وێنەیەک لەپشت تورکیاوە !!
8/14/2021 10:53:00 AM
هونەر تۆفیق
بەرزترین ئاستی پەیوەندی هەرێمی کوردستان بە ئەنقەرەوە لەسەردەمی حکومەتەکەی نێچیرڤان بازرانیدایە . تەنانەت پەیوەندی شەخسی نێوان ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی نزیکە لە هاوڕێیەتی . بەڵام لەم دوا سەردانەی بارزانیدا بۆ تاران وێنەیەکی نیشاندا کە پشتی لە تورکیایە و ڕووی لە ئێرانە !
پێشوازی و باوەشکردنەوەی تارانیش بۆ بارزانی ئەمجارەیان جیاوازترە لە پەیوەندی ناجێگیری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی ئێران . تاران وەک سەرۆکی دەوڵەتێک پێشوازی لە نێچیرڤان کرد . دەوڵەتێک ئەگەر وەک خۆیان دەڵێن لە پرۆتۆکۆلدا هەڵە لە دانانی ئاڵاکەیدا هەبووە بەڵام لە دانانی سەرۆکەکەیدا دیارنیە کە هەڵە ڕوویدابێت ، ئەویش سەرۆک کۆماری دەوڵەتی عێراقە .
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی جۆرێک بوو لە وەرگرتنی موبارەکەی تاران بۆ سەرۆکی داهاتووی عێراق . ئێرانیش نیشانی عێراقیەکان و خودی بارزانی دا ئەگەر وێنەیەکمان لە پشتی تورکیاوە نیشان بدەیت ، لاریمان نیە لە قبوڵکردنت وەک سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق . هەردوولا نیەتپاکی خۆیان بۆ یەکتر نیشاندا . ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراقە بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە پەنهانە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە .