"زۆربەی بازرگانانی هەرێم رێڕەوی بازرگانییان گۆڕیوە لە توركیاوە بۆ وڵاتێكی تر"
07:49 - 03/11/2019
سازدانی: سەرچین ساڵح
بەختیار مەلا ئەحمەد، وتەبێژی یەكێتی هاوردەو ناردنكارانی هەرێمی كوردستان، باس لە كاریگەرییەكانی بایكۆتی شمەكو كاڵای توركی دەكاتو دەڵێت زۆربەی بازرگانانی هەرێم رێڕەوی بازرگانیان گۆڕیوە لە توركیاوە بۆ وڵاتێكی تر.
بەختیار مەلا ئەحمەد، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ “زەمەن” ئاشكرایكرد هەرێمی كوردستان لەگەڵ نزیكەی 40 وڵات كاری بازرگانی دەكاتو وتی: “كارێكمان كردووە لە حاڵەتی بایكۆتدا بەدیلی كاڵای توركی هەبێت”.
بەوتەی ئەو هەڵمەتی بایكۆت دووجار زیان بە توركیا دەگەیەنێت
*هاوڵاتیان دەستیان بەهەڵمەتێكی بایكۆتكردنی كاڵای توركی كردووە، ئەمە تاچەند كاریگەری هەبووە؟
-نەتەوەكەمان چی بخوازێ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، هەڵمەتەكە دەستیپێكردووەو دەتوانرێت سەربخرێت، بەم ماوە كورتە رەنگە كاریگەرییەكەی دەرنەكەوێت، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا دەردەكەوێت كاریگەرییەكەی چۆنە، كاریگەری لەسەر بازاڕ هەر چۆنبێت لەسەر بازرگانان نایبێت.
-رێژەی هاوردەكردنی كاڵای توركی كەمكردۆتەوە؟
*زۆربەی بازرگانانی هەرێم رێڕەوی بازرگانیان گۆڕیوە لە توركیاوە بۆ وڵاتێكی تر، چونكە كاڵای باشترو چاكتریش لە دەرەوەی توركیا هەیە، ئەمەش كاریگەری دەبێت.
*هاوڵاتیان زیاتر دەتوانن چ جۆرە كاڵایەك بایكۆت بكەن؟
-هاوڵاتیان دەتوانن هەموو شتێكی توركی بایكۆت بكەن، لەبەرئەوەی بەدەر لە پێویستی هاوردەكراوی وڵاتانی تر بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆمان هەیە، هەر لە بابەتی شیرەمەنیەوە تا مەوادی پاككەرەوەو دایبی تەنانەت جلوبەرگیش بەرهەمی ناوخۆمان هەیە، ئەمانە دەتوانن پشتی پێببەستن، زۆرجار دەوترێت جلوبەرگمان هەمووی توركییە، بەڵام وانیە زۆرێك لە بازرگانان جلوبەرگی ئەوروپی دێنن بە نرخێكی زۆر گونجاو دەیفرۆشن.
*هاوڵاتیان دەتوانن بەردەوامی بە بایكۆتی كاڵای توركی بدەن، ئایا بەدیل هەیە؟
-زۆر ئاساییە دەتوانرێتو بازرگانانیش دەتوانن رێڕەوی بازرگانیان بگۆڕن، بازرگانانمان وا راهێناوە كە دوو جەمسەرە كاربكەن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكی لەمجۆرەدا كاڵاكانیان ساغنەبویەوە بتوانێت پەكی نەكەوێتو بەدیلی هەبێت لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی كاڵاو شمەك بكات، كارێكمان كردووە لە حاڵەتی بایكۆتدا بەدیلی كاڵای توركی هەبێت بەشێوەیەك زیان نە لە بازرگانو نە لە ئابووری هەرێم نەكەوێت.
*هەرێمی كوردستان لەگەڵ چەند وڵاتدا كاری بازرگانی دەكات؟
-لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپی وەك فەرنسا ئەڵمانیا هۆڵەنداو بەلجیكاو بەریتانیا، وڵاتانی ئەمریكاو كەنەدا بەرازیل، لەگەڵ وڵاتە عەرەبیەكانو وڵاتانی ئاسیا، هەروەها روسیاو چینو یابانو ئەندەلوسیاو مالیزیا، كە بە گشتی نزیكەی 40 وڵات دەبێت.
*قەبارەی ئەو بازرگانیانە چەندە ساڵانە؟
-لە خاڵەسنورییەكانو فڕۆكە خانەكانەوە ساڵانە بە بڕی زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار هاوردە دەكرێت، كە بەشێكی بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاستو خوارووی عێراقەو لە دەروازەكانی ئەوێشەوە بەشێكی كەم بۆ هەرێم دێت كە بڕەكەی نازانین.
*كاریگەری بایكۆتەكە لەسەر توركیا چییە؟
-بێگومان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر دروست دەكات، توركیا زیاتر پشت بەو بەرهەمانە دەبەستێت كەخۆی بەرهەمی دێنێت، هەڵمەتی بایكۆت دووجار زیان بە توركیا دەگەیەنێت لەلایەك وڵاتانی ئەوروپا بایكۆتی زۆر شتیان لەگەڵ توركیا كردووەو هەرێمیش بایكۆتی دەستپێكردووە، لەلایەكی ترەوە بەرهەمەكەی لەناوخۆدا ساغنابێتەوە.
*پێتوایە بایكۆتەكە پرۆسەیەكی نیشتمانییە، ئایا نەبوونی بڕیارێكی حكومەت یان پەرلەمان، سیحری بایكۆتەكە بەتاڵناكاتەوە؟
-لەبەرئەو پەیوەندییە سیاسیەی هەرێمو توركیا بۆیە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە خۆی لەو بابەتە بدات، بەڵام هەڵمەتەكە بەرفراوانەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانو لە شەقامیشدا كۆمەڵێك گروپ رێنمایی بە خەڵكی دەدەن لەسەر بایكۆتو بە چڕوپڕی بەردەوامە.
*هەڵمەتەكە هۆشدارییەكیش نیە بۆ ئێرانو ئەو وڵاتانەی لەگەڵ هەرێمدا بازرگانی دەكەن؟
-بێگومان هۆشدارییەكی باشە بەتایبەت بۆ ئێران، ئەوان پێشتر زیانی گەورەیان بەركەوت لە كاتی داخستنی سنورەكاندا كە زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە سنوری ئێرانەوە بێكاربوون، چەندەها گرێبەست هەبوو هەڵوەشانەوەو بازرگانان رێەوی بازرگانیان گۆڕیو خواستی كاڵاكانیان كەمبویەوە.
*بەرهەمی ناوخۆ لەچی ئاستێكدایە؟
-بەرهەمی ناوخۆ ناگاتە ئەوەی پێویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، یاسایەكیشمان نیە پارێزگاری لەبەرهەمی ناوخۆ بكات، بەڵام ئەندامانی یەكێتیەكەمان هانداوە كارگەی گەورە دابنێن وەك پاڵپشتیەكیش رێزلێنان دەبەخشین بەوانەی كارگەیان داناوەو بەرهەمی ناوخۆیان دابینكردووە، هەڵمەتێكی گەورەیش دەیكەن بۆئەوەی هاوڵاتیان بەرهەمی ناوخۆ بەكاربێنن، لەبەرئەوەی مەوادی حافیزەی كەمترەو چاودێری وردی لەسەرە وەك بەرهەمی دەرەوە نیە كە نازانرێت چۆن بەرهەمهاتووە، بەرهەمی ناوخۆ چاكترو پاكترە.