جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان چی بەسەر هاتووە؟
04:50 - 03/11/2019
"زەمەن"
دواى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوریەکانى رۆژئاواى کوردستان ئێستا گۆڕانکارى جوگرافى لە رۆژئاواى کوردستان رویداوە بەو پێیەى تورکیا بەشێکى زۆرى خاکى کوردانى لە باکورى سوریا داگیرکردووە، لەگەڵئەوەشدا مەترسى گەورە لەسەر نەمانى ئەو ئیدارە کوردییە هەیە کە لە دواى ساڵى ٢٠١١وە دروستکراوە.
لە رۆژى ٩ى ئەم مانگە تورکیا لەشکرکێشى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان دەستپێکردو بە هەموو تواناى سەربازى خۆیەوە رووبەڕووى هێزە کوردییەکان بووەتەوە لە ئەنجامدا بەشێک لە خاکى رۆژئاواى کوردستان بە درێژایى ١٢٠ کیلۆمەترو قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر لەنێوان هەردوو شارۆچکەى سەرێکانى و گرێسپى داگیرکرد.
رۆژى ٢٠ی ئەم مانگەش روسیاو تورکیا لە شارى سوچى روسیا لەسەر ١٠ خاڵ لەبارەى باکورو رۆژهەڵاتى سوریاوە رێککەوتن، لە ئێستادا هێزە جیاوازەکان بەم جۆرە لە رۆژئاواى کوردستان دابەشبوون هێزەکانى سوپای سوریاو هەسەدە لە ناوچەکانى (قامیشلۆ، تل حەمس، تل بێسى، تلکۆچەر، دێربیسیە، تلتەمر، حەسەکە، منبج، عەین عیسا) دەمێننەوە.
تورکیا هەردوو شارۆچکەى گرێسپى و سەرێکانى و گوندەکانى دەوروبەرى بەدەستەوەیە، لە خاڵى شەشەمى رێککەوتنى روسیاو تورکیادا هاتووە کە دەبێت هەسەدە لە منبج و تلرەفعەت بچنە دەرەوەو تەنیا سوپاى سوریاو هێزەکانى روسیا لەوێ بمێننەوە، بەدرێژایی سنورى رۆژئاواى کوردستان لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى سوریاو پۆلیسى سەربازى روسیادا دەبێت جگە لە شارى قامیشلۆ کە لەژێر کۆنترۆڵى هەسەدە دەبێت.
بەپێى خاڵى پێنجەمى رێککەوتنى روسیاو تورکیا بەقوڵایی ١٠ کیلۆمەتر دەورییەى هاوبەشى روسیاو تورکیا بەدرێژایی سنورى رۆژئاواى کوردستان و تورکیا دەبێت جگە لە قامیشلۆ، هەروەها جگە لە گرێسپی و سەرێکانى کە لەژێر کۆنترۆڵى تەواوەتى تورکیادا دەبێت و هێزى رووسیاو سوپاى سوریا ناچنە ناوى.
هێزەکانى هەسەدە بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەترو درێژى ١٢٠ کیلۆمەتر کشاونەتەوەو هەردوو شارۆچکەى سەرێکانى و گرێسیپان جێهێشتوەو ئێستا لەژێر دەستى سوپاى تورکیاو گروپە چەکدارەکاندان.
رۆژئاواى کوردستان لە هەر سێ کانتۆنى جەزیرە، عەفرین، کۆبانى پێکهاتووە کە لە ساڵى ٢٠١١وە تا ساڵى ٢٠١٧ لەژێر دەسەڵاتى کوردیدا بوون، بەڵام عەفرین لە ٢٠١٧ لەلایەن تورکیاو گروپە چەکدارەکانەوە داگیرکراو لە کۆی ئەو شارو شارۆچکانەى کانتۆنەکە کە بریتین لە ناوەندى (عەفرین، جندرێس، بولبول، باسوتێ، قیتمە، راژۆ، تەلرەفعت، عیندار، باراد) تەنها تەلرەفعەت بەدەست کوردەوە ماوە ئەویش ئێستا تورکیا داوا دەکات هەسەدە لەوێش چۆڵ بکات.
کانتۆنى جەزیرە کە پێکهاتووە لە (سەرێکانى، حەسەکە، دێربەسییە، قامیشلۆ، عامودا، دێرک، رمێلان، جل ئاغا) بەپێى رێککەوتنى روسیاو تورکیا سەرێکانى و دێربەسییەو عامودا بەشێکە لە ناوچەی ئارام و دەبێت هەسەدە لێی بچێتە دەرەوە، بەڵام تائێستا هەسەدە تەنیا لە سەرێکانى کشاوەتەوە.
لە ئێستادا هێزى پۆلیسى سەربازى روسیا کێوماڵ و دەورییەى خۆى لە عاموداو دێربەسییە بەبێ هێزەکانى تورکیا دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا لە رێککەوتنەکەیاندا هاتووە هێزى هاوبەشى هەردوولا ئەو دەوریاتانە ئەنجام دەدەن، بەڵام پێدەچێت روسیا رێگەى بە تورکیا نەدابێت بچێتە ناوچەکەوە.
کانتۆنى کۆبانێ پێکهاتووە لە شارۆچکەکانى (گرێسپى، منبج، عەین عیسا، ناوەندى کۆبانێ) بەپێی رێککەوتنى روسیاو تورکیا گرێسپى و منبج و عەین عیسا دەکەونە ناوچەى ئارامەوەو دەبێت هەسەدە لێی بکشێتەوە، تورکیاش دەیەوێت هەسەدە لە کۆبانێش بچێتە دەرەوە، بەڵام روسیاو هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
دانیشتوانى ئەو ناوچانەى دەکەونە ناوچەى ئارامەوەو لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە لە کوردو عەرەب و ئەرمەن و کریستان و سریانى پێکهاتوون، بەڵام لەئێستادا تەنیا پێکهاتەى عەرەبى تێدا و پێکهاتەکانى تر لە ترسى لەناوچوون ناوچەکانیان جێهێشتووە.
رۆژئاواى کوردستان کەوتووەتە باکورو رۆژهەڵاتى سوریاو سنورەکەى لەگەڵ تورکیا ٦٣٠ کیلۆمەترەو درێژی سنورەکەشى لەگەڵ عێراق ٣٦٠ کیلۆمەتر دەبێت، ئێستا تورکیا بەدرێژایی ١٢٠ کیلۆمەترو قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتری لەو سنورە داگیر کردووە.
سەرجەمى ئەو ناوچانەى رۆژئاواى کوردستان لەدواى ساڵى ٢٠١١وە لەژێر کۆنترۆڵى کورددا بوون بە هەردوو شارى عەرەبى رەقەو دێرەزووریشەوە کە دەکاتە لە ٣١%ى هەموو خاکى سوریا، بەڵام بە داگیرکردنى عەفرین و گرێسپى و سەرێکانى و کشانەوەى هەسەدە لە ناوچەکانى دیکە ئێستا نزیکەى لە ٢٠%ی بەدەىست کوردەوە ماوە، ئەگەرى زۆریش هەیە هەسەدە رەقەو دێرەزوور رادەستى سوریا بکاتەوە ئەوکات لە ١٠% بۆ ١٥%ى خاکەکەى بەدەستەوە دەمێنێتەوە.
ژمارەى دانیشتوانى رۆژئاواى کوردستان بەپێی دوایین ئامار پێنج ملیۆن و ١٧٠ هەزار کەسە، بەڵام بەهۆى سەرهەڵدانى داعش لەساڵى ٢٠١٤ و هێرشەکانى تورکیا لە ساڵانى دواتر نزیکەى دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوونو تائێستا نەگەڕاونەتەوە رۆژئاوا، هەروەها لە ناوخۆى رۆژئاواش نزیکەى ملیۆنێک ئاوارەى ناوچە ئارامەکانى وەک جەزیرەو حەسەکەو قامیشلۆ بوون.
لەماوەى دوو ساڵى رابردوودا تائێستا تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنى لە رۆژئاواى کوردستان ئەنجامداوە یەکێکیان لە مانگى ئابى ساڵى ٢٠١٦ کە هەریەکە لە شارۆچکەکانى (جەرابلوس و عەزازو راعى) ئۆپەراسیۆنى دووەم لە مانگى شوباتى ٢٠١٧ عەفرینى داگیرکرد، سێیەمیشیان ٩ى ئەم مانگە بوو کە سەرێکانى و گرێسپى داگیرکرد.
ئامانجى سەرەکى هەموو ئەو هێرشانەو دروستکردنى ئاڵۆزى لە ناوچەکەدا لەلایەن تورکیاوە بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارامە بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر ئەویش بەمەبەستى شکستهێنان بە دروستکردنى هەرێمێکى کوردى لە باکورى سوریاو هەروەها گۆڕینى دیمۆگرافیاى رۆژئاواى کوردستان کە زۆرینەى کوردە بە جێگیرکردنى سێ ملیۆن پەنابەرە سورییەکان بە درێژایی سەر سنور لە دیوى باکورى سوریا.
ژمارەى پەنابەرانى سوریا لە خاکى تورکیادا نزیکەى سێ ملیۆن پەنابەر دەبێت، حکومەتى تورکیا دەیەوێت لە ناوچەکانى گرێسپی و سەرێکانى و منبج و تەلرەفعەت نیشتەجێیان بکات، بۆ هەر خێزانێکی پەنابەرانیش ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ مەتر زەویان پێ بدات تا خانووى لەسەر بکەن.
لە ئێستادا ئەوە روونبووەتەوە کە زلهێزەکانى بەشدار لە قەیرانى سوریا ناکۆکییەکان و یاریەکەیان لەسەر خاکى رۆژئاواى کوردستان و لەسەر حسابی هەزاران شەهیدى کورد تەواو دەکەن و دەیانەوێت میراتى هەشت ساڵ خۆبەڕێوەبەرى کوردەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.