پارتی کۆنڤێرتەر
4/4/2023 8:23:00 PM
هونەر تۆفیق
پارتی ئیمکانیەتێکی
سەرسوڕهێنەری هەیە لە گۆڕینی شکست بۆ هەستی بردنەوە لەناوخۆی و نیشاندانی بەوانی
تر کەئەو هێزێکی براوەیە . ئەو پرۆگرامی کۆنڤێرتەرەی کە لە بونیادی حیزبەکەدا هەیە
هەمیشە توانای ئیدارەدانی ناکۆکیەکانی پێدەبەخشێت لە شکستەکانیشەوە سوودی مانەوە وەردەگرێت .
وەک دەڵێن ئەرکی
سەرکردە ئەوەیە زۆر ڕێگاناس بێت و لەگەڵیشیدا ڕێگانیشاندەر ( ڕێبەر) بێت . ئەگەر
سەیری سی ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێم بکەین کە پارتی سەرکردایەتی کردووە ، نە
ڕێگاناس بووە و نەڕێگای نیشانی خەڵکداوە . بۆیە هەموو بڕیارەکانی ئەو سەرکردایەتیە
بە شکست کۆتایی هاتووە . کەچی زۆر لێهاتووانە ئەو شکستانە کۆنڤێرت دەکاتەوە بۆ
سەرکەوتن و لەقازانجی خۆی بەرهەمیدەهێنێتەوە . لەنمونەی شکستی ئابووری سەربەخۆ و
پرسی نەوت و غازی هەرێم کە نزیکەی دەساڵە موچە و قوتی ژیانی خەڵکی هەرێم لە
قەیراندایە و باجەکەی دەدەن ، لەپێناو گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا .
هەر لەو سەرەتایەوە کە
دەگوترا ، تکایە مەیشێوێنن ئەنجامەکەی بە دۆڕاندن کۆتایی دێت ! کەچی مەکینەی
تەخوین دەکەوتەکار و دەیانگوت ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆی لێوە دروستدەکەیت . سەرئەنجام
گەڕانەوە سەر ئەو بۆچوونەی کە نەدەبوو دەساڵ پێشتر تێکیان بدایە . خۆشیان وەک
سەرکەوتوو و براوە کۆنڤێرت دەکەنەوە ، بەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر هەبوو و ئێستا
دووبارە پەسەندیان کردەوە سەبارەت بە نەوتی هەرێم . نە ئێستا و نەداهاتووش داوای
لێبووردن لەو دەساڵی قوربانیە ناکرێت کە خەڵکی هەرێم لە پێناو شکستی سیاسەتی نەوتی
ئەواندا داویەتی . دەبێت هەمووان بڕوا بەو ڕێککەوتنە بکرێت کە بەقازانجی خۆیان
کۆنڤێرت کراوەتەوە .
گەڕانەوە بۆ خاڵی
سەرەتای ڕێککەوتنەکە وەک لە پرۆژەیاساکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە پشکی
٪١٢ ی بۆ هەرێم تەرخانکردووە کە دەکاتە بڕی مانگانەی زیاتر لە یەک ملیارد و دووسەد
ملیۆن دۆلار بەشە بودجەی هەرێم . جگەلەوەی لەداهاتی ناوخۆشدا نزیکەی دووسەد ملیۆنی
مانگانەیان بۆ دەمێنێتەوە بەکۆی گشتی ئەو نەوت و غازەی ژێر دەستەڵاتی بەغداش لە
کەرکوکەوە بەبۆریە کوردیەکەدا هەناردە دەکرێت نزیک دەبێتەوە لە یەک ملیارد و نیو
دۆلار . هەشت سەد ملیۆنی بۆ بودجەی تەشغیلی و موچە لێدەربکرێت و دوو سەد ملیۆنیشی
بۆ پێدانەوەی قەرزەکان ، هێشتاکە نزیکەی نیوملیارد دۆلار دەمێنێتەوە بۆ پرۆژە و
وەبەرهێنان لە هەرێمدا . واتە دۆخی ئابووری هەرێم سەرلەنوێ دەبوژێتەوە ئەگەر
بەدروستی بەکاربهێنرێت و خەڵک بتوانێت داکۆکی لەبەشەبودجەکەی خۆی بکات .
ئەمە بۆ حکومەت و کەسی
سەرۆکەکەی ( مەسرور بارزانی ) دەستکەوتێکە خاڵە لاوازەکانی پێ بەهێزدەکاتەوە ،
کارتی فشاری نەیارەکانی پێ پەکدەخات چونکە :
یەکەم : یەکێتی کە
بایکۆتی دانیشتنەکانی حکومەتی کردووە ، تەنیا کارتێک کەبەدەستیەوەبوو ، لەدژی
پارتی بەکاریبهێنێت ڕێککەوتنی یەکلایەنەبوو لەسەر نەوت و غاز لەگەڵ بەغدادا ، بەم
ڕێکەوتنەی مەسرور بارزانی چانسی ڕێککەوتنی تاکلایەنەی بەدەستەوەنەما . دەبێت
چاوەڕوانی حکومەتەکەی پارتی - مەسروربێت لە هەولێرەوە ( مەرکەزی) بەشە بودجەی
دەڤەری سەوزبنێرێت .
دووەم : مەسرور بارزانی
لەوەتەی حکومەتەکەی پێکهێناوە وەزیرێکی تایبەتی بۆ وەزارەتەکە نەدۆزیووەتەوە .
چونکە مەلەفی نەوت کە پێشتر بەدەست نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغانەوە بوو ، ئەم
کابینەیە نەیتوانی سەری لەبەردەربکات . بەو ڕێکەوتنە و بڕیاری دادگای پاریس ،
نەوتیان لەژێر دەستی نێچیرڤان و ئەردۆغاندا هێنایە دەرەوە . کەوتنە ژێر دەستی
خۆیان .
سێهەم : حکومەتەکەی
ئیتاری تەنسیقی پێویستی بە سەلماندنی خۆی هەبوو کە ئەزموونی ئەمجارەی لە ئەزموونە
فاشیلەکانی پێشتر ناکات . هەر بۆیە بودجەکەشی بۆ سێ ساڵ پێشنیارکردووە . تاوەکو
دەستکراوەبێت لە سەلماندنی خۆیدا . ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ هەولێردا هێندەی تر
سیاسەتی حکوتەکەیان بەهێزتر دەکات کە هیچ نەبێت لەو سێ ساڵەدا بەبێ کێشەی ناوخۆیی
عێراق تێپەڕێنن .