نەوەی دووەمی شاعیرانی بابان
01:38 - 08/10/2019
نەوەی دووەمی شاعیرانی بابان
نوێترین کتێبی دەستنووسی نەوشیروان مستەفا پاش مردنی کتێبی (نەوەی دووەمی شاعیرانی قوتابخانەی بابان)ە. لەم ڕۆژانەدا بڵاوکرایەوە.
بەدەر لە بابەتە مێژوویی و سۆسیۆلۆژیی و بیرەوەرییەکانی، ئەم کتێبەی نووسەر، ئاوڕدانەوەیەکە لە ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی، بەتایبەتی ئەو شێواز و تایبەتمەندییە ئەدەبییەی کە لەناو خەڵکدا بە (قوتابخانەی شیعری بابان) ناوبران و هەریەک لە (نالی و سالم و کوردی) سەرمەشق و رێبەرانی بوون. بەردەوامبوون لەسەر ئەو قوتابخانەیە گرووپ و چەند شاعیرێکی تری هێنایە ناوەندەکە، کە ئەویش ناوبراو بە (نەوەی دووەمی شاعیرانی قوتابخانەی بابان) کە رێبەرانی سەرەکی بریتیبوون لە (حاجی قادری کۆیی، شێخ رەزای تاڵەبانی، وەفایی و حەریق) هەرچەندە بۆخۆی ناوی قوتابخانەی شیعری بابان، هەندێ لە نووسەران پێیان وایە راستترە بگوترێ قوتابخانەی شیعریی سلێمانی، چونکە پێش درووستکردنی شاری سلێمانی لەلایەن میرانی بابانەوە، هیچ کام لەو شاعیرانە، ناوەکانیان وەک پاش درووستبوونی شار درەوشاوە نەبووە!.
کتێبی (نەوەی دووەمی شاعیرانی قوتابخانەی بابان) لەچاو هەندێ لە کتێبەکانی تری نەوشیروان مستەفادا قەبارەی بچووکترە، بەڵام ئەم کتێبەی تایبەت ترە و خوێندنەوەیەکی وردی ئەدەبیی و سۆسیۆلۆجیانەیە، لەسەر ژیان و بەرهەمی ئەو چوار شاعیرە، کە هەریەک لەو شاعیرانە تایبەتمەندیی خۆی لە بواری شیعر و ئەدەبیاتدا هەبووە. وەک زۆرێ لە نووسەرانی تری دونیا، کە لە کاتی نووسینی کتێبێکدا، مەرگ دەرفەتی تەواوکردنی نادات، بەداخەوە، ئەم کتێبەش بەو شیوەیە بووەو لە کاتی نووسینیدا بێ ئەوەی کتێبەکە تەواو بکات، کۆچی دوایی دەکات. خوێنەر کە کتێبەکە دەیخوێنێتەوە ئەو هەستەی هەیە، کە هێشتا کتێبەکە ماویەتی و رەنگە لە ژیاندا بمایە پێداچوونەوە و دەسکاری تری بکردایە.
تێڕوانینی نەوشیروان مستەفا بۆ ژیان و شیعری شاعیرانی کلاسیکی کوردی، درێژکراوەی بۆچوونە سۆسیۆلۆژییەکانیەتی کە پێشتر بۆ ژیان و بەرهەمی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و هەندێ لە شاعیران و نووسەرانی تری کورد هەیبووە، کە زیاتر خوێندنەوەی باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و جوگرافیای ئەو سەردەمە بووە کە شاعیرەکە، بەرهەمەکانیان تێدا نووسیووە.
*کتێبی(نەوەی دووەمی شاعیرانی قوتابخانەی بابان) لە زنجیرەی “بەدەم رێگاوە گوڵچنین”دا، دەبێتە بەرگی سێیەم لە کتێبی یەکەم.