1318وتار

خۆپێشاندان وەک مافێک

5/19/2020 10:28:00 AM
لوقمان مستەفا صاڵح

بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران بێزاربوون لە  بەڕیوەبردنی ئەم جۆرە سیستەمە لە دەسەڵات، بێزاربوون لەم هەموو قەیران و سیاسەتی چەوت  وململانێی بێ مانای لایەنە سیاسیەکان،کە بەردەوام دووچاری ماڵوێرانیی کردوون. هەر بۆیە ئەم چین و توێژانە بۆ چاککردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە، ئەوە نەبێت بێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز گوزارشت لە داواکارییەکانیان بکەن. شەقامەکان بکەن بەو شوێنەی لێیەوە هاوارو ناڵەیان بگەیەنن بە گوێی دەسەڵاتداران و داوای مافە رەواکانیان بکەن.داوای کرێی ماندووبوونی خۆیان بکەن،داوای مووچەی بەناو پاشەکەوتکراویان بکەن. 
لە راستیدا هۆکارگەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆپیشاندانی لە پێناودا بکەن، بەڵام هیچ هۆکارێک ناگاتە ئەوەی کە قووتی ماڵو منداڵت بگرن و خۆیان تێرو تۆ برسیکەن!  بی دەنگ بوون لە ئاست ئەم زوڵمە هەرچی دەسکەوتی راپەرینی خەڵکی کوردستان هەیە دەخاتە بەر مەترسیەکی راستەقینەوە،بەردەوام بوون لە سەر ئەم ڕیتمەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە حوکمڕانی کارەساتی گەورەی بە دوادادێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شارەزایان پێیانوایە دەسەڵات یان حکومەت، زۆرجار هۆکارە بۆ گۆڕینی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ خۆپیشاندانێک کە تووندوتیژی و پەشێوی لێ بکەوێتەوە، بەوەی داواکاری خۆپیشاندان پشتگوێدەخەن و جێبەجێی ناکەن و بەدەم هیچ داواکارییەکەوە نایەن. ئەم پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنە بۆ داخوازی خۆپیشاندەران، وا لە خۆپیشاندەران دەکات بیر لە شێوازی دیکە و میکانیزمی تر بکەنەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان. بیر لەوە دەکەنەوە بە جۆرێکی تر خۆپیشاندان بکەن کە کاریگەری زیاتری هەبێت و حکومەت ناچار بە گوێگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکات، هەروەک ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێ،خەڵکەکە بە ئاشتیانە دێنە سەر سەقام خۆپێشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن،کەچی زەبروزەنگ و بەبکرێگیراوانی لایەنێکی سیاسیش لە قەڵەمیاندەدەن و دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە!
دەبێت حکومەت ئەوە بزانێت هەر خۆ پێشاندانێک تێزێكە بۆ پرسەكانی ئازادی ڕادەبرین و گردبونەوه ومانگرتن ‌و خۆپیشاندانی ئاشتیانه ‌بە توندووتیژیسەوە، رەواییدانە بە بوونی چەمکی دیموکراسی لە هەرێمدا،لێرەدا دەسەڵات بۆ ڕوسپیکردنەوەی خۆی و جێگیرکردنی بنەما سەرەتاییەکانی ئەم چەمکە دەبێ پێشاندانی ئەدایەکی باش بەڕووی دەرەوەدابدات ئەویش تەنها بۆی هەیە پارێزگاریان لێبكات وئامۆژگاری بات و دەقە یاساییەكان بداتەوە بە گوێی خەڵكە ناڕازیەكەدا،بۆئەوەی خۆپێشاندانەكان سەرنەكێشێت بۆ كارێكی نە خوازراوو مافی گشتی پێشێل نەكات،چونكە ئەم چەمكانە بە كۆڵەگه ‌و ڕەگەزی بەهێزی هەر دەسەڵاتێكی دیموكراتی دادەنرێن.لەبەرئەوەی‌ ئەم ڕەگەزانە یان ئەو ماف و چەمكانە پرەنسیپی سەرەتایین بۆ باوەربون بە بەشداری تاكەكانی كۆمەڵگە لە داواكردنی ماف و ئازادیەكانیان. ئەمەش بە روونی لە ڕێكەوتنامەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان دا جەختی لێكراوەتەوە. تەنانەت ئەو وڵاتانەی كە واژوویان لەسەر ئەو بەڵگەنامەو ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتیانە كردوە، گوێڕایەڵ و ملكەچن بۆ جێ بەجێ كردنی ئەم ماف و چەمكانە بە شێوەیەك دەبێت لە دەستوری بنەڕەتی و یاساكانیان بە تەواوی و دوور لە هەر پێشێلكاری و سنورداركردنێك ڕەنگ بداتەوە.   سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین خۆپیشاندان مافە، لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، وەک مافێکی سیاسی دانی پێدانراوەو بەشێکە لە مافی (ئازادی را دەربڕین)، هەروەها بەشێکە لە مافی (بەشداری سیاسی).     مافی ڕادەربڕینی ئاشتیانە بە یەكێك لە مافە سروشتیەكانی مرۆڤ دادەنرێت كە جاری گەردونی مافەكانی مرۆڤ لە ساڵی (1948) جەختی لێكردۆتەوە. هەروەك لە هەردوو پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەتن بە مافە مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانی بە روونی ئاماژەیان داوە بە دەسەبەركردنی ماف و ئازادی ڕادەبڕین بە شێوەیەك كە بە یاسا ڕێك بخرێت و دژ نەبێت لەگەڵ سیستەم و ئادابی گشتی، لە ماددەی (21)ی پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكاندا هاتوە (( مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دان پیانراوە، نابێت هیچ لەمپەرێك لەبەردەم ئەو مافانە هەبێت وە دەبێت ئەم مافە بە پێی یاسا ڕێك بخرێت)). لە كومەڵگە دیموكراتیەكان ڕێوشوێنی پێویست دادەنرێن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاداب و تەندروستی و سەلامەتی گشتی، هەروەها ڕێوشوێنی تایبەتیش دادەنرێن بۆ پاراستنی ئازادییە گشتیەكان و گوزارشتە تایبەتیەكان.
بڕیاری ژمارە (59) (د ــ 1) لە ڕێكەوتی 14 دیسمبر 1946 كە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان (خولی یەكەم) دەرچوو هاتوە (( مافی ئازادی ڕادەبڕین بە شێوەیەكی بنەڕەتی بەرجەستە كراوە، ئازادی ڕادەبڕین و پەیڕەوكردنی بیروباوەڕ مومارەسە دەكرێن بەبێ هەر كۆت و بەندێك، چونكە ئەمانە مافی بنەڕەتی و سروشتی هەر مرۆڤێكن )) هەروەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەم مافانە بەزەقی لە ڕێكەوتنامەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكاندا هاتون، بۆ نموونە لە مادەی (19)ی جاری گەرودونی مافی مرۆڤدا هاتوە: (( ئازادی ڕادەبڕین و گوزارشت كردن كە مافی ڕادەربڕین و گوزارشت كردن دەگرێتەوە دوور لە هەر ڕێگری و لەمپەرێك و دوور لە پەراوێزخستن و وەلانانی بیروبۆچونەكان، دەبڕینیان و پەخش كردنیان بە هەر ئامرازێك بێت بەبێ سنوردانان(.)
لە پەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكاندا هاتوە:-
1 ــ مافی هەر مرۆڤێكە گوزارشت لە ڕاوبۆچونەكانی بكات بەبێ رێگری.
2 ــ هەموو مرۆڤێك مافی ڕادەربڕینی هەیە ئەم مافە هەریەكە لە وەرگرتن و پێدانی زانیاری و دەربڕینی بیروڕا و وەرگرتن و گواستنەوەی بۆ ئەوانی تر دەگریتەوە بەبێ دانانی سنوربەندی، ئینجا بە وتن یان بەنوسراو یان بە چاپكراو یان هەر ئامرازێكی تر بێت.
3 ــ ئەو تێكستانەی لە بڕگەی (2)ی ئەو مادەیە هاتون ئەرك و بەپرسیارێتی تایبەتن.
4 ــ دەشێت هەندێك كۆت و بەند هەبن بەڵام دەبێت بەدەقی یاسا دیاریبكرێن، لەبەر یەكێك لەم هۆكارانە( ):
أ ــ ڕێزگرتنی ماف و سومعەی ئەوانی تر.
ب ــ پاراستنی ئاسایشی گشتی(نەتەوەیی) یان سیستمی گشتی یا سەلامەتی و ئادابی گشتی.                                                                                لە هەرێمی كوردستان خۆپێشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسا ڕێكخراوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٧)ی ساڵێ 2010، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 8ی كانوونی یەكەمی 2010دا یاسای ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ی پەسەند كردووە، كە بە (یاسای ڕێكخستنی خۆپێشاندان لە هەرێمی كوردستان- عێراق) ناسراوە. بە پێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێكی دەستوورییە و بە پێی یاسا پیادە دەكرێ بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگا و بە پشتیوانیی ئەو یاسایە جەماوەر گوزارشت لە ڕای خۆی دەكات بۆ پێشاندانی خواستە ڕەواكانی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەكان بەهەند وەرگرتن و ڕەچاوكردنی پرەنسیپ و ڕێساكانی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێكدان
لە ماددەی سێیەم/ بڕگەی دووەمدا هاتوە (( ناكرێت خۆپیشاندان بكرێت بەبێ پێشكەشكردنی داواكاری بۆ وەزیر یان سەرۆكی یەكەی كارگێڕی و وەرگرتنی ڕەزامەندی نوسراو))، وەك لە دەقەكەدا دیارە جەخت لە وەرگرتنی مۆڵەت كراوەتەوە نەك ئاگادار گردنەوە، بەڵكو ئەمە مۆڵەتی پێش وەختەیە، ئەمەش پێچەوانەی دەستورو یاسا نێودەوڵەتیەكانە، لەبەرئەوەی مافی خۆپیشاندان و ئازادی بیرورا مافێكی سروشتی هەرتاكێكی نێو كۆمەڵگایە،بێ جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ئاین،یاهەر بیرووباوەڕو ئایدیایەكی تر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن