داوا لە سەرکردایەتی سیاسی دەکەم بێ قەیدوشەرت بەهەموو مەرجێکی بەغدا ڕازیبن
7/17/2025 2:05:00 PM
توانا عوسمان
بەڵام دوو دەرس وەربگرن:
یەکەم: دەبێت ئاشتبونەوەی ناوخۆیی ڕابگەیەنن و لەگرنگی فاکتەری ناوخۆیی تێبگەن، میللەت و هێز و گروپەکانی ناوەوەی خۆتت لەگەڵ نەبێت ناتوانیت هیچ شەڕێک بەریتەوە.
ئەوەی ئێستا دەرئەنجامی یەکترنەخوێندنەوەو ناعەدالەتی ناوخۆییە، پشتوانی بەرەی ناوخۆ مەرجی مانەوەو بەهێزی هەموو سیستەمێکە.
ئەمەریکا بەعەزەمەتی خۆیەوە شەڕی ڤێتنامی دۆڕاند و ڕایکرد لەبەر ئەوەی پشتیوانی جادەی لەئەمەریکادا لەگەڵ نەمابوو، لەو ڕۆژەوە هەر شەڕێک بکا یان بەکورتی دەیکات یان پشتیوانی پێشوەختی جادەی بۆ وەرئەگرێت.
دووەم: بەغدا دژی پێشکەوتنی هەرێمە، دژی اعمار و ئاسایش و کەشخەیی شارەکانی هەرێمە، حەز ئەکات گەندەڵی لەهەرێم تەنها لەسەرەوەدا قەتیس نەخوا بەڵکو وەک خۆیان شۆڕبێتەوە بۆ هەموو جومگەو فەرمانگە و فەرمانبەرێک، گەڕیی بییات لەشۆستەو سەیارە و بەر دوکانەکانەکان و خەڵک بەتراکسودی دوو ڕەنگەوە بێتە دەرێ.
بۆیە دەبێت هەرێم لەناوەوە لەسەر بنەمای ڕوئیایەکی نیشتمانی سەرقاڵی پەیداکردنی ئابوری نانەوتی خۆی بێت و کاربکات لەسەر پلانی درێژمەودای ئابوری بازاڕی ئازاد، بزنسی بچوک، گەشتوگوزرا، کەرتی بانک و خزمەتگوزاری و پیشەیی.
ئەمە نەکەن، ئەزمونی سۆماڵی ساڵانی نەوەکان بەجۆرێکی تر لە هەرێمی کوردستان دووبارەئەبێتەوە.