ڕەهەندە ستراتیژییەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ سووریا
8/3/2026 4:11:00 PM
هیوا ئەحمەد
لە سیستەمی نوێی نێودەوڵەتیدا،
کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان زیاتر لە جاران ڕۆڵ دەبینن لە داڕشتنی نەخشەی ئارامی و
ئاسایشی ناوچەییدا. سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ سووریا تەنها جووڵەیەکی
کاتی نییە، بەڵکو وردبینییەکی ستراتیژییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتە نوێیانەی
لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن. لەم تەوقیتەدا، زەروورەتی سەردانەکە، نیشانەی کامڵبوونی دیپلۆماسییەتی
هەرێمی کوردستانە.
پێگە و لێهاتووی لە بەڕێوەبردنی
قەیرانەکاندا. دیپلۆماسییەتی لە میحوەری گفتوگۆکاندا و توانی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش
لە دژبەیەکییەکاندا. فاکتی ئەو متمانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بە سەرۆکی هەرێمی
کوردستان.
سەردانە فەرمییەکەیان
بۆ سووریا کۆمەڵێک ڕەهەندی دیار و شاراوەی هەیە. سووریای ئەمڕۆ گۆڕەپانی ململانێی یەکلاکردنەوەی
هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، کە لە داهاتوودا ژمارەیەک لێکەوتەی ئابووری و ئەمنی
دەبێت بەسەر ناوچەکە و هەرێمی کوردستانەوە.
دیدی کە دیپلۆماسییەتی
هەرێم بۆ دراوسێکانی، واتە دروستکردنی ئاسایشی هاوبەش، لێرەدا ئاسایشی هەرێم دەبێت
بە مەرجی پێشوەختە بۆ سەقامگیریی سووریا، و چەسپاندنی ئەم خواستەش پێویستی بە تەکنیکی
بەڕێوەبردنی هەماهەنگانەی هەڕەشە هاوبەشەکان هەیە. ئەم هەماهەنگییە وادەکات سووریا
لەبری مەترسی ببێت بە عاملی ئاسایشی بۆ هەرێمی کوردستان.
لە ئێستادا سووریا ڕەهەندی
جیۆپۆلەتیکی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان جگەلەوەی بەشێک لە جوگرافیاکەی خاکی ڕۆژئاوای
کوردستانیشە، و چارەنووسی کوردستان وابەستەی هەمان چارەنووسە. ئەم واقیعە لە هاوبەشی
پێکهاتەی مێژوویی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیدایە و پێویستی بە ستراتیژی هاوسەنگ
هەیە. دیدێکی لۆژیکی ئەوەیە پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی سووریای
داهاتوودا بچەسپێنرێت، ئەمەش هەمان دیدی سەرۆکی هەرێمە، کە پێداگرە لە پاراستنی
هاوسەنگی لە نێوان ئایدۆلۆژیا و واقیعگەرایی سیاسیدا.
ڕەهەندێکی تری گرنگی
سووریا بۆ کور، مامەڵەکردنە لەتەک ڕوانگەی تیۆریی پۆست کۆلۆنیاڵدا، نەخشەی ئێستای
سووریا و عێراق میراتی کۆلۆنیاڵە. سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی
ئەو سنوورە میراتییە و پەیامێکیشە بۆ پۆستکۆلۆنیاڵ کە کێشەکانی ناوچەکە لەلایەن ئەکتەرە
ناوچەییەکانەوە چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە، نەک مۆدیلی سەپێنراوی هەژموونگەرایی.
جگە لە فاکتەرە سیاسی
و ئابوورییەکان، فاکتەرێکی بنەڕەتی تریش هەیە لە سووریا کە دیپلۆماسییەتی هەرێم
کاری لەسەر کردووە، ئەویش ئاسایشی مرۆیی و پێکەوە ژیانی ئەتنیکییە. بەدرێژایی مێژووی
خۆی، سووریا لانکەی فرە نەتەوە و ئایین بووە. بۆ زامنی مافی نەتەوەی کورد پێویستە
هانی فرەیی بدرێت و زامنی پاراستنی مافەکانیان بکرێت.
بە خوێندنەوەی ئەم ڕەهەندانە،
زەروورەتی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فهمێکی پێشوەختەیە. ئەو واقیعبینییە
هاوکارە لە تێگەیشتنی ئەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکیانەی لە داهاتوودا لە ناوچەکە ڕوودەدەن،
و ئەم هەنگاوە زامنی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە چەقدا بێت نەک پەراوێز.
لە کۆتاییدا، سەردانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنها سیاسەتی بەرپرسانی باڵا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی داهاتوومان لە ناوچەکەدا. لە هەمانکاتدا فەراهەمکردنی
مافی ڕۆژئاوای کوردستان وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی سووریای نوێ. ئەو فاکتەرانە بنەڕەتین
و دەبێت بە هەند وەربگیرێن، چونکە سەقامگیریی درێژخایەن تەنها بە ڕێککەوتنی سەربازی
نایەتە کایەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان
بنیاد دەنرێت. لە پاڵ ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان ئەو وێنەیە دەخاتە بەردەم جیهان کە
هەرێمی کوردستان عاملی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.