لە عێراق چوار هەزار کەس تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون و ١٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە
04:35 - 29/11/2026
زەمەن_هەواڵ
لە عێراق (٤٣٥٨) حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لەبارەی سەرهەڵدانی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک، وەزیری تەندروستی عێراق ڕایگەیاند: لە سەرەتای ساڵەوە چوار هەزار و ٣٥٨ حاڵەتی نەخۆشی سەحایا کە نەخۆشی هەوکردنى پەردەى مێشکە تۆمارکراوە و تەنیا لە واست ١٥ کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، بۆ بەدواداچوونی ئەو نەخۆشییە، عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی عێراق چووەتە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە عەلی زەیدی ڕاگەیاندووە، لە ئەمساڵدا تاوەکو ئێستا چوار هەزار و ٣٥٨ حاڵەتی نەخۆشی هەرکردنی پەردەی مێشک تۆمارکراوە.
هەروەها، وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئاشکرایکرد، بەهۆی نەخۆشییەکەوە لە واست ١٥ حاڵەتی مردن تۆمارکراوە و بەدواداچوون دەکەن بۆ نەخۆشییەکە و فەرمانیان کردووە بە گەڕانی مەیدانی لیژنەکانیان لە پارێزگای واست، بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندی زیاتری نەخۆشییەکە.