چارەنوسى گەلى سوریاو خاکى سوریا بەدەست زلهێزەکانەوە ئەوان بڕیارى لێدەدەن، پێشتر ئەمریکا لە باکورو رۆژهەلاتى سوریا بوو، چەندین جار بەڵێنى پاراستنیان دا، بەڵام بێ حسابکردن گەلى ئیمە چى بەسەردێت رۆیشتن، ئێستا رووسیا هاتووە نازانین دیسان چى روودەدات، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لەسەر خاکى خۆمان بژین، گەلى خۆمان بپارێزین ئەوەى لەدەستى ئێمە بێت تا دڵۆپى خوێنمان بۆ پاراستنى گەلەکەمان ئەوە دەکەین.
*لەنێوان رێککەوتنەکەى ئەمریکاو روسیا لەگەڵ تورکیا چارەنوسى ئیدارەى خۆسەر چى بەسەردێت؟
- ئێمە پارێزگارى لە سەرجەم دەستکەوتەکانى باکورو رۆژهەڵاتى سوریا دەکەین کە ئیدارەى خۆسەر یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانى گەلانى باکورى سوریا کە بە خوێنى دەیان هەزار شەهید دروست بووە، ئێمە هەرگیز خۆمان رادەستى ئیرادەى زلهێزەکان و دەوڵەتى تورک ناکەین، پارێزگارى لە ئیدارەى خۆسەر دەکەین ئەوەندەى هێزمان هەبێت، ئیدارەى خۆسەر کە هەموو گەلانى باکوری سوریا تیایدا بەشدارن بووەتە ئەمری واقیع و هەیە، راستە دۆخەکە مەترسیدارەو هێرشى دژوار هەن لەسەر گەلى ئێمە، بەڵام ئیدارەى خۆسەر دەمێنێتەوەو پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى خۆى دەکات.
*بەپێى رێککەوتنەکەى روسیاو تورکیا هەسەدە بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر کشاوەتەوە؟
- بەڵێ بەو شێوەیەى لە هەردوو رێککەوتنى ئەمریکاو روسیا لەگەڵ تورکیا هاتووە هەسەدە ئەرکى خۆى جێبەجێ کردووە، مەسەلەکە کشانەوەى هەسەدە نییە، بەڵکو زهنیەتى داگیرکارى تورکیایە کە دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر داگیرکارى، ئەردۆغان بە ئاشکرا وتى دەمانەوێت ناوچەى ئارام کە ئەو پێی دەڵێت ئارام فراوانتر بکەین، بەڵام ئێمە لەوە زیاتر ئەو داگیرکارییە قبوڵناکەین، گەلەکەشمان لێمان قبوڵ ناکات هەر جارەو بڵێت ئەوەندە کیلۆمەترە بکشێنەوەو ئێمەش بڵێین باشە، ئەم هەرێمە هەزاران ساڵە خاکى کوردانە، ئەو هاتووە نیوەى داگیرکردووە، ئێمە بۆ پاراستنى گەلەکەمان ئەو سی کیلۆمەترەشمان قبوڵ کردووە بۆ ئەوەى کۆمەڵکوژى روو نەدات، ئەگەرنا مەترێک سازش لەسەر خاکى خۆمان ناکەین.
*پێتانوایە ئەمریکاو روسیا لەو سنورەدا تورکیا رابگرن و نەهێڵن لەوە زیاتر بچێتە پێشەوە؟
- ئەمریکاو روسیا پێویستە هەڵوێستیان هەبێت ئەوان ژیانى ملیۆنان کەسیان لەژێر دەستدایە، کوشتنى یەک مرۆڤ ئەوان لێی بەرپرسن، بۆیە پێویستە بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە، ئێمە لەگەڵ هەردوولا لە پەیوەندیداین رۆژانە هەماهەنگیمان هەیە هێشتا کارکردنی نێوانمان بەردەوامە، لەم رووەوە هەندێ بەڵێن هەیە بۆ ئەوەى نەهێڵێن لەوە زیاتر تورکیا بێتە پێشەوە، لە هەندێ ناوچەش توانیویانە تورکیا رابگرن، هیوادارین ئەمریکاو روسیا نەهێڵن چیتر تورکیا درێژە بە داگیرکارى بدات.
*ئێوە ترسى ئەوەتان نییە روسیا سیناریۆى عەفرین لە کۆبانى و ناوچەکانى دیکە دووبارە بکاتەوە؟
- مرۆڤ ناتوانێت بڕواى سەد لە سەد بە روسیا بکات، بەڵام هەسەدە رێککەوتنێکى لەگەڵ رژێم کرد بۆ پاراستنى سنورەکان روسیاش خۆى ئەرکدار کرد کە ئەوانیش بێنە سەر سنورو رێگە لە هێرشەکان بگرن، پۆتین لەگەڵ ئەردۆغان رێککەوتن کە دەوریەى هاوبەش هەبن و هێرشەکان راگیرێن، بەڵام تائێستا هێرشى دژوار هەیە، ئەمە ماناى چییە، مانای ئەوەیە گەمەیەک لە سیاسەتى روسیادا هەیە، ئێمەش نیگەرانى خۆمان پێ وتوون.
*گفتوگۆکان لەگەڵ رژێم گەیشتوون بە کوێ بۆ رێککەوتنێکى سیاسى هیچ گفتوگۆیەکتان کردووە؟
- دانوستان بەردەوامن بۆئەوەى چارەسەرێکى سیاسى بدۆزینەوە کە ئیدارەى خۆسەرو هەسەدە قبوڵ بکرێن و تایبەتمەندییان پێ بدرێت لە چوارچێوەى سوریادا، بەڵام رژێم کات بە فیڕۆ دەدات بۆ ئەوەى ئێمە سازش لەسەر داواکارییەکانمان بکەین، کە دەبینێت تورکیا هێرش دەکات ئەوەش وەک کارت لە دژی ئێمە بەکاریدەهێنێت، بەڵام ئێمە هەرگیز خۆمان رادەستى ئیرادەى رژێم ناکەین ئەگەر تایبەتمەندى باکورى سوریاو هەسەدە لەبەرچاو نەگیرێت، چونکە ئەمە ئەزموونێکە بە خوێنى هەزاران شەهید بەدەست هاتووە ئەگەر ئێمە هەر ئاوا رادەستى رژێمى بکەین ئەى ئەو هەموو خوێنە بۆچى رژا، بۆیە ئێمە بەرگرى لەو تایبەتمەندییە دەکەین کە ئیدارەى خۆسەرو بەیەکەوە ئاشتیانەى ژیانى گەلانى باکورى سوریایەو هەرگیز لەسەر سینیەک رۆژئاوا پێشکەشى رژێمى سوریاو تورکیا ناکەین.
*بۆچوونى ئێوە لەسەر کوشتنى ئەبوبەکر بەغدادى چییەو کورد رۆڵى چى بوو لە ئۆپەراسیۆنى کوشتنەکەى؟
- ئەمە دەستکەوتێکى مەزن بوو بۆ مرۆڤایەتى کە گەورەترین چەتەو خوێنڕێژ کوژراو، ئەمە دەستکەوتێکیشە کە بۆ گەلانى باکورى سوریاو بەتایبەت ئێزدییەکانى شنگال، بەڵام ئەمە ماناى وا نیە داعش کۆتایی هاتووە، داعش ئێستا بە پشتیوانى تورکیا خۆى کۆدەکاتەوە، هێرشەکانى تورکیا گەورەترین یارمەتییە بۆ خۆ رێکخستنەوەى داعش، ئامانجى تورکیاش ئەوەیە داعش جارێکى تر زیندوو بکاتەوە، ئەمریکاو روسیا دەڵێن ئێمە دژى داعشین و لەناویان دەبەین، بەڵام بە رێگەدان بە تورکیا کە هێرش دەکاتە سەر خاکى سوریا بە ماناى هاوکاریکردن و زیندووکردنەوەى داعش دێت، وەک فەرماندەى گشتى هەسەدەش وتى ئەوان رۆڵى مەزنیان هەبووە لە کوشتنى بەغدادى پێنج مانگە بە هاوبەشى لەگەڵ ئەمریکا کار بۆ دۆزینەوەى شوێنەکەى بەغدادى دەکەن، ترەمپ خۆى سوپاسى کوردى کرد بۆ ئەو بەشداریکردنە.