بۆ قوربانی مەدەنی لەشەڕی ئیسرائیل و حەماسدا گرنگ نیە؟
10/20/2023 12:23:00 PM
توانا عوسمان
دیقەت بدەن لەشەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، جینۆسایدی میللەت نابینین، راستە وەک هەر شەڕێکی تر، خەڵکی مەدەنی ئەبێت بەقوربانی، بەڵام کوشتاری مەدەنی بەئەنقەست رونادات، چونکە ئۆکرانیا و روسیا یەک ئاین و یەک کلتورە.
بەڵام لەشەڕی حەماس و ئیسرائیلدا منداڵی ناوبێشکە ئامانجە و هیچ لایەکیان دەستناپارێزن، چونکە جیاوازی ئاینی و کلتوریەکە ئەوەندە گەورەیە، جێگەی بەشەیتانکردنی یەکتری تیائەبێتەوە.
بۆ نمونە لەشەڕی ناوخۆی خۆماندا لە ساڵانی ناوەکان، کەیەکێتی لە سلێمانی ئەشکا، شاری چۆڵئەکرد و شەڕ نەئەهاتە ناو شار، لەهەولێر کەپارتی ئەشکا چۆڵی ئەکرد و شەڕ نەئەکەوتە ناوشار، شەڕی ناوخۆی کورد لەشاخ و دۆڵ و گرد بوو، بۆ؟ چونکە شەڕی دوو گروپی سیاسی بوو کەبەشێک بوون لەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاینی نەتەوەیی.
شەڕی سیاسی و دەستەڵاتخوازی هەرکاتێک تێکەڵ بکرێ بەشوناسی ئاینی و تایەفی و نەتەوەیی، دەرەجەی دڵڕەقیەکەی بەرزئەبێتەوە، چونکە هەردوولا مەکینەی ئایدۆلۆژی ئەخەنە گەڕ بۆ بەشەیتانکردنی یەکتر، بەوەش میللەت و خەڵکی مەدەنی تێوەئەگلێت.