8وتار

«نا»یەكەی عابدی؛ پەیامێك بوو بۆ دۆست و دوژمن

2/5/2026 3:12:00 PM
لوقمان مستەفا صاڵح

لە كاتێكدا ناوچەكە بە گشتی، و ڕۆژاوای كوردستان بە تایبەتی، لە قۆناغێكی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بەهۆی هێرشی داگیركەرانەی چەتەكانی داعش و ئەحمد شەرع لەلایەك، و پلانە نێودەوڵەتی و هەرێمایتییەكان بۆ لاوازكردن و سڕینەوەی كورد لە ڕۆژئاڤا لەلایەكیتر، هەوڵێكی گشتی دروست بوو بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر سەركردایەتی خۆسەر بۆ تسلیمبوون. ئەم فشارە لەگەڵ كەمی ژمارە و چەك، پشتگیری ڕوونی توركیا و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی، و بێدەنگی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە سوریا، هێرشەكەی زیاتر توند كرد.

لەو بارودۆخەدا، جنراڵ مەزلوم عابدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریا دیمۆكراتیك (SDF)، بە هەڵوێستێكی ڕوون و بێ‌دوودڵی ووتی:

«نا، واتە تسلیمی دوژمن نابین».

 ئەم قسەیە تەنها ڕەتكردنەوەیەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو پەیامێكی سیاسی، نەتەوەیی و مێژوویی بوو كە دەتوانرێت نەوە لە دوای نەوە شانازی پێ بكات.

وتنی «نا» لەلایەن جنراڵ مەزلوم عابدی، واتە ڕەتكردنەوەی هەر جۆرێك لە فشاری سەربازی، سیاسی یان دیپلۆماسی كە ئامانجی شكاندنی ئیرادەی خەڵكی ڕۆژئاڤا و هێزەكانی پاراستنی خۆیان هەیە. ئەمە نیشاندا كە هێزەكانی SDF هێشتا خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ پاراستنی خاك، خەڵك و دەستكەوتەكان.

ئەم هەڵوێستە هەروەها پەیامێكی ئاشكرا بوو بۆ هێزە هێرشبەرەكان؛ چونكە ئیرادەی بەرگری و خۆپاراستن لە ڕۆژئاڤا بە هەڕەشە یان فشار ناشكێندرێت. ئەو هێزانەی كە پێیان وابوو بە زۆر یان داواكاری سیاسی دەتوانن SDF ناچار بكەن بە تسلیم، ئێستا ڕووبەڕووی ڕاستیەكی نوێ بوونەتەوە.

لە هەمان كاتدا، ئەم بانگەوازە ئاگادارییەكی جدی بوو بۆ هاوپەیمانانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی؛ چونكە پاراستنی ئارامی و تێكۆشان دژ بە تیرۆریزم، تەنها بە پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماسی بەردەوام دەتوانرێت بە سەركەوتن بگات. پشتگوێ‌خستنی ئەم ڕاستییە دەتوانێت ناوچەكە بگەیەنێت بۆ قۆناغێكی مەترسیدارتر.

لە بەرچاوەڕوانی زۆربەی كوردان، ئەم هەڵوێستە بەشێكە لە درێژەی تێكۆشانی كورد بۆ ماف، ناسنامە و خۆبەڕێوەبەری. «نا» لێرەدا واتە نەرمبوون لەسەر بنەماكان نییە، بەڵكو بەرگری لە مافێكە كە بە قوربانی زۆر بەدەست هاتووە.

جیاوازی ئەم «نا»یە لێرەدایە: لە مێژووی شۆڕشەكانی پارچەكانی تری كوردستاندا، زۆرجار هەڵوێستەكان لە كاتی قەیراندا لە سنووری هێمنبوون یان ڕاگەیاندن تێپەڕیوون، بەڵام كەمتریان هەبووە كە بەم ئازایەیی و بە ڕوونی، بە ڕووی دوژمن بڵێن «نا». ئەمە نیشاندا كە شۆڕشی ڕۆژئاڤا تەنها شۆڕشی مانەوە نییە، بەڵكو شۆڕشی بڕیار و هەڵوێستە.

هەروەها، وتنی «نا» لە هەمان كاتدا بوو بە بڕیاری نەفیرِ گشتی. ئەم هەڵوێستە سنووری سەربازی تێپەڕاند و گۆڕا بۆ بانگێكی نەتەوەیی كە كوردانی هەموو چوار پارچەی كوردستان، سەرباری جیاوازی بیر و ڕا و ئایدیای سیاسی، یەك دەنگ بوون و هاتنە سەرشەقام و مەیدان بۆ پشتیوانی ڕۆژاوای كوردستان.

دەرەنجام، وتاری جنراڵ مەزلوم عابدی تەنها ووشە نییە؛ هەڵوێستێكە كە دەتوانێت قۆناغی داهاتووی شەڕ، سیاسەت و هاوسەنگی ناوچەیی دیاری بكات.
«نا، واتە تسلیمی دوژمن نابین» ـ پەیامی بەرگری، بەردەوامی و ئیرادەی خەڵكێك كە نایەوێت دەستكەوتەكانی بە ئاسانیدا لەدەست بدات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن