تا جەنگەکە گەورەنەبێت، ئێران دۆڕاوە
6/15/2025 2:02:00 PM
هونەر تۆفیق
جەنگ، جگە لەزیانی بۆردمانەکان، تێچوو و توانای بەرهەمهێنانی پێویستیەکانی ئەنجامەکەی دیاری دەکات.
دووری نێوان ئیسرائیل و ئێران زیاتر لە ١٢٠٠ کلم دەبێت . ئەو دووریە بۆ هەردوولا نرخێکی زۆری دەوێت.
پێشتر ئێران لەڕێگای حیزبوڵا و سوریاوە، ئەو نێوەندەی نزیک کردبوویەوە بۆ چەند کیلۆمەترێک ، بەڵام بەهۆی شکستی ئەو دوو هاوپەیمانەوە ، ئێستا دووری هەردوو تەرەف بەقەد یەکترە.
تێچووی هەر رەکێتێکی هایپەر سۆنیک لەنێوان ١٥ /١٨ ملیۆن دۆلاردایە ، واتە ئێران یان ئیسرائیل لەهەر گوژمەیەکی ١٠٠ ڕەکێتیدا زیاتر لەیەک ملیارد دۆلار بەیەکتردا دەتەقیننەوە.
ئەگەر بۆردمانەکانی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی ڕەکێتەکانی نەبووبێت، ئێران لە توانایدایە مانگانە ٥٠ رەکێت بەرهەمبهێنێت، کە لە ئێستادا تەنیا خاوەنی ٢٠٠٠ ی ئامادەیە ، کەئەگەر بەهەمان ڕێژەی ڕۆژی ١٠٠ دانەدا لە ئێسرائیلدا سەرفیان بکات ، واتە بەشی ٢٠ ڕۆژی تر پاشەکەوتی هەیە.
دەشێت ئەمە بۆ ئیسرائیلیش هەروەها بێت . بەڵام پشتیوانیەکانی خۆرئاوا بۆ ئیسرائیل ڕەنگە نەهێڵن گەنجینەکەیان خاڵی بێتەوە . ئەگەر ئێرانیش لە سەرفی پاشەکەوتی ڕەکەێتەکانی کەمبکاتەوە، دەکاتە واڵاکردنی وڵاتەکە بۆ ئیسرائیلیەکان بۆیان وێران بکەن.
لەو جۆرە بەردەوامیەشدا هەر دۆڕاوە، کەواتە پەنا بۆ پلانە دێرینەکەی دەباتەوە کە نزیک کردنەوەی جەنگەکەیە لەسنووری ئەو چەکانەی تێچوو و بەرهەمهێنانەکەی کەمتر و خێراترە ئەوەش بەفراوانکردنی جەنگەکە دەهێنێتەدی کە بەشداری پێکردنە ئەمریکایە لە جەنگەکەدا.
بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە کەنداو و عێراقدا لەمەودای درۆن و تۆپەکانی ئێراندان . هێرشی ئێران بۆسەر ئەو بنکانە ، گەرچی جەنگەکە فراوان دەکات و ئەمریکا ناچار دەکات ڕاستەوخۆ وەڵامی ئێران بداتەوە ، بەڵام جگە لە تێچوو و نزیکردنەوەکە بۆ ئێران ، هەوڵێکیشە بۆ تێوەگلانی چین و ڕوسیا لەجەنگەکە و گەورەکردنی بۆ زیاتر لە ئیسرائیل و ئێران.