نەخشەڕێی بەهاناوەچونی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژاڤا
1/9/2026 9:50:00 PM
د. یوسف محەمەد
هێرشەکانی ئەم جارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بۆسەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، مەترسیدارن. ئەم مەترسییە هەر بۆ کوردانی حەلەب نییە، بەڵکو بۆ کۆی ئەزمونی حوکمڕانیی رۆژاڤایە. چونکە ئەم هێرشانە هاوکاتە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکانی سەر سوریا پاش ئاسایی بونەوەی تەواوەتی حوکمڕانیی «جۆلانی»ی ئەمیری گروپێکی تیرۆرستیی پێشو و «ئەحمەد شەرع»ی سەرۆکی ئێستای سوریا و، لە هەمان کاتیش کردنەوەی دەرگای ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دەسەڵاتە و ئیسـ.رائیل.
ئەوەی لە رۆژاڤا رودەدات، جگە لە رەهەندی هاوسۆزییە نەتەوەییەکەی، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێ لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان و، دۆخی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان و، تەنانەت پێگەی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق.
هەنگاوی کردەیی و کاریگەر و بونیاتنەر بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و یارمەتیدانی رۆژاڤا بۆ روبەڕوبونەوەی هێرشەکان و، بەردەوامیدان بە رێچکەی ئاشتییانە بۆ جێگیرکردنی ئەزمونەکەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی سوریا، پێویستی بە نەخشەڕێیەکی فرە ئاست و رەهەند هەیە.
یەکەم: لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان
1. گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەڕێی ئەو پەیوەندییە دیبلۆماسییانەی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا هەیانە، فشار بکەن بۆ هێنانەکایەی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکان و، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لەڕێی دانوستانەوە.
2. جەخت کردنەوەی بەردەوام لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری ناناوەندی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا و، بەستنەوەی دۆزی کورد بە دۆزی دروز و عەلەوی و کریستیانەکانی سوریا.
3. ئەنجامدانی پەیوەندیی بەردەوامی رەسمی و ئاشکرا و فرەئاست لەگەڵ دەسەڵاتی رۆژاڤا بۆ نیشاندانی پشتیوانیی سیاسی و مرۆیی. هەمو ئەمانەش پاساودراو و شەرعی پشتئەستور ئەبن بە بڕیاری ژمارە (24)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی کوردستان.
4. کردنەوەی دەرگای وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق و، تەنانەت ناردنی شاند بۆ دیمەشق بەمەبەستی گەیاندنی نیگەرانی لەو پەلامارانە و، فشار بۆ راگرتنی هێرشەکان و، نیشاندانی ئامادەیی بۆ هاوکاریی کردن لە دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی. ئەم هەڵوێستانەی هەرێم پاساودراون نەک تەنها بە دۆزی نەتەوەیی، بەڵکو بە هۆی کاریگەریی راستەوخۆی ئەو ئاڵۆزی و شەڕانە بۆسەر هەرێمی کوردستان چ لە روی ئەمنییەوە چ لە روی مرۆییەوە بەتایبەت ئاوارەبونی خەڵک ناوچەکە بۆ هەرێمی کوردستان.
5. کردنەوەی پردێکی هاوکاریی مرۆیی بەردەوام بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشهاتێکی نەخوازراو.
6. لەسەر ئاستی گوتاری راگەیاندنیش، زۆر گرنگە کەناڵەکانی راگەیاندنی هەرێم، بە زمانە زیندوەکانی دنیا ستۆریی روداوەکان لەگۆشەنیگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ رای گشتیی جیهانی بگوازنەوە.
7. لەسەر ئاستی جەماوەریش، جیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگە بە خۆپیشاندانی مەدەنیی ئیدانەی ئەو پەلامار و هێرشانە بکرێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە خۆپیشاندانی گەورە لە هەولێر ئەنجام بدرێ بۆ گەیاندنی پەیام بۆ نێردە دیبلۆماسییەکان لە پایتەختی هەرێم.
دووەم: لەسەر ئاستی عێراق
1. هەرێمی کوردستان خاوەنی نوێنەرایەتییە لەسەر ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانانی فیدڕاڵ. لە ئێستادا دو پۆستی جێبەجێکاری گرنگ بەدەست نوێنەرانی هەرێمەوەیە کە ئەوانیش سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەیە. گرنگە پەیامێکی رەسمیی عێراق لەڕێی یەکێک لەو دو پێگەیە سەبارەت نیگەرانی لە هێرشەکان دەرببڕدرێت.
2. فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەتوانن فشار بکەن بۆ نواندنی هەڵوێست لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران. بە لانی کەم خۆیان هەڵوێستیان هەبێت و، بەهەمان شێوە جێگری دوەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
3. لە ئاستی کرداریش دەکرێ لەڕێی کەناڵی دیبلۆماسیی راستەوخۆی نێوان عێراق و سوریا، فشار بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە پەلامار و هێرشەکان و، سەرخستنی رێگای ئاشتی و دانوستان.
4. نوێنەرانی کوردستان لە ئاستی هەر دو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و یاسادانان و تەنانەت لە ئاستی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق پێویستە کار بکەن کە عێراق پرسی کەمایەتییەکانی سوریا بکاتە فایلێکی سەرەکی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی دا. ئامادەیی بۆ ئەمە لە ناوەندی دیکەی عێراقیش هەیە. عێراق زیاتر لە دەوڵەتانی دیکەی هاوسنوری سوریا بەڵگەی هەیە بۆ مەترسییەکانی لە سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزییەک لە سوریا. سەرهەڵدانی داعش و پەلاماردان و گرتنی نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق هێشتا کۆن نەبوە. هەروەها ئۆردوگای هۆل و زیندانییانی داعش لای هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەلەفێکی ئەمنیی مەترسیدارە بۆ عێراق. لەهەمان کاتدا بونی کورد لە عێراق و لەناو دەسەڵاتەکانی و، چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، پێگەی ئەم دەوڵەتە لە لەخۆگرتن (تبني) کردنی فایلی پێکهاتەکانی سوریا بەهێزتر ئەکات و، پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بۆ عێراق دەستەبەر ئەکات و، ئەیکاتە یەکێک لەو دەوڵەتانەی کورسییان هەیە لەسەر مێزی چارەسەری کێشەکانی سوریا.
5. عێراق ئەتوانێت هەندێک پاڵنەر (حوافز)ـی ئابوریش بۆ سەرکەوتنی هەڵەکانی لەو بارەیەوە بەکاربهێنێت، بەتایبەت بەگەڕخستنی هێڵی بۆریی نەوتی بانیاس و پەیوەندیی ئابوری لەگەڵ سوریا و بەستنەوەی سوریا بە (رێگای گەشە).
سێیەم: لەسەر ئاستی رەوەندی کوردستانی و دیاسپۆرا
1. ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە لە پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژاوا بۆ هێنانەکایەی فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دەسەڵاتدارانی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی رۆژاڤا و، حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی پارچەکانی تری کوردستان.
2. ئەنجامدانی دیدار و کۆبونەوە و ناردنی پەیام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و پەرلەمانی ئەو وڵاتانە لە لایەن حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە کوردستانییەکان بۆ هەمان مەبەست.
3. هەر دو حیزبی حوکمڕانی هەرێم لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پارەیەکی زۆر بۆ لوبی کردن سەرف ئەکەن، ئەتوانن بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ لۆبی کردن لە پێناو چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە دادپەروەی دۆزی کورد لە رۆژاڤا بخەنەکار.
4. پەیوەندی گرتن لەگەڵ پێکهاتەکانی تری سوریا بەتایبەت کریستیان و دروز و عەلەوییەکان بۆ هەمانگی و کاری هابەش.
ئەم نەخشەرێگایە دەقێکی سەرەتاییە کە دەکرێ دەوڵەمەندتر بکرێت بۆ هەنگاوی کرداریی فرە ئاست و رەهەندی کاریگەر بۆ پشتیوانیی رۆژاڤا.
دەربڕینی ناڕەزایی و دژوەستانەوە چاکە. بەڵام لەوە گرنگتر بونی دیدگای رونە بۆ چۆنییەتی کاریگەریی روداوەکان لەسەرمان و، ئەو مەترسی و دەرفەتانەی لەگەڵ خۆیان دەیهێنن و، چۆنییەتیی روبەرونەوەی مەترسییەکان و سودوەرگرتن لە دەرفەتەکان. ئەمە وا دەکات پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکرێت و، پشتیوانی لە رۆژاڤاش بکرێت و، مەترسییەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەت.